کوردستان لەبەردەم دەفەتەرى ئایەتەو اللە دا

Monday, 21/09/2015, 22:58

3482 بینراوە


پێشەکی حەز ئەکەم ھەموو خوێنەری ئەو بابەتە بزانێ ھەر نەفەسـێک ھەڵدەکێشم، نەفرەت لە تاییفەگەرییش ئەکەم! ئەوەی نووسینەکانم بخوێنتەوە ئەزانێ چەند ڕقم لێیەتی، لای من ئیمام حوسەین سەلامی خوای لێ بێت ڕەمزی بەرخۆدان و ئیسلامی پاکە لە دژی چەتەو دزو زۆردارەکان.. بۆیە ھەردەم ڕەمزە بۆ ھەموو مرۆﭭێکی ئازاديش.  
ئاشکراو دیارە بەڕێز مام جلال خوا پەنای بێت لەو میحنەیەی، لە زۆر زووەوە پەیمانێکی ستراتیجی لەگەڵ ئێران مۆر کردووە، مەگەر بەس خۆی بزانێ ناوەڕوکی ئەو پەیمانە چىیە؟! لەوانەشە کاک نەوشیروان بیزانێ بە حوکمی ئەوەی ئەو کات دەستە ڕاستی مام جلال بوو!! هەرچەندە مام جلال ئێستا لە ھاوکێشەكە بزرە، بەڵام ھێرۆ خان میراتگرە، ئەوەش یەکێکە لە مەھزەلەکانی سۆشیال دیموکراتخوازەکانی دەڤەری سەوز! ئەیانوت پارتی ھەمووی ویراسىیە، کەچی ئێستا ھەموو یەکێتی بەسەرتاپا تاپۆو ویراسەی دوو تا سێ  دەم و چاوێکە ئەوانیش لە ژێر عەباکەی مام ھێرۆ! ببورن خاتو ھێرۆن، بە کوڕێکی ئەمڕۆو باوکێکی دوێنی! ئەمڕۆ کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی دروستکراوی گەورەدایە بەرەو کوێ ئەڕوات ئاخیری خێر بێت!  
ڕێبەرە سیاسیەکانی سونەکان لەسەرەتای ٢٠٠٣ بە دواوە زۆریان ھەوڵدا مام جلال وەک سەرکردیەکی سوونی کورد و عەرەب نوێنەرایەتی بکات! بەڵام ھەوڵەکان لەگەڵ خەونەکانی عەرەبە سوونەکان سەری ناوە. ئەوە قسەی من نىیە بەڵکو ووتەی سەرۆکە یەک لە  دوای یەکەکانی حیزبی ئیسلامی عیراقی و جەبھەی تەوافقی ئەو سایە،  بە د. ئوسامە تکریتی و ئەیاد سامەرائی و باقی تری رەمزەکانیان. بۆیە ھەستان بە دروستکردنی، بەڵێ دروستکردنی تاریق ھاشمی! ئەفسەرێکی سەربازی پێشوو فڕی بەسەر ئیخوانی عێراق نەبوو، ئەو كات ھەموو دەزگا سیاسی و ئیعلامی و  حیزبی و ئیقلیمی و بۆ یەک ڕەمز کاریان ئەکرد ئەویش تاریق ھاشمی بوو؟!  ھەتا ئیخوانەكانی کووەیەت بۆ ماوەیەک خولێکی زۆر بەھێزیان بۆ کردەوە بۆ ڕاھێنانی لە چۆنیەتی قیادەکردنی سوونەی عەرەب؟! چونکە تاریق ھاشمی لە سەرەتا نەیئەزانی سیاسەت کردن چىیە ھەموو ووتەکانی لەزمەدان بوو!! تا وای لێھات لەدەست دەرچوو لەپاش جیابوونەوەش ووتی:  "گەورەترین ھەڵە لەژیانمدا کردبێتم بووم بە ئەندامی حیزبی ئیسلامی عێراقی؟!". دوايى ماليكى و ئێران وایان تێکشکاند ھەتا بە ئیرھاب تۆمەتبار کرا شار بەدەریان کرد، خۆ ئەگەر بیانگرتبا ئیعدام کرابوو!! 
لەڕاستیدا بۆ مێژوو بڵێین زیاتر عەرەبە ئیسلامیە شوفێنیەکان لە پشت ئەوە بوون کە تاریق بەرز بکەنەوە لە دژی د. موحسین عبد الحمید کە سەرکردەی ئەو کاتی حیزبی ئیسلامی عێراقی بوو. لە دانیشتنێکی بەریتانیا یەکێک لەو سەرکردە دیارانە ووتی بەچ حەقێک کورد سەرکردایەتی تەیارێکی ئیسلامی عەرەبی بکات؟!! بەس نییە کورد سەرۆک کۆمارە؟!! بەڕاستی سەیرە وانىیە!؟ عەرەب بە ھیچ لێت ڕازی نین تەنيا بە پاشگرى نەبێت ، ئەی کەواتە کورد بۆ بەدوای کڵاوی بابردی تەیاری ئیسلامی کەووتووە؟! 
بەڵی لە عێراق شەڕی شکاندنی ڕەمزەکانی سونە سەرکەوتوو بوو، بە عدنان دلێمی و  رافیع عیساوی و ئوسامە نوجەیفی و شێخ حارس زاریش سەری ناوەو سەلیم جەبوریش لەقە لەقیەتی!  مام جەلالیش بە دەست یان بەقەزاو قەدەر تووشی جەڵتەی دەماغی کراو پەکیان خست! ئێستا لە عێراق ھیچ رەمزێکی سوونی دیار نەماوە! ئینجا نۆرەو کاتی کوردستانە! هەرچەندە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بە گۆڕانی گەورەدا دەڕوات، لەو نێوندەش کوردستانی عێراق و تورکیا و سوریا باسیان گەرمە، کەچی کەس باسی کوردستان و كوردى ئیران ناکات! ژمارەشیان لە ١٥ ملیۆن زیاترە!  سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتی و گۆڕان یەک چاویان پێوەیە ئەویش تەنیا کوردی سوریا و تورکیا ئەبینن، باشە خێرە چاوەکانیان کوردی ئێران نابینێت؟! ناسۆرترین کوردیش لەو بەشەن، سێدارەكانى ئێرانيش بە خوێنى گەنجی کورد سووربووە، قەیرانی سەرۆکی ھەرێم ماسکەکانی داماڵی، گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ کلکگیریان بۆ ئێران بە ڕۆژی ڕوون ئاشکرا کرا ئیدی موزایەداتی چی بەسەر خەڵکی کوردستان ئەکەن، یەکگرتووش لەسایەی سەری خاوەن کارپتە سوورەکە بەدوای سیاسەتی خورمژەوەیە! 
بۆيە بە ئاشکرا دیارە لە عێراق و  ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ڕەمزێک ماوە بەربەستە لەبەردەم لافاو و ڕەشەبای شیعەی ئێران، ئەویش سەرۆکی ھەرێم مەسعود بارزانىیە، لەلایەک پێگەو ھەڵقوڵاوی بنەماڵەیەکی ئاینىیە لە مەڕحومى باوکىیەوە تا مەڕحووم شێخ عبد السلام بارزانی کە خاوەن تەڕیقەت و ھەڵگڕی مەشخەڵی بەرخۆدانە دژی ئاغاو سەرۆک خێڵە خوێن مژەکانی ئەو سات. لەلایەکی تر سەرۆکی گەورەترین حیزبی کوردستانی عێراقە و دەسەڵاتدارەو کارتی بەھێزی سیاسی و جومگەی ئابووری زۆری لەبەردەستە لەو ناوچەیە، سوونەکانی عێراق بە ڕەمزی سەقامگیری و پارسەنگی ھێزی ئەزانن لە عێـراقی کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن ئێران و شیعەی عێراق.  
لە ئاستی ئیقلیمیش بارزانى دۆستایەتی پتەوی ھەیە لەگەڵ تورکیا و سعودیە و قەتەرو ئوردن و بێگومان دۆستێکی بەھێزی ئەمریکاو ئەورپاشە بۆیە دەتوانین بڵێین ئێران بەڕاشکاوی لەشەڕی شکاندن و پەراوێزخستنیەتی. لێرەدا پارتی و بارزانی لەو نێوەندە بۆ ڕاگرتنی پارسەنگەکان بە خالێکی زۆر گرنگ خۆيان نیشان ئەدەن . کوردستان بۆ ئێران جیوپولتیکێکێ گرنکە، ئەو نێوەندە دوای دابەش بوون و لێکترازانی تەواو و دروست بوونی دولەتێکی سوونی و عەلوی لە سوریا، کوردستانی عێراق و سوریا بۆ ئێران پێگەیەکی گرنکە، دەبێت لە میحورەی ئێران بێت! تەبیعی ئەوە بە مەرامی سیاسیەکانی ئێرانە، بەلام ئەوە لە خزمەتی کوردە؟! من گومانم ھەیە بەڵکو بە پێچەوانەوە لە زەرەری تەواوی کوردە! كورد دەبێت بە خەلوز بۆ ئاگری ئێران و ڕۆژئاوا! 
ئەوەش دەمانخاتە بەر ڕاستیەک، بێگومان یەکێتی و گۆڕان ئەزانن مەبەست لەوەدا ئاواکردنی خۆری پارتی و بارزانىیەو بە جێگەیاندنی بەڵێنەکانی ئێرانه بۆیان کە ببنە دەسەڵاتداری ئەو ھەرێمە ، کەواتە لەجیاتی تورکیا ئەکوینە  ژێر باڵی ئێرانەوە، ئینجا چەند سەرکەوتوو ئەبن یا نابن ئەوە باسێکی ترە. ئەوەی جێی سەرنجە یەکێتی دیارە قیبلەکەی لە ئێرانە، بەڵام گۆڕانی خاوەن پرۆژەی گۆڕان بۆچى؟!! ئەو ھەموو بەڵێنەی بە دەنگدەرانی دا بۆ کوێ ڕۆیی؟ سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و بەرژەوەندی گشتی ھەموو قسە زلەکانی تریان بە ھەوا چوو؟!! 
کورد بە گشتی چ سوود لەو کێشمە کێشمەیە ئەبینێ؟ ھیچ نابینێ تەنیا سەر ئێشە نەبی، لەڕاستیدا باری ئابووری کوردستان کە ناجێگیرە و گەندەڵی لە تۆکمەیەتی و ھەر حیزبەو خەریکی کڵاوەکەی خۆیەتی تەنیا نەھامەتی بۆ خەڵکی کوردستانی باشوور ماوەتەوە. بەڵام دەکرێ نەھامەتی زیاتری بۆ دروستبکرێت بەو شێوەیەی ئێستا؟ نەخێر نابێت! ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان دەبێ لە نان و ئاو گرنگتر بێ، پێویستە ھەموو نەوەیەکی دڵسۆزی کوردیش ئاوا بێت  لەو دۆزخەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەزانم ناسۆریەکان گەڵێک زۆرن ھەمووی ئاخ و ئۆف دەکێشێ وەک شێت جار جار گریانت دێت جار جاریش پێکەنین!! بەڵام بڵێین چی باب و باپیرانمان زۆریان چەشتووە ھەروەھا نەوەی ئێستاش، بەڵام با تۆزێکی تر دان بەخۆمان بنێین و تەڕ و ووشک پێکەوە نەسوتێت و ئەوەی ھەشە لەدەست نەچێت. لەسەرەتای ئەم ساڵ زوو ووتمان "تا شەڕە یەکلایی کەرەوەکانی دەسەڵاتە زلھێزکان لە کۆتایی ئەم ساڵە دەستی پێنەکردووەو!؟ شەری دروستکردنی سنوری دەولەتی سونی و ھێزە ئقلیمیەکان لە سوریا و بەشە سونیەکانی عیراق گەرم نەبووە  سازمان بکەن و ئەو ماڵەی کورد ڕێکخەن بەیەک سەرۆک و یەک ووتار  بەڕنگاری لافاوەکانی داھاتوو ببنەوە."..  
بە کورتی و کوردی شەفاف بن لە مەلەفی نەوت و چارەنووسی ئەو میللەتە، خۆ من ئەزانم سیاسیەتی نەوت و ئیحتکاری بەدەست ھیچ دەوڵەتێک نییە!! ئینجا کوجای کوردستان! بەڵام خۆ ئەتوانرێت لەو بەشەی ئەدرێت بە میللەت بە عەدالەتی دابەشبکرێت، نەوەک بە میزاج و کەف و کۆڵ و درۆکانی ئەو موتەکبیرەی وەزيری نەوت، ئەڵێ مەخلوقاتی فەزائیە بە رۆکێت ناردراوە بۆ مان و لە کوردستان ناژێت! گەمە بە نانی خەلک ئەکات؟! ئەبێ ئەو سەرخۆشە بە مەى يان بێ مەى بزانێت ھەموو گەمەیەک حەددێکی ھەیە...! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە