باڵندە بێ باڵەكان مەفڕن (ئالان) لە چاوەڕوانیتانە بەجێی مەهێڵن!

Tuesday, 08/09/2015, 18:59

5500 بینراوە


دەخیلتانم مەڕۆن ...بەم شەوی دەیجوور و سامناكە كوڕە  بۆ كوێ دەڕۆن... مەڕۆن ...ئەزانم لێرە چراكان بێ هەناسەن  و گوڵەكانیش لە باوەشی تابلۆیەكی ڕەشی ئەم كەنارانە (ئالان) ئاسا  دەخەون! لێرە شەڕی پەڕۆك و سەرۆك بەدی دەكرێت نەك جلەكانی(ئالان ) وپەنجە ساردەكانی  ئەو!لێرە بۆری نەوتەكان دابەش دەكرێن نەك ڕیگاكانی میهرەبانی بۆ ئەودیو كەنارەكان ! لەنێو چاوی شینی شەمەندەفەرێكی قژ زەردی دوور  هەمووتان دەبینم گەنج ولاوی نیشتمان ,دەتانبینم مەڵاس دراون لەژێر ڕەحمی پێخەوی كارتۆنیكی سەر زبڵدانەكان  دەتانبینم ...دەتانبینم !باش ئەزانن لێرە پەنجە نەرمەكانی دوای شۆڕش لە مەساج خانەكان دەبینرێن نەك پەنجەیەكی هەڵوەریوی ڕێی قاچاغی نێو بەهەشتی دارستانە پڕ دڕكەكان!لێرە شەراب و شەوە سوورەكان لەسەمای ئێوارەیەكی درەنگی دوای شەڕەكانی نێو پەرلەمان دەبیسرێن نەك هاواری غەرقی كۆرپەكان!لێرە پیاو ناپیاوە و ناپیاویش پیاو !لەوێش مرۆڤ مرۆڤە و مرۆڤیش مرۆڤ !لێرە منارەی مزگەوتەكان ڕەنگ دەكرێن و لەوێش كڵێسەكان دەبنە ماڵی پەنابەران ...لێرە ئاوێنە تف لە ڕووخساری خۆی دەكات لەبەردەم قژی بۆیاخكراوی سەركردە گیرفان پڕلە فیاگراكان لەوێش ئاسمان و دەریاكان لەبەردەم ڕووخساری خەوتووی ئەم میللەتە بە هێمنی قژی هەرچوارپارچە شانە دەكەن! بۆ دواسەفەری مەرگی  نیشتمانیش كورە دزراوەكەی عومەرخاوەری هەڵەبجە لە كەناری مەملەكەتێكی وونە لەگەڵ (ئالان) یاری بە خۆڵی هەرچوار پارچەی زامەكانم دەكەن ! لێرە لە ماڵی هەژارەكان نەیاری  نەئاو نەكارەبا و نە نان و نە مووچە و نە بەنزین بەدیدەكەم لەوێش ماسی دەریاكانیش تێرن  بە لاشەی كوردە ماڵ وێرانەكەم... لێرە تەنها خودا بە هێمنی نووزەكان دەبیسێت نە دادوەر و نە سەرۆك و نە دەوڵەمەندەكان  پێغەمبەرانیش بێ ماڵ ماون لەدوای تەقینەوەی مەرقەدەكان !لێرە (ئالان) هەموو بەیانیەك لەگەڵ دەنگی نەورەسەكان بەخەبەردێت هەموو ئێوارەیەك شەكەت دەبێت لەچاوەڕوانی سەركردەكان !من ئەزانم ئەوان دێن ئالانەكەم پەلەمەكە لە چاوەڕوانی ئەزانم دێن ... دێن بۆ كەناری ڕووباری ماڵتان هاوینێكی ترلەگەڵ خانمە تازەكەیان دێن بڕوابكە دێن !دێن  پێش  پشووەكانی حكوومەت و پەرلەمان دێن  !ئەزانم دێن ئەزانم دێن.... (ئالان) گیان تا تۆش لەم سەفەرەت نەختێ پشووبەیت من ئەڕۆم تا بەهێمنی لە باوەشی دەریا بخەویت من ئەڕۆم بمبوورە بەگیرفان بەتاڵی ویاری بۆ لات هاتووم هیچ شك نابەم تەنها لەبەردەم گەورەیتە سەری بەرزم نەوی دەكەم بمبورە هیچ شتێ شك نابەم مەگەر لە نێو لەپی غەریبیم چەند حەرفێكی پڕ فرمێسكی دوێنی شەومت پێشكەش بكەم!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە