لامه‌رکه‌زییه‌که‌ی 66

Monday, 28/09/2015, 20:56

4430 بینراوە


لە مێژووی شۆڕشەکاندا شتێکی ئاسایی بووە کە چالاکییەکی سیاسی ، جەماوەریی ، یان چەکداریی ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕێت ، چ لە لایەن شۆڕش و بزوتنەوەکەوە ، چ لە لایەن ڕژێمەکەوە. لە شۆڕشەکەی ئەیلولدا کە شیوعییەکانیش تیایدا بە هێزێکی کەمەوە بەشداربوون ، بەڵام داستانی هه‌ندرێن و سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌که‌ی کە له‌ لایه‌ن شیوعییه‌کانه‌وه‌ بوو ، ڕژێمی ناچارکرد که‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کورددا بکه‌وێته‌ وتووێژه‌وه‌ ، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک که‌ مسته‌فا بارزانیی به‌ لامه‌رکه‌زییه‌که‌ی 29-06-1966 ڕازیی بوو ، پێش ئه‌وه‌‌ (پرسێکی به‌ حیزبی شیوعی نه‌کردبوو ، نه‌شمبیستبوو که‌ پرسیان به‌ که‌س کردبێت، ڕه‌خنه‌م له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی ڕێککه‌وتنه‌که‌ گرت ، ئه‌وه‌م خه‌مڵاند که‌ ئه‌م شه‌ڕوه‌ستاندنه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ناکات ، زۆریش به‌رده‌وام نابێت و شه‌ڕ ده‌ستپێئه‌کاته‌وه‌ ، به‌تایبه‌تیی له‌ بارودۆخێکدا که‌ دیموکراتیی له‌ وڵاتدا نیه‌ و حوکمی سه‌ربازیی و بارودۆخی نائاسایی به‌رده‌وامه‌.).(257)
مەلا مستەفا چونکە پیاوی ساواک ، مۆساد و سی ئای ئەی بوو ، هیچ شتێکی بە بێ فەرمانی ئەوان نەئەکرد ، چەندان جار وتووێژی لەگەڵ قاسم ، برایانی عارف و بەعسدا کردبوو ، تاوێک پەیمانی لەگەڵیاندا مۆرئەکرد و تاوێک پەشیمانئەبووەوە ، تاوێک شەڕی ڕائەگرت و تاوێک هەڵیئەگیرساندەوە ، تا دواجار ئاشبەتاڵی لێکرد ، ئەوەش بە پێچەوانەی شێخ ئەحمەدی برایەوە بوو. شێخ ئەحمەد لەگەڵ قاسمدا ڕێککەوت کە شەڕ لە لایەن ئەوەوە هەڵنەگیرسێت و ئەو پەیمانەی دا بە قاسم ، کاتێکیش کە مەلا مستەفا بە فەرمانی ساواک شەڕی دژی قاسم هەڵگیرساند ، شێخ ئەحمەد لە بارزان دەریکرد ، ئیتر چووە ناوچەی باڵەکایەتی ، تا شێخ ئەحمەد لە ژیاندابوو ، نەیهێشت مستەفای برای بگەڕێتەوە بۆ بارزان ، چونکە پێی خۆشنەبوو کە مستەفای برای بووبوو بە پیاوی شای ئێران و دامودەزگا جاسوسییەکانی ، هەر ئەوەش بوو کە ئەو سەردەمە مەلاییەکان بە شێخ ئەحمەدیان ئەوت جاش ئەحمەد و دەیان ناووناتۆرەی تر.
له‌ ده‌رگه‌ڵه‌ که‌ بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تی لیجنه‌ی هه‌رێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراقی لێ بوو ، بەهادین نوری "لەبەرئەوەی کە بەهادین نوری لە ئەو سەردەمانەدا بەرپرسی لقی کوردستانی حیزبی شیوعی بوو ، بۆیە زیادتر لە ئەم باسانەدا ناوی دێت" و هاوڕێیانی له‌ دانیشتنێکدا له‌ سلێمان به‌گی ده‌رگه‌ڵه‌ ئه‌پرسن ڕای به‌رامبه‌ر به‌ ئەو لامه‌رکه‌زییه‌ بێناوەڕۆکە چییە کە مستەفا بارزانیی پێی ڕازییبووە‌؟ سلێمان به‌گ چونکە ساڵانێک هاوخەباتی مەلا مستەفا بوو لە هەڕاکردنەکەیدا بۆ سۆڤیەت ، باش مەلای ئەناسی و شارەزای بووبوو ، بۆیە به‌ شێوەیەکی دیپلۆماتیی و بە نوکته‌یه‌ک وه‌ڵامیانئه‌داته‌وه‌ و ئه‌ڵێت:
(ڕۆژێک مناڵێک دێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و خه‌م و خه‌فه‌ت دایگرتووه‌ ، دایکی لێی ئه‌پرسێت هۆی چییه‌؟ مناڵه‌که‌ ئه‌ڵێت مناڵێک جنێوێکی زۆر سه‌یری پێداوه‌!
- ئه‌و جنێوه‌ سه‌یره‌ چییه‌؟
- وتی کێرم به‌ نێوان قوز و قنگی دایکت ، زۆر خه‌فه‌تم خوارد.
- کوڕم خه‌فه‌ت مه‌خۆ ، خۆ کێر له‌ ئەوێدا ناوه‌ستێت ، هه‌ر ئه‌بێت بترازێته‌ کونێکیانه‌وه‌.
ئیتر سلێمان به‌گ وتی دوای ئه‌م به‌یانه‌ش ، بارودۆخ هه‌ر وا به‌رده‌وام نابێت ، ئه‌بێت به‌ لایه‌کیاندا بکه‌وێت.).(258)
هەر قسەکەی سلێمان بەگ بوو ، پاش ماوەیەکی کورت مستەفا بارزانیی پەشیمانبووەوە و شەڕی هەڵگیرساندەوە ، بەڵام کۆمەڵی برایم - جەلال لە هەمەدان گەڕانەوە و بە ئەو لامەرکەزییە ڕازیی بوون و چوونە پاڵ ڕژێمی سەربازیی عارفەوە و ڕژێمیش چەکداریانیکرد و هێزی چەکداریی جاشی لێیان دروستکرد ، بۆ دژایەتیکردنی شۆڕشەکەی ئەیلول.
کڵۆڵییەکەی ئەم گەلەی ئێمە لە چیدایە؟ سەیربکەن ، لە کاتێکدا کە مەلا مستەفا پیاوی ساواک بوو ، برایم و جەلالیش هەر وەک ئەو پیاوی ساواک بوون و ئەو کاتە لە تاران ، هەمەدان و جێی تری ئێران لە خزمەت شا دا بوون. ساواک فەرمان بە مەلا مستەفا ئەدات کە بە لامەرکەزییەکەی66  ڕازیی ببێت، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت مەلا مستەفا پەشیمانئەکاتەوە و بەکرێگیراوەکانی تری لە کۆمەڵی برایم - جەلال (برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی) لە هەمەدان و شارەکانی تری ئێرانەوە ئەنێرێتەوە بۆ عێراق و بە لامەرکەزییەکە ڕازییان ئەکات! لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکیان پرسیار لە خۆیان ناکەن کە بۆچی ساواک بە ئەو جۆرە یارییان پێئەکات! لە کاتێکدا کە خۆیان باش ئەیانزانی کە هەردوو لایان پیاوی ساواکن.

لامەرکەزییەکەی66   لە هیچ نەئەچوو ، تەنیا چکە ئازادییەک بوو لەسەر ئاستی دوو پارێزگای سولەیمانیی و هەولێر ، کەرکوکی تیادا نەبوو. گەلی کورد مافی خۆی بوو کە بە شتی وا بێ ناوەڕۆک ڕازیی نەبێت ، بەڵام کێشەکە لە ئەوەدا بووە و تائێستاش هەر لە ئەوەدایە کە ئەوە هەرگیز گەلی کورد نەبووە و نیە کە وتووێژی لەگەڵ حکومەتەکانی عێراقدا کردووە و ئەکات ، بەڵکوو مەلاکەی بارزان و کۆمەڵی برایم - جەلال بوون و تا ئێستاش هەر ئەو دوو بنەماڵەیەن کە بە ناوی گەلی کوردەوە سەودا و مامەڵەیان کردووە و ئەکەن.
شۆڕشەکەی ئەیلول و سەرۆکەکەی لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ساواکدا بوون. هەر لەبەرئەوەش بوو کە مستەفا بارزانیی خاوەنی کێشەکە نەبوو ، ڕازییبوون و نەبوونی شۆڕشەکە بە هەر پەیمان و ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتەکانی عێراقدا ، بە دەست شای ئێران و ئەمێریکاوە بوو ، مستەفا و شۆڕشە ئەیلولییەکەی تەنیا ئامرازێکی ساکار بوون بە دەستیانەوە. نمونەی زەقی ئەوەش پەیمانەکەی ئەلجەزائیر بوو ، نەک هەر پرسیان بە مستەفا و شۆڕشەکەی نەکرد کە خاوەنی نزیکەی سەت و بیست هەزار چەکداری پارتیزانیی بوو ، تەنانەت ئاشبەتاڵیشیان پێکرد و لە کەرەج دایاننا و دواتر گواستیانەوە بۆ ئەمێریکا و گەلی کوردستانیشیان بەجێهێشت بۆ گورگە بەعسییەکان و دۆزەخەکانی جینۆساید.
تا ئێستا دووجار دەنگدانی گشتیی لە باشوری وڵاتماندا بۆ سەربەخۆیی کراوە و نزیکەی دوو میلیۆن کەس دەنگی بۆ داوە ، بەڵام ئەو دوو بنەماڵەیە ئەو دەنگدانانەی جەماوەری باشوری کوردستانیان تەنیا وەک گوشارێک لەسەر حکومەتی عێراق بەکارهێناوە ، ئەویش بۆ ئەوەی پارە و بودجەی زیادتری پێ وەربگرن.
لە کاتێکدا کە ڕژێمی عێراق ڕوخا ، بەعس نەما و عێراق بەرەو هەڵوەشاندنەوە ئەچوو ، ئەو دوو بنەماڵە مافیا تاوانبارە بەرامبەر بە گەلی کورد و کوردستان ، بەعسیش و عێراقیشیان دروستکردەوە ، تا ئێستاش "یەک پارچەیی خاکی عێراق"! دروشمی پیرۆزیانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە