سکاڵای مرۆڤێکی کورد

Thursday, 03/09/2015, 17:49

2702 بینراوە


من لە شەوی دەیجورا لە دایك بووم، بۆیە چاوەڕوانی هەڵاتنی نیگای ئاسۆ نیم، هەرگیز خەفەتباری تاریکی ئەم ژینە نابم ، هەر مرۆڤەو چارەنوسێکی هەیە لەوانەیە چارەنوسی من لە نێو ئەم میحنەتخانەیەدا کۆتایی بێت!
هیواکانم هێشتا لە خەودان، زۆر جار کە تەنهام لە دەرگایان دەدەم تا بێدار ببنەوە، بەڵام بێ وەڵامن، ڕەنگە لە سەرەتای تەمەنی مناڵیما شەهید کرابن، بۆیە کاتێك لە وێنەکانی ئەوسام دەڕوانم تاڤگەیەك لە فرێسك باڵا دەکا، ڕەگی خارێك بە سەر ڕۆحی مردویانەوە چرۆ دەکا.. چەندە سەرنج ئەدەم جگە لە تراجیدیای خەمێکی قوڵ هیچی تریان لێ ناخوێنمەوە.
گەر ژیانی من بکرێت بە فیلم لەوانەیە تەواوی دونیا تەماشای کەن..
لە خۆتان بپرسن مرۆڤێك هەموو ڕێگا سەختەکانی بڕیبێت، لە نێو هەموو ئاگرێكدا بوبێ بە سوتماك، چەندین جار بە مردویی شەپۆڵی دەریاکان فڕێیاندابێتە کەنار، تامی هەموو عەزابەکانی دونیای چەشتبێ، ئیتر کام ڕێگای تر ماوە تا بیگرێتە بەر.
من بە شانازیەوە دەیڵێم" خۆم بە قارەمانی وڵاتی غەم دەزانم، چونکە ناخم پڕیەتی لە برین و گیانم شەکەتی نێو جەنگەڵستانی وڵاتێکە لێوانلێو لە هەموو شت، لە دڕەندەیی لە پیاوی دز، لە مرۆڤی خائین، لەو زەروانەی سێ ژەمە خوێنی دەمژن.
ئەمڕۆ سیستەمی دادگەری جیهان زۆر بێدادی پیوە دیارە.
هەموو شتێك لای ئەوان ڕێگە پێدراوە.. تف کردن لە خودا، سەربڕینی دایك، خنکاندنی مناڵ، کوشتنی مرۆڤی دیل. بەڵام کاتێك مرۆڤێك هاوار دەکات ودەڵێ من کوردم و ئازادیم دەوێت، ئیتر یا دەیخەنە زیندان یا کفنێ دەکەن بە بەرداو هەر لەو شوێندا لە سێدارەی دەدەن کە هاواری تێدا دەکات.
من دەمێکە مردوم، بەڵام چۆن مردنێك؟
مردنێك کە کەس درکی پێنەکردوە خۆم نەبێت، وەك لاشەی شۆڕشگێڕێك لە نێو تابوتی دوژمندا کە کەس خاوەنی نەبێت، مردنێك چاوێك نیە فرمێسکی بۆ بڕێژێت، قەڵەمێك نیە تا خەمنامەیەکی بۆ بنوسێت. مردنێكی بێ پیناسە بێ چیرۆك بێ گڵکۆ...
مرۆڤ بە هەزاران ڕێگادا تێپەڕ دەکات بەرەو مەرگ.. هەیە لە جەنگا دەیپێکن، هەیە لە ئاودا دەخنکێ، هەیە بە تاعون، هەیە هەر لە دایك نابێت خودا بانگی دەکات وبەرەو لای خۆی پەلکێشی دەکات. 
من هەموو جۆرەکانی مەرگم بینیوە، خنکان لە دەریا ، تاعون، لە سێدارە دان،سوتان ، سەربڕین، مردن بەهۆی زیندانەوە، مردنی گوللە.
بۆەیە خۆم بە کاپتنی کەشتی گەلی مرۆڤەکان دەزانم بەرەو ئۆقیانوسی مەرگ.
بەڵێ لە نێو دادگاکانی ئەمڕۆی دونیادا حاکمەکان شەڕەفی خۆیان هەڕاج دەکەن، لەجێگای شکاندنی یاسا بێ بەهاکان، ڕۆحی یەکسانی لە سێدارە دەدەن..
منێك هەر لە زەمانی نێو سکی دایکمەوە وا خەون بە ئازادیەوە دەبینم، کە چی ئیستا لە زینداندام،لە نێو ولاتی زێڕیندا هاتمە دونیا کەچی هەموو پەیکەرەکانی ئەم وڵاتە لە خۆڵ دروستکراون و وا خەریکە لە برسا دەمرم، ئاخر کەی ئەمە ڕەوایە... لە پێش چاوما مرۆڤ هەیە بوکەڵەیەو ڕۆحی منی بۆ دەردێنن، کەی ڕەوایە گەورەی هەموو مرۆڤایەتی بیت، ڕیشت لە هەموان سپی تر، لە هەموان قارەمانتر ، لە هەموان داناتر، لە هەموان جوانتر، کە چی لە سەر روی ئەم زەمینە گەورەدا، هەموان خاوەن وڵات بن و تۆش ئاوارە بیت... کوانێ ئەو سیستەمەی پیی دەڵێن سیستەمی نەتەوە پاریزی جیهان ، کوانێ ئەوانەی وشەی مرۆڤایەتی بە کاردێنن.
(نەعلەت لە هەمویان.)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە