(فەرەیدون جوانڕۆیی) بە رووداوی ئۆتۆمبیل گیانی لەدەست نەدا، بەڵکو تیرۆر کرا

Monday, 31/08/2015, 1:33

39436 بینراوە


رۆژی سێ شەممەی هەفتەی رابردوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فەرەیدون جوانڕۆیی) لە رووداوێکی گومانلێکراودا  گیان لە دەست دەدات  و راگەیاندنەکانی سەر بە پارتییش بەم شێوەیە باس لە رووداوەکە دەکەن:
١) شەوی سێ شەممە، كاتژمێر 12:30 خولەك، لە كاتی گەڕانەوەیدا، فەرەیدون جوانڕۆیی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری میحوەری حازر، لەسەر رێگەی خەبات - هەولێر، بە رووداوی هاتوچۆ كە ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی دیكەی سەربازی میحوەری مەخموور بەیەكیاندا كێشا، خۆی و شوفێرەكەی گیانیان لەدەستدا، 5 پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون. لەسەر راسپاردەی خانەوادەكەی، سەر لە بەیانی دوێنێ لە پیرمام لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و سکرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و جەماوەرێكی بەرچاو، تەرمەكەی بەخاك سپێردرا.
٢) دەزگای باسنیوز کە سەر بەدەزگای پاراستنە ئەویش بەم شێوەیە هەواڵەکە بڵاوکردەوە:
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە بە باسنیوز دراون، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە رووداوێکی هاتووچۆ لە میحوەری حازر گیانی لە دەست داوە. رووداوەکەش لە نزیک قەزای خەباتی نزیک شاری هەولێر بووە. فەرەیدون جوانرۆیی ماوەی ساڵێکە کراوەتە بەرپرسی میحوەری حازر. بەپێی زانیرییەکانی باسنیوز لە کاتی گەڕانەوەی تەقە لە ئۆتۆمبیلەکانی ناوبراو کراوە گیانی لەدەست داوە.
٣) هەر ئەو شەوە کەناڵی رووداویش دەچێتە شوێنی رووداوەکە، وا باسی دەکات کە هەردوو ئۆتۆمبیلەکە بە یەک ئاڕاستە رۆیشتوون واتە بەرەو رووی یەکتر نەهاتوون، دوای ئەوە قسەی یەکێک لە ئەفسەرەکان وەردەگرێت و دەڵێت: گوێیان لە تەقە بووە، وەکو لەو ڤیدیۆیەی سەرەوەدا دەیبینن. (تەماشا و گوی لەو ڤیدیۆیەی سەرەوە بگرە)

پەیامنێرمان لە کوردستانەوە بەم شیوەیە کۆی هەواڵەکان شی دەکاتەوە، جگە لەوە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نێو مەکتەبی سیاسیی و هەندێک لایەنی تر، ئەمەی خوارەوەی بۆ نووسیوین:
بە پێی راگەیاندنەکانی پارتیی، بەتایبەت ئەو سێ هەوالەی سەرەوە، گومانی تەواو لەسەر رووداوەکە دروست بووە  لێرەدا بە پیویستمانزانی هەواڵەکە بەم شێویەی خوارەوە راست بکەینەوە و خاڵی تەواو بخەینە سەر راستی رووداوەکە:
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستانپۆست کەوتووە، فەرەیدون جوانرۆیی کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو، لەهەمان کاتدا وەک دەگوترێت یەکێک بووە لەو لینکانەی پارتیی لەگەڵ ئێراندا پەیوەندیی هەبووە، سەرچاوەیەک لە نێو مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت فەرەیدون جوانڕۆیی پەیوەندیی بە ئێرانیشەوە هەبووە و زانیاریی و راوبۆچوونی لەگەڵیاندا گۆڕیوەتەوە، لەو ماوەیەدا  لەسەر مەسەلەی دانانەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و گفتوگۆ و سازانی نێوان لایەنەکان، ئەو پێی وابووە، کە پارتی پێویستە نەرمتر بێت تا رەوشەکە بەرەو ئەوە نەچێت  دوو ئیدارەیی دروست ببێتەوە، هەروەها پێشتریش چەند رایەکی جیاوازی هەبووە لەسەر میحوەری شەڕەکان لە دژی داعش، تەنانەت وتوویەتی پارتیی کەمترخەمی دەکات نایەوێت شەنگال لە دەست داعش بسەندرێتەوە، ئێمە وەکو دۆستی داعش ناسراوین، پێویستە جەنابی سەرۆک بە راستیی شەڕی داعش بکات. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی بڕیار و پلانی لەناوبردنی بۆ دابنرێت. 
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەو شەوە ئۆتۆمبیلەکەی فەرەیدون جوانڕۆیی و ئۆتۆمبیلی دووهەم کە حیمایەی بووە بە دوایەوە دەڕوات. ژێر کوشنەکەی فەرەیدوندا بۆمبی چێنراوی موگناتیسی دانراوە لە شوێنی رووداوەکە دەتەقێتەوە، سەیری ئۆتۆمبیلەکە بکەن راستی تەقینەوەی بۆمبەکە دەردەکەوێت، کە ئەمە نیشانەی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبیل نییە.  نیشانەی ئەوە نییە کە ئۆتۆمبیلەکە سوتابێت، چونکە شوێنی تانکی بەنزینەکەش ئەوە دەسەلمێنێت، تەنانەت تەقینەوەکە لەوێشەوە نەبووە.
لە کاتی تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبیلی (حمایة)کەی کە لە دوایەوە دەڕوات، خۆی بە ئۆتۆمبیلەکەی فەرەیدوندا دەکێشێت، جێنشینەکانیان بریندار دەبن، وەکو سەرچاوەکە دەیگێڕێتەوە، لە دوای ئەمانەوە سەیارەیەکی دیکە کە ویستوویەتی چاودێری رووداوەکە بکات دوایان کەوتووە، وا بڕیار بووە هەموویان لەناو بەرن، تا کەس فریای ئەوە نەکەوێت لە دواییدا رووداوەکە بگێڕێتەوە، بۆیە تەقە لە چەند کەسێکیان کراوە و ئەوانیشیان لەناو بردووە، وەک دەگێڕنەوە گوایە پێنج کەس بریندارە، ئەمە راست نییە، چونکە تەقەشیان لێکراوە، تەنیا (شەماڵ حەبیب مەحمود) نەبێت کە پێیان وا بووە، ئەویش تیاچووە، بۆیە کاتێک ئەو شوێنە بە پەلە جێ دەهێڵن ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنی خەستەخانە و پۆلیس ئامادەدەبێت، ئەمان زوو ئەو شوێنە جێ دەهێڵن، شەماڵ حەبیب بۆ خەستەخانە دەبرێت، ئەویش هەر ئەو شەوە داوا لە دکتۆرەکە دەکات لە خەستەخانە بچێتە دەرێ و دەڵێت تەندروستییم باشە، دەگەڕێتەوە بۆ ناو کەسوکاری خۆی و لەوێ  جێگای بۆ رادەخەن، بە دواییدا پاراستن بەمە دەزانێت، هێزێکی تایبەت دەنێرێت و بەبیانوی چارەسەرکردنی لای دکتۆری تایبەت لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، ئیستا چارەنووسی شەماڵ حەبیب نادیارە.
پەیامنێرمان دەڵێت: تیرۆرکردنی فەرەیدون جوانڕۆیی، تاکە کەسێکی نێو پارتیی نییە کە ببێتە جێگای گومان، پارتیی تا ئیستا چەند ئەندامێکی خۆی بە رووداوی دەرمانخواردن و کارەساتی دیکە لە ناوی بردوون، پێش دوو ساڵ فەلەکەدین کاکەیی لەسەر ئەوەی پێشنیارێکی خستبووە بەردەم مەسعود بارزانی و گفتوگۆیەکی توندی لەگەڵدا کردبوو بۆیە مەسعود بڕیاری کوشتنی بۆ دەرکرد، پاش دوو رۆژ فەلەکەدین کاکەیی لەناو برا، کچەکەی فەلەکەدین کە مێردی بە بارزانییەک کردبوو، لە لیدوانێکدا وتبووی باوکم تیرۆرکراوە، بۆیە داوا لە مێردەکەی کرا، کچەکەی فەلەکەدین تەلاق بدات ، ئەویش چەند رۆژێک لە ماڵەوە زیندانی کردبوو، پێی وتبوو دەبێت بڵێیت من درۆم کردووە و ئاگام لە خۆم نەبووە ئەو قسانەم کردووە، دوای ئەوەش  ژنەکەی تەلاق دابوو. جەوهەر نامیقیش هەر وەک کوردستانپۆست بە دوور و درێژی لەسەر دەرمانخواردنەکەی قسەی کرد، ئەویش هەر لەلایەن بارزانییەوە بڕیاری لەناوبردنی بۆ دەرچووبوو، جەرجیس فەتحوڵا و چەندین کەسی تر، هەموو ئەمانە لەلایەن پاراستن و بنەمالەی بارزانییەوە لەناو براون،  ئەوەی جێگای پرسیارە وەکو پەیامنێرەکەمان دەڵێت: لە هەر رووداوێکی سیاسیی نێو پارتیی، کە پێی دەگوترێت وەرزی نەمانی ئەندامی پارتیی، دەبێت ئەندامێکی پارتیی  بکوژرێت، ئایا ئەمە جێگای پرسیار نییە، کە بۆچی لە ناو پرتییدا ئاوا  دەقەومێت، ئەگەر مەسەلە تیرۆری سیاسیی نەبێت، کە بەو رووداوانە پەردەپۆشی دەکەن!؟
 

 هەواڵەکەی لڤینیش بخوێنەرەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە