رۆژی هەڵبەست بە زاراوە کوردییەکان

Sunday, 20/09/2015, 19:24

6475 بینراوە


دوێنی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ / ٩ / ٢٠١٥ ئەنستیوتیی کورد لە ستۆکهۆڵم، چالاکی ساڵانەی خۆی بەناوی رۆژی هەڵبەست، دەست پێکرد، کوردستانپۆست پرسیاری لە گرنگی ئەم رۆژە لێکردن، ئەو وەڵامەمان وەرگرتەوە، کە ئەم چالاکییە بۆ خوێندنەوەی هۆنراوەیە بۆ هەموو زاراوە کوردییەکان و بۆ لێک حاڵییبوون و نزیکبوونەوەی شاعیرەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە یەکتر.
کۆڕەکە لە کاتژمێری یەکی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد، وا بڕیاربوو پێنج کاتژمێر بخایەنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی کەم بە دەنگ میوانداری ئەو کۆڕەوە هاتبوو، زووتر تەواو بوو، دیسان بۆ ئەمەش پرسیارمان کرد وتیان هێندەی پێویست ئاگاداریی خەڵک نەکراوەتەوە و ریکلامی بۆ نەکراوە، ئەوەی کە کراوە لە رێگای فەیس بوک و پەیوەندیی کۆمەڵایتییەوە بووە. هەروەها ئێمە ویستمان زیاتر لەسەر ئەمە وەڵام وەربگرینەوە کە ئایا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە داخۆ ئەم چالاکییە و ئینستیوتی کورد پەیوەندیی بە لایەنێکەوە هەبێت؟ لە وەڵامدا کاک ئارێز لە دەستەی بەڕیوەبەری ئەو چالاکییە وەڵامی داینەوە کە  ئەنستیوتیی کورد بێلایەنە و مۆرکی هیچ حیزب و رێکخراو و بزووتنەوەیەکی پیوە نییە.
ئەو کەسانەی کە ئامادەی رۆژی هەڵبەست بوون و هۆنراوەی خۆیان تێدا خوێندەوە ئەم بەڕیزانە بوون:
(رووناک شوانی، ئیمان بۆتانی، هیوا زەکەریایی، محەمەد بانیخێڵانی، ئاینور ئاراس، خیزان شیلان، عەدنان دۆغان، ڤیان مزوری، کامەران سیمۆ، قادر چەلیک، ئیحسان ئەسپەر، ئالان روبار و هاوار نەقشبەندی بوون، کۆتایی کۆڕەکە بە دوو گۆرانی کرمانی باکوور کۆتایی پێهات، بەداخەوە ناوی هونەرمەندەکەمان لە یادچوو.
لە کۆتاییدا بە پێویستمانزانی لە چەند ئامادەبووانێک پرسیاری ئەوە بکەین، کە چی سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ئەو کۆڕە هەبوو، یەکێک لەوانە پێشنیاری ئەوەی کرد کە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کۆڕانە زۆرتین کەس بە دەنگییەوە بێت باشترە لە نێوان خوێندنەوەی هەر شیعرێکدا مۆسیقا، یان گۆرانییەکی بە نێوانیاندا بکرێت، تا گەرموگوڕییەک بە چالاکییەکە بدات، یەکێکی دیکە وتی باشترە وەکو ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی هونەرمەندانیش ئامادەییان هەبێت، تێکڕا ئەندامی خێزاکانیان بهێنن و تێکەلاوییەک لە نیوانیاندا دروست ببێت، نەک تەنیا لە رێگای هۆنراوەوە، بەڵکو هونەرەکانی دیکەشی تێکەڵ بکرێت.
بەهەرحاڵ ئێمە دەستخۆشی لە ئەنستیوتیی کورد لە ستۆکهۆڵم دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە