سەرکردەی شۆڕشگێر! یان بەکرێگیراو؟

Sunday, 20/09/2015, 21:59

3077 بینراوە


دیاردەی تێرۆرکردنی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی تری کوردستان لە لایەن بنەماڵەی بارزانییەوە ، هەر لە سەرەتای شەستەکانەوە ، مایەی قێز و بێزی هەموو مرۆڤێک ، تەنانەت مرۆڤی خاوەن کەمترین شەرەف و ویژدانیش بووە ، بەڵام ئەو بنەماڵەیە نە لە سەردەمی باوکیاندا و نە دواتر ، هەرگیز سڵیان لە ئەوە نەکردووەتەوە کە دەستیان بچێتە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانەوە ، نەک هەر لە باشوری وڵاتەکەماندا ، تەنانەت لە هەموو پارچەکانی تری وڵاتە داگیرکراوەکەشماندا. دواتر بنەماڵەکەی تاڵەبانییش بە هەمان شێوە دەستیان چووە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانەوە لە باکوڕ و ڕۆژهەڵاتدا. لەپێناوی بڕێک دۆلاردا ، هیچ کارێکی نامرۆڤایەتی نەما کە بۆ داگیرکەرانی خاکەکەمانیان نەکردبێت.
(لە دەرگەڵە ڕۆژێک بەیانیی زوو پاسەوانی بنکەکەمان بێداریکردمەوە و وتی میوانێک هاتووە پرسیاری تۆ ئەکات و ئەیەوێت بتبینێت. هەستام و بینیم فایەقە "سولەیمانی موعینیی" بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران ، دانیشتووە و چاوەڕێمئەکات. سەردانەکەی مایەی سەرسوڕمان بوو ، چونکە ئەوە کاتی ئاسایی سەردان نەبوو. لە وەڵامی پرسیارەکەمدا کە هۆی سەردانەکەی چییە؟ وتی:
- هاتووم ڕای ئێوە لە باسێکدا وەربگرم. بارزانیی داوایکردووم ، نازانم بچم بۆ لای یان نا؟ ئەمەوێت ڕای ئێوە لە ئەم ڕووەوە بزانم.
- بۆچی ئەتەوێت ڕای ئێمە لە باسێکی وادا وەربگریت؟
- ئەترسم کە تەسلیمی ئێرانم بکەن. ئەگەر ئێوە ئەتوانن نەهێڵن تەسلیمبکرێم ، ئەوا ئەچم بۆ هەر شوێنێک کە ئەیەوێت ، بە زیندانییکردنیش ڕازیی ئەبم ، ئەگەر لێرە لە کوردستانی عێراق زیندانییمبکەن.
- کەواتە کەمێک بوارم بدە تا لە مەکتەبی هەرێمدا وتووێژئەکەین و وەڵامتئەدەینەوە. مەکتەبی هەرێمم کۆکردەوە و وتووێژمانکرد ، لەگەڵیدا دانیشتین و وتمان:
- دڵگرانم کە ئەبێت بڵێین بە داخەوە ناتوانین هیچ زەمانەتێکت بدەینێ کە بتوانین تەسلیمی ئێران نەکرێیت ، یان لێرە زیندانیی بکرێیت ، لەبەرئەوە خۆت بڕیاربدە و ئەوە پەیوەندیی بە چارەنوسی خۆتەوە هەیە. بێگومان ئامۆژگاریی ئەوەشت ناکەین کە خۆت توشی گرتن و مەترسی تەسلیمکردنەوە بە ئێران بکەیت ، ئەگەر لێرەش هەست بە مەترسی ئەکەیت ، شوێنێکی تر بدۆزەرەوە کە زیادتر ئەمینترە بۆت.
فایەق لە مەبەستمان تێگەیشت و گەڕایەوە بۆ بنکەکەی خۆی لە "نۆڕێ". دواتر زانیمان کە نەچووە بۆ لای بارزانیی ، ناوچەکەی بەجێهێشتووە و دور لە دەستی بارزانیی خۆی شاردووەتەوە. ساڵانێک دوای ئەوە ، بیستمان کە لە لایەن "قادر تەگەرانیی"ـەوە گیراوە و تەسلیمی بارەگای مەلا مستەفا بارزانیی کراوە ، لە ئەوێش کوژراوە و تەرمەکەشی دراوە بە دەزگاکانی شا و بە مردوویی گێڕاویانە. ئەمەش گوناحێکە کە هەرگیز لێبوردنی نیە.).(263)
ئەگەرچی ئەم باسە زۆر هەڵئەگرێت و لە سەردەمی نوێدا تەنیا لە ناو کورد و لە لایەن ئەو بنەماڵە بارزانییە و بنەماڵەکەی تاڵەبانییەوە تاوانی نەتەوەیی وا مەزن کراوە ، بەڵام لام وایە کە لێکدانەوە و توانج لەسەری ، بۆ خوێنەر بەجێبهێڵم ، چونکە وەک لە سەرەوە وتم: مایەی قێز و بێزی هەموو مرۆڤێک ، تەنانەت مرۆڤی خاوەن کەمترین شەرەف و ویژدانیشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە