ژمارەی کادێر و بەرپرسە پاکەکانی شۆڕشەکەی ئەیلول؟

Wednesday, 23/09/2015, 20:38

7431 بینراوە


لە ساڵی 1966 دا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە سەروویانەوە سکرتێرەکەیان حەبیب محەمەد کەریم کە پێشتر شیوعی بوو ، ویستیان بۆ دابینکردنی متمانەی جەماوەر و بەرپەرچدانەوەی پروپاگەندەی جەماوەر و جەلالییەکان ، هەندێک چاکسازیی بکەن ، بە ئەوەی کە لەسەر بنەمای "ئەمەت لە کوێ بوو؟" ، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەندێک لە کادێران و بەرپرسە ناوخۆییەکان بکەن ، واتە بەرپرس و کادێرە ناونجیی و بچوکەکان! نەک بەرپرسە گەورەکان کە دز ، جەردە ، مشەخۆر ، داوێنپیس و مافیا گەورەکان بوون! بۆ ئەو مەبەستەش (ویستیان لیجنەیەک دروستبکەن. هەندێکیان پێشنیازی ئەوەیان کردبوو کە کەسانی ناحیزبیی بخەنە ناو لیجنەکەوە ، تا کارەکانی مایەی باوەڕبن. کاتێک کە ئەو پێشنیازەیان لە لا باش بوو ، یەکێکیان چوو بۆ لای نوری ئەحمەد تەها ئۆفیسەری نەتەوەپەروەری دەرکراو لە سوپا کە لە ناوچە ئازادکراوەکانی ئەوسادا نیشتەجێ بووبوو. داوای لێ کرد کە ببێت بە ئەندامی ئەو لیجنەیە. دوای ئەوەی کە بە تەواویی لە مەبەستەکەی تێگەیشت ، بە پیاوەکەی وت:
- ئایا بەڕاستتە ئەوەی کە ئەیڵێیت؟
- بۆچی نا؟
- بە ئەو ڕادەیە ساویلکە مەبە.. ئەگەر ئێوە بە ڕاستتانە ، ئەوا لیجنەیەک دروستبکەن کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کادێر و بەرپرسانەدا بکەن کە تا ئێستا بە پاکیی ماونەتەوە و دزییان نەکردووە و سامانی ناڕەوایان کەڵەکە نەکردووە ، ژمارەی ئەو کەسانەش لە ناو کادێرەکانتاندا لە 3-4 کەس تێناپەڕێت. لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و لێیان بپرسن بۆچی دزیی ناکەن؟ هۆی چییە کە لە هەمووان جیاوازترن؟).(264)
بە داخەوە نوری ئەحمەد تەها نەما تا بنەماڵە مافیاکەی بارزانیی ئەم سەردەمە ببینێت! تا بمانزانیایە چی تری ئەوت!
ئایا ئەو وتەیەی ئەو پیاوە مەزنە هی ئەوە نیە کە ئەمڕۆ لەسەر دەرگای ماڵی مەسعود ، جەلال ، سەرۆکی حیزبەکان و ئەندامانی سەرکردایەتییەکانیان ، هەموو بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستان ، دەرگای ماڵەکانی هەموو بەرپرس و کادێرەکانیان و دەرگاکانی دادگاکان بە گەورەیی بنوسرێتەوە؟
هەر لە ئەم ڕووەوە ، جارێک کاک کەریمی حیسامیی لەگەڵ ماڵی کاک حەمەدەمینی سەڕڕاجییدا لە ماڵی خۆمان بوون ، نوکتەیەکی لە ئەو جۆرەی لە نوکتە خۆشەکانی شێخ لەتیفی حەفید گێڕایەوە. وتی لە دوای ڕوخانی کۆمار ، پەنامان بردە بەر گەرمێن و هەندێکمان لە لای شێخ لەتیفی شێخ مەحمود بووین. شێخ لەتیف لە ڕادە بەدەر حەزی لە گاڵتە ، قسەی خۆش و نوکتە بوو. ڕۆژێک لە سولەیمانیی لەگەڵ شێخ لەتیفدا لە ناو بازاڕ بووین. پیاوێکی بە تەمەنمان بینی ، وتی ئەو پیاوە شێتە و قسەکانی زۆر خۆشن ، ئێستا ئەیخەمە قسە و جنێودان. دوای سڵاوکردن لە پیاوەکە ، شێخ لەتیف وتی: یا شێخ جەنابتان ئەشرافی ئەم شارەن و خەڵکەکەی باش ئەناسن ، ئەرێ ئەم شارە چەند شێتی تیادایە؟
پیاوەکەش سەیرێکی ئێمەی کرد ، دیاربوو کە ئێمەی نەئەناسی بۆیە جنێوی نەدا و ڕووی کردە شێخ لەتیف و وتی: وەڵا جەناب ، ژماردنی شێتەکان ئاسان نیە ، بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە ئەوەتەی ئەم شارە هەیە ، تەنیا سێ ساغی تیادابووە ، کاک ئەحمەدی شێخ ، باوکی جەنابت و من!
بە دوری نازانم کە نوری ئەحمەد تەها ئەو نوکتەیەی بیستبێت ، چونکە ئەوە ساڵانێکی زۆر پێش شۆڕشەکەی ئەیلولی مەلا بارزانیی بووە ، نوری خۆشی پیاوی ناوداری ئەو سەردەمە بووە ، بەڵام گرنگیی ئەو وتەیەی ئەو لە ئەو کاتەدا و لە ئەو سەردەمەی توانا و دەسەڵاتی بارزانیی و بنەماڵە و دەزگا پارتییەکەیدا ، کەم نەبووە و بوێریی و چاونەترسییەکی مەزنی ئەویست کە بتوانێت وا بە شۆڕش و پارتییەکەی و بارزانییەکەی بڵێت!
گومان لە ئەوەدا نیە کە لە هەموو بزوتنەوە ، شۆڕش و گۆڕانکارییە گەورە هەمەجۆرەکاندا ، کەسانێک پەیدائەبن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان سود لە بارودۆخە نوێیەکان وەربگرن ، بەڵام لەبەرئەوەی کە شۆڕشەکەی ئەیلول هەر لە بنەڕەتدا بنەماکانی شۆڕشی تیادا نەبوو ، کەسێکی نیوە خوێنەوار و خێڵەکیی لەسەر داوای بێگانە دروستیکردبوو ، هیچ سەرکردایەتی و ئۆرگانێکی سیاسی ، ئابوری و فیکریی نەبوو ، تاکە دەزگایەک کە هەیبوو "پاراستن" بوو ، ئەویش دەزگایەکی مافیایی بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندەکانی بنەماڵەکەی بارزانیی و تێرۆرکردنی نەیارانی بنەماڵەکە ، بۆیە شۆڕشەکە و خەڵکی کوردستان وەک بازاڕێک وابوون بۆیان ، سەودا و مامەڵەیان پێوەئەکردن و تاڵانیشیانئەکردن ، لەبەرئەوە هیچ جێی سەرسوڕمان نیە کە تەواوی کادێر و بەرپرسانی شۆڕشێکی وەک ئەوەی ئەیلول دز و جەردە و تاڵانکەربووبن ، چونکە وەک کورد ئەڵێت: ئاوەکە لە سەرچاوەکەیەوە لێڵ بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە