بۆ کەرکوکیەکان دەنگ نەدەن؟

Wednesday, 02/09/2015, 19:28

3118 بینراوە


لە دوای روخانی رژێمی بەعس و کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێراقدا، کەرکوک و کەرکوکیەکانیش لە ژێرچەپۆکی ئەو دێوەزمە ستەمکارە رزگاریان بو، بەڵام ئەو ھیوایەی ھەمیشە لە ناخیاندا دەگەشایەوە ھەرزو تروسەکەی نەماو خامۆش کرا، خەڵکی ئەو شارە لە لایەن دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتووەکانی کوردەوە نەک گرنگیان پێنەدرا بەڵکو لە زۆر مافی سەرەتایی خۆشیان بێبەشکران، ئەوە جگەلە نەھامەتیەکانی دوای ئازادبون کە ڕۆژانە کەردەوەی تیرۆرستی زیانی ماڵی و گیانی زۆری پێدەگەیاندن، ئاشکرایە چارەنوسی شارەکە درایەدەستی مادەی ١٤٠ی دەستوری ئێراق، دیسان خەڵک ھیواکانی لە سەرجێبەجێکردنی ئەو بڕگە دەستوریە ھەڵچنی، بەداخەوە ئەو ھیوایەش وشک ھەڵگەڕا و١٤٠ لە بێکەسیدا سەری نایەوە و کەسیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لە مەرگی پڕگە دەستوریەکەی دەکرا لە کۆتایی ٢٠٠٧ دا کۆتایی بە ھەرسی قۆناغی ئاسایی کردنەوە و سەرژمێری و ڕاپرسی نھێنرایە،
کەرکوکیەکان وک دەڵێن لە مزگەوت و لە کلێسەش بون،  بەرداشی ناکۆکی ھەولێر و بەغدا ئەوانیش ھاڕیوە و ھیچ لایەک بە فەرمی وەک حکومەتی ناوەند و ھەرێم خاوەنداریان لێناکەن، ھەردو لاش شەڕ لە سەر زێڕە ڕەشەکەی دەکەن و ھەرکەس خۆی باخاوەنی ڕستەقینەی دەزانێت، ئەوەی دەمەوەی ئاماژەی پێبکەم مژاری دەنگ دان و ھەڵبژاردنە، ھەڵبەتە ئاشکرایە خەڵکی کەرکوک مافی دەنگدان و ھەڵبژاردنی نیە بۆ دەست نیشانکردنی نوێنەری خۆی لە ھەرێمی کوردستاندا، تەنھا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق و لە چوارچێوەی ئێراقدا مافی دەنگدانی ھەیە بۆ ھەر ھەڵبژاردنێک،
جگەلەوەش ئەو کەسانەی ھەڵَگری پێناسی کەرکوکن و نیشەتەجێی شارەکانی ھەرێمی کوردستانن مافی دەنگدانیان بێنەدراوە لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمدا، ئەوەی سەرنجی راکێشان بۆ نوسینی ئەم بابەتە ھەواڵی کەناڵیکی تی ڤی بو لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی خستەڕو کە ئاوەرەکانی دەڤەری شەنگال و ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم گلەیی ئەوەیان ھەبو کە لە کاتی رایکردنی کارەکانیاندا بۆ دەرھێنانی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی ئێراقی لە شێخان وەک پێویست کاریان بۆ ناکرێت و ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە چاوەڕوانیدایە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٨٥٠ ھەزار کەسی ئەو دەڤەرانەی دەرەوەی ھەریم ئاوارە بون و لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون، 
ئەگەر ئەو ژمارە زۆرە ناسنامەی ھەرێمی بۆ بکرێت بێگومان ئاراستەی دەنگدان و ھەڵبژاردن بە قازانجی لایەنێکی دیاریکراودا دەگۆڕن، پرسارێک دێتە ئاراوە باشە بۆچی کەرکوکیەکان کەس خاوەنداریان لێ ناکات و ئەو مافەیان پێڕەوا نابینێت بەشداری لە دەنگدان و ڕاپرسیەکانی ھەرێمی کوردستاندابکەن؟ ئەگە بڕیارە کوردەکانی خەڵکی ناوچە لە بیر کراوەکانی دەرەوەی ھەرێم دەنگ بدەن ئەوە کەرکوکیەکانیش مافێکی ڕەوای خۆیانە بەشداری بکەن و نوێنەری خۆیان دەست نیشان بکەن، ئەگەر بڕیارەکەش سیاسیە و تایبەتە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە دوادا چونی بۆ بکات، ئەگەرھەربەو شێوەیەی ڕابردوش خەڵکی کەرکوک قەرامۆش دەکەن، ھیچ مافێکتان نیە دەس بۆ دڵۆپێک نەوتی ئەو شارە ببەن، لێگەڕێن کەرکوک بە خێرو شەڕیەوە بۆ کەرکوکیەکان بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە