کوردێک، پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە!

Saturday, 05/09/2015, 15:48

6320 بینراوە


ئێمە، لە دنیادا لە هیچ شتێک پلەی یەکەمان بەدەست نەهێناوە، تەنیا لە وێنەی کارەساتەکانماندا نەبێت، هەموو جار لە میدیا جیهانییەکاندا پلەی یەکەم بەدەست دەهێنین!
رۆژ ...  مانگ ..... ساڵ نییە تێبپەڕببن، بەبێ ئەوەی وێنەی کارەساتی کوردێکی تیادا نەبێت، کە دونیایی هەژاندبێت  و پلەی یەکەمی  بەدەست هێنابێت!
وێنەی کۆمەڵکوژییەک، بۆردومانێکی کیمیاوی، زیندەبەچاڵکردنی بە کۆمەڵ،  ژنێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر، ژنێک ئەتکراوە، بە رووتی لاشەکەی فرێدراوە، ژنێک لە بازاردا دەفرۆشرێت، منداڵێک سەرىڕاوە،  گەنجێک هەڵدەواسرێت، برسییەک داوای نان دەکات، پیرێک لە کەلاوەیەکدا گیان دەدات، قوتابخانەیەک داڕماوە، مرۆڤێکی وێل فرمێسک لە چاویدا قەتیس ماوە،  لە وێنەی هەموو ئەوانەدا پلەی یەکمان بەدەست هێناوە!
وێنەی گوندێک، شارۆچکەیەک، شارێک وڵاتێکی وێرانکراو، ئەوا ئەویش دەردەکەوێت کوردستانە و پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.
وێنەی دزێکی زەبەلاح، بازرگانی خوێن و پارە، جاشێکی تورکیا، جاشێکی ئێران، نەوت فرۆشێک، کڕنۆش بەرێک بۆ گٶڕی خومەینی و ئەتاتورک، داعشێک،  جەلادێک، موهەرجێک، درۆزنێک، وڵات فرۆشێک، پول و پۆست پەرستێک، دەردەکەوێت هەموو ئەمانە وێنەی سەرکردەییەکی باشورە و پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە! 
کوردینە، ئەو مانگەشیان وێنەی "ئالیان"ی کۆرپەیە، کە لە نێو دەریادا خنکاوە! و پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە