بۆچی پارتی سورە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە؟

Tuesday, 01/09/2015, 19:49

3215 بینراوە


لەدانوستانەكانی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا پارتی هیچ سازشیك ناكات بۆ ئەوەی كێشەكە كۆتایی پێبێت، ئەو ئێستاش وا زەن دەكات هەر ئەنجامێك بە دڵی خۆی و بە قسەی ئەو نەبێت ئاكامەكەی خەراپ ئەكەوێتە سەر هەیبەتو شانو شەوكەتی سەرۆكەكەیانەوە، كاڵفامەسیاسیەكانی ناو سەركردایەتی پارتی هەر ئەوەندە لەسیاسەت كە سەرۆكیان زاتیكی موقەدس یاخود كوێخای گەورە بێت نەوەك كەسایەتیەكی سیاسی،لە سیاسەتیشدا سازشكردن لەكاتی دانوستاندا كارێكی زۆر ئاساییە، چونكە خودی چەمكی دانوستان،تەعبیرە لەدان و ستاندن، ئەمەش بەرێكەوتنی دولایەنە ئەبێت نەوەك ئەو سازانەی كەپارتی ئیستا هێناویەتیە نێو ململانێی سیاسیەكەی كوردستانەوە كاتێك بەچوار لایەنی سیاسی نەیاری خۆی بڵێ  ئێوە لەبەینی خۆتان بسازین چۆن رێگایەك ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی سەرۆكمان مەسعود بارزانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە  جا ئەم سازانەش لەدەرەوەی یاساشدا بێت..
دوای ئەوەی هەڵوێستی چوار حزبەكە و پرۆژەكەیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی وكەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بارزانی و لێدوانی هەندێ سەركردەی هاوپەیمانەكانیشی بەوەی كەوا مەسعود بارزانی كۆتایی هات،پارتی توشى شۆكێكی كەمەرشكێن بو، چونكە لەقاموسی پارتیدا شتێك نیە بەبارزانی بڵێ برۆ ماڵەوە  دانیشە، زۆرجاریش ئەیانوت كەوا نزیكبونەوە لەكورسیەكەی بارزانی هێلی سورە، بەڵام ئەوان دیسان لە كاڵفامیانەوە واتێگەشتون كەوا بارزانی ئەگەر لای ئەوان جێگری خواش بێت، لای خەڵكانیتر سەرۆكی حزبێكەو زۆربەی خەڵكی كوردستانیش بەخائینو كوردكوژیشی ئەزانن، بەمەش نەك هەر زاتێكی موقەدەس نیە بەڵكو ئەبێ بدرێتە دادگاو سزاش بدرێت.
بۆ دەربازبون  بەروو سوریەوە لەم قەیرانەدا، بۆ ئەوەی تۆزێك لەئیعتباریش بۆ سەرۆكە ماوەبەسەرچوەكەیان بگەرێتەوە،ئێستا هاتونەتە سەر ژەنینی بەیتو بالۆرەی هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە. هەڵبەت ئەمەش ئەسبابی زۆری هەیە لێرەدا بەشێكیان ئەخەمە رو:
یەكەم: پارتی هەروەكو پیشەی هەمو جارێكی لەهەڵبژاردنەكاندا بێگومان هەوڵی تەزویرو تەزویركاری ئەدات،ئیستا دڵی بەوە خۆشە كەوا زیاتر لەملیۆنێك عەرەبی ئاوارە لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆیدان ، وا زەن دەكات ئەتوانی ناسنامەیان بۆ دەربكات و لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداریان پێبكات.. مەبەستی پارتی لەمكارەدا ئەوەیە كەوا لە نەیارەكانی بگەیەنێت كەوا مەسعود بارزانی شەعبیەتێكی زۆری لەناو جەماوەردا هەیە بەڵام  ئێوە غەدرتان لێكرد كە ئەم بەزمەتان بۆ نایەوە ئەوەتا بەزۆرینەی دەنگی جەماوەر بردیەوەو ئیدی ئێوە هیچ رۆڵێكی كاریگەرتان نەما، چونكە بارزانی بەدەنگی میللەت زۆرینەی هێناو ئێوەش برۆن بۆ لای ئاغاكانتان  لە بەغداو لەتاران.
دوەم: پارتی زۆر باش ئەزانێت ئەگەر مەسەلەی دەنگدان لەسەر پۆستی بارزانی بە هەڵبژاردن بێت یا بەدریژكردنەوە لەناو پەرلەماندا هیچ دور نیە موفاجەئە رووبدات. ئیستا بەواقیعی وای لێهاتوە هەمو حزبەكانی پەرلەمان بە تایبەتیش چو ار حزبەسەرەكیەكە متمانەیان بە فراكسیۆنەكانیان بەخشیوە لەو مەسەلەیەدا، تەنانەت هەندێ فراكسیون ئێستا وای لێهاتوە بەقسەی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی حزبەكەشی ناكاتو پەرلەمانتاری وا ئازاو دلێر هاتۆتە مەیدان كە ململانی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی حزبەكەشی ئەكات و بەئاسانی وەكو كۆیلەكانی پارتی ئامادە نیە ملكەچی بریارە هەڵەكانی حزبەكەی بیت، ئەگەر سەیریش بكەین زۆربەی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی دژی بارزانی وپارتین لەناو پەرلەماندا زۆربەیان گەنجن و بەتەبیعەت لەگەل سەركردە كلاسیكیەكاندا ناسازین، بۆیە هیچ دور نیە مەسعود بارزانی لەدو دەنگدانی لەسەر یەكیشدا شكست بێنێت و نەتوانێ زۆرینەی پێویست بەدەست بهێنێت، بۆیە پارتیەكان ناوێرن ونایانەوێ ئەم موجازەفەیە لەناو پەرلەماندا بكەنو سەرۆكەكەیان لەوە زیاتر ریسوا بێت، بۆیە ئەیانەوێ لەدەرەوەی پەرلەماندا كە مەجالی تەزویریان زیاترە شكستی دە ساڵەی  سەرۆكەكەیان پەردەپۆش بكەن.
لەكۆتاییدا من پێموایە لەهەردو حاڵەتی هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمان یاخود لەدەرەوەشدا پێویستە ئەو چوار حزبە یا كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت، یا هەر یەكەو كاندنیدێكی خۆی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی چونكە هەر نەبێ بەشێك لەدەنگی جەماوەر لەمەسعود بارزانی كەم دەكەنەوە ئەگەر نەشیبەنەوە، ئەوساش هەر هیچ نەبێ  هەندێ لەشانو شەوكەتی ئەم دیكتاتۆرە  كەمئەكرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە