دانیشتنی پێنج لایەنی سیاسی لە سی و یەکی ئابی دووهەزار و پانزەدا

Wednesday, 02/09/2015, 18:20

2785 بینراوە


مێژوو جارێکیتر دووبارە دەبێتەوە 
دەگێڕنەوە لە سەردەمەکانێکی زوودا لە کوردوستان، کاتێک خەڵک زۆر هەژار بوو و بە کشتوکاڵ و حەیواندارییەوە خەریکبوون، لەو کوێستانە سەختەی وڵاتدا ڕانە مەڕی کێوی هەبووە و خەریکی لەوڕ بوون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زاوزێیان دەکرد و لە زیادبووندا بوون، بەڵام ئەم گوزەرانەیان تاسەر نەبوو و لە سەرمای زستانێکی سەختدا گەلە گورگیان لێ پەیدا دەبێ و ژیانیان لێ تاڵ دەکات. 
ئیتر وای لێ دێ هەرجارەی کە گەلە گورگ لێیان دەدا، بە دەیانیان لێ دەخات، بۆیە ناچار دەبن بیر لە ڕێگە چارەیەک بکەنەوە بۆ دەربازبوون لەو نەهامەتییەی تێیکەوتوون و دەست دەکەن بە پێکهێنانی سوپایەک لەو مەڕە کێویانی کە خاوەنی شاخن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان. 
کاتێک کە گەلە گورگ هێرش دەکاتە سەریان ئەمانیش بەو سوپایەی کە پێکیان هێناوە بەرەنگاریان ببنەوە و لە شەڕێکی ئازایاندا بە دەیان گورگ بریندار دەکەن و وایان لێ دەکەن ئەو ناوچەیە بەچێبهێڵن و ڕابکەن. 
دوای جەندین جار لە ئەم بەرەنگاربوونەوانە بە تەواوەتی ورەی گورگەکان دەڕووخێنێنن و سەرکردەی گورگەکان تووشی سەرسووڕمان دەکەن و دەیان ترسێنن..! 
گەلە گوورگەکان زانیان بەم شێوەیە دەرەقتیان نایەن و لە مەیدانی شەڕدا دوڕاون و بۆئەوەی ڕانە مەڕە کێویەکانیان لە دەست دەرنەچێ، بیریان لە پیلانی نامەردانە کردەوە و داوای ڕێکەوتنیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ڕانە مەڕەکاندا ڕێکەوتن و پەیماننامەی ئاشتیان واژووکرد. 
بەپێی ئەو بەڵێنامەیەی کە لە مابینی هەردوولادا واژووکرابوو، پاسەوانەکانیان دەیان توانی بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی دووژمن هاتووچووی  ناوچەکانی یەکتری بکەن و ئاگاداری باروودۆخیان بن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە هێرشی بەرانبەر ئاگادارببن، پاسەوانی مەڕەکان کاتێ دەچوون بۆ ئەو دەڤەرەی گورگەکانی لێبوون، دەکەوتنە بەر هێرشی نامردانەی گورگەکان و لەناودەبران و بە پێجەوانەوە پاسەوانی گورگەکانیش کە دەهاتن بۆ ناوچەی مەڕە کێویەکان لە تاریکی شەودا بەبێ هیچ گرفتێک پەلاماری مەڕەکانیان دەدا و دەیانخواردن و بەوهۆیەوە ئەو سەرکەوتنەی کە مەڕە شاخدارەکان بەدەستیان هێنابوو لە مەیدانی شەڕدا لەبەر گەمژەیی سەرۆکی مەڕەکان لەکیسیان چوو و جارێکی دیکە نائوومێدی باڵی بەسەر ناوچەکەیاندا کێشاو و بەدەستی گەلەگورگەکانەوە ژیانیان کەوتە مەترسییەوە..! لێرەدا ئەم کورتە چیرۆکە دەوەستێنم بۆ ئێوە..!  
ئەم دانیشتنانی لەم دوایەدا لە نێوان پێنج لایەنی سەرکی پەڕلەمان و پارتیدا دەکرێن بە هەر شێوەیەک کۆتای پێ بهێنن بە قازانجی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە و هیچی لێ سەوزنابێت وەکوو ڕێکەوتنی سەرکردەی گورگەکان و سەرکردەی مەڕەکان وایە و بەهەمان شێوەی  ئیتفاقی ستراتیژی مایە پووچ دەبێ، چوونکە بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێ جەمسەری دەسەڵات بەردەوام بەدەست ماڵباتی ئەوانەوە بێت و خۆیان لە بەرزترین لووتکەی دەسەڵاتدا بن و دەوڵەتی پاشایەتی دامزرێنن. 
بۆیە هەر ڕێکەوتنێک بەدەر لە وازهێنانی مەسعود بارزانی و ڕادەستکردنی کورسی سەرۆکی هەرێم بۆ کەسێکی دیکە وەکوو ڕێکەوتنامەی سەرۆکی گورگ و مەڕە کێویەکان وایە. 
سیاسەتی ئەم بنەماڵە ناپاکە دژ بە ئاسایش و ئازادیەکانی نیشتیمانەکەمانە و  ئەگەر وەکوو جاری جاران بمێنێتەوە لە شەڕ و خوێن ڕشتن و فرۆشتنمان بە وڵاتانی دووژمن هیچ دەسکەوتێکی دیکەمان بۆ نابێت و بە عەقڵی بنەماڵەیی خۆیان لە تووندوتیژی بەولاوە و لە دواکەوتوویی و لەناوبردنی کەلتوور و زمانەکەمان هیچی دیکەمان بۆ بەرهەم ناهێنن..! 
بۆ ئەوەی پێش بەم ئازارە سیاسییە ناڕەوا و شۆڤنیزمی بنەماڵەییە بهێنین دەبێ دڵسۆزانە چارەسەرێکی سیاسییان بۆ بدۆزینەوە، تا لە دەردووپەتای بنەماڵەیی ڕزگارمان بێت..! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە