نیشتمانپەروەر لە شۆڕشەکەی ئەیلولدا!

Tuesday, 22/09/2015, 15:45

5045 بینراوە


له‌ چاوپێککه‌وتنێکی بەهادین نوری و هاوڕێیانی له‌ لیجنه‌ی هه‌رێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراق له‌گه‌ڵ حه‌مید عوسماندا که‌ له‌ په‌نجاکاندا و لە بەندییخانەدا بۆ ماوەی چەند مانگێک سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق بوو ، دواتریش له‌ دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موز که‌ مسته‌فا بارزانیی له‌ سۆڤیه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌ ، چووه‌ ناو پارتییه‌وه‌ ، نوێنه‌ری مسته‌فا و سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات"ی پارتی بوو ، له‌ وتووێژی نێوانیاندا حه‌مید دوو وته‌ ئه‌ڵێت که‌ به‌ لای بەهادین نورییه‌وه‌ زۆر گرنگن‌ و (زۆر جار و له‌ هه‌موو بۆنه‌ جیاوازه‌کاندا گێڕاومنه‌ته‌وه‌. یه‌که‌میان ئه‌وه‌ بوو که‌ وتی په‌ندێکی کوردیی ئه‌ڵێت دارێکم به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ هه‌ر دوو سه‌ری گواوییه‌ ، به‌ڵام ئه‌و داره‌ی ده‌ستی ئێمه‌ ناوه‌ڕاسته‌که‌شی گواوییه‌. دووه‌میش ئه‌وه‌ بوو که‌ وتی شتێکی جوان ئه‌بێت که‌ مرۆڤ له‌ ئه‌م شۆڕشه‌ ــ شۆڕشی کوردیی ــ دا ده‌ربچێت و خه‌ڵک پێی بڵێن هێشتا هه‌ر نیشتمانپه‌روه‌ره‌.).(265)
بەڕاستیی مایەی شانازییە کە کورد کەسانی وەک ئەو پیاوانەی تیادا هەڵکەوتووە. ئەوە ڕای حەمید عوسمان بووە لە شەستەکاندا ، لە کاتێکدا کە کەم کەس ئەیوێرا بچوکترین نەک هەر ڕەخنە ، تەنانەت تێبینی ئاشکرای لەسەر مەلا بارزانیی و شۆڕشە ئەیلولییەکەی هەبێت ، بەڵام ئەو لە ئا ئەو سەردەمدا لای وا بووە کە ئەوەی چووە ناو ئەو شۆڕشەی مەلا بارزانییەوە ، ئەوا وەک نیشتمانپەروەر لێی نایەتە دەرەوە! باشە ئەگەر حاڵی ئەمڕۆی پاشماوەکانی مستەفا بارزانیی و بنەماڵەکانیانی ببینیایە ، ئەبێت چی بوتایە؟
هەموو ئەو کەسانەی کە شیوعی بوون و دواتر چوونە ناو پارتییەکەی مەلا مستەفاوە ، هەر زوو ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرئەکەوت کە مەلا و پارتییەکەی تەنیا بوکەسەماکەرەی دەستی ساواک ، ئیسرائیل و ئیمپیریالیزمن ، شۆڕشەکەیان لەپێناوی ئاوات و ئامانجەکانی ئەواندایە ، نەک لەپێناوی گەل و نیشتمانەکەی خۆیاندا ، هەر لەبەرئەوەش بووە کە زۆربەی شیوعییەکان کە بوون بە پیاوی ئەو بنەماڵە بەکرێگیراوە و دواتریش بنەماڵە مافیاکەی تاڵەبانیی ، بە ئەوپەڕی گیانی گەل و نیشتمانپەروەرییەوە ئەچوونە ناویانەوە و وایان ئەزانی کە ئەتوانن کاریگەرییان لەسەریان هەبێت ، بەڵام دواتر وەک حەمید عوسمان دەریئەبڕی ، ئەوا بە ڕوتکراوەیی لە هەموو نرخێکی نیشتمانپەروەریی لە لای ئەو بنەماڵەیە ئەهاتنەدەرەوە ، ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر کەسانێکیان پەشیمان ببوونایەتەوە و بهاتنایەتە دەرەوە!
لە ڕووی مێژوویەوە ئەبێت ئەو ڕاستییە بوترێت کە خۆگرتن و پەرەسەندنی بنەماڵەی بارزانیی و پارتییەکەی ، هەر لە سەرەتاوە ئۆباڵی لە ئەستۆی حیزبی شیوعی عێراق بووە. ئەگەر حیزبی شیوعی عێراق ئەندامان و کادێرەکانی ، بەتایبەتیی کوردەکان ، بە گیانی گەل و نیشتمانپەروەریی کوردستانییەوە پەروەردەبکردایە و لەسەر ڕێی فەهد و سەلام عادل دەربارەی مافی چارەنوسی گەلی کورد و کوردستان بڕۆیشتنایە ، ئەوا گومان لە ئەوەدا نیە کە ئەو هەموو کادێر و ئەندامە زیرەک و بە توانایانەی حیزبی شیوعی هەر لە سەرەتاوە و لە قۆناغە جیاجیاکاندا نەئەچوونە ناو پارتییەوە و بە ئاواتی خەباتکردن لەپێناوی کورد و کوردستانەکەیاندا بەردەوامیی بە ژیانی سیاسییان بدەن ، بەڵام هەر زوو لە ناو ئەو دز و مافیایانەدا ئەوەیان بۆ دەرئەکەوت کە ئەوەی لە نەتەوەپەروەریی و نیشتمانپەروەریی و سۆزی کوردستانیی کە لە ناو حیزبی شیوعییدا لەوەوبەر هەیان بوو ، ئەویشیان نەما کاتێک کە چوونە ناو پارتییەوە و بوون بە چڵکاوخۆری ئەو بنەماڵەیە.
زۆربەی شیوعییەکانی ناو پارتی ئەوسا و ئێستاش ، ئەوە بوچوونیان بووە و کەم و زۆر لە لای کەسانی نزیکیان ئەو ڕایە و پەشیمانییان دەربڕیوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە