‎وەزیری تەندروستی و سیستەمی دەرمان

Tuesday, 29/09/2015, 18:45

2340 بینراوە


‎هەر لە گەڵ دامەزرانی حكومەتی كوردیەوە بەردەوام كێشەی دەرمانی ئەكسپایەر یەكێك بووە لە پایە سەرەكیەكانی دواكەووتوی سیستەمی تەندروستی كوردستان، بە جۆرێك بوون و بەكارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانە لە كوردستان بۆتە شتێكی زۆر ئاسایی و هیچ لێپێچنەویەك نیە لە وەزیر و كەسانی دەست ڕۆشتوو، ئایا كاری لیژنەی تەندروستی پەرلەمان و داواكاری گشتی چیە؟ لەم لاشەوە بە هۆی دانانی كەسانی نەشیاو بۆ شوێنی نەشیاو ئەم كێشە بەردەوام قوڵ بۆتەوە، ڕێكەوت حەمە ڕەشیدی وەزیر كە بەهۆی سود وەرگرتن لە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی و خۆ نزیك كردنەوە لە بنەماڵەی تاڵەبانی بووە بە وەزیر هیچ شارەزایەكی لە كاروباری دەرمان نیە چونكە ناوبراو جگە لە بڕوانامەیەكی بەكالیورسی پزیشكی و شاهەدەیەكی بەڕێوەبردنی زانكۆی ئەمریكی كە كەس نازانێت چۆنی هێناوە هیچی تری نیە چ جای ئەوەی مەلەفێكی هەستیاری وا بەڕێوەبەرێت. بەڵگەشمان لە سەر دەرمانی ئێكسپایەرو خراپ كوێربوونی ژمارەیەك خەڵك بوو لە هەولێر بە هۆی بەكارهێنانی دەرزی ئەڤاستین، كە لە هەر ووڵاتێكی دونیا خەڵك كوێر ببوایە بە دەرمان ئەوا بێ یەك و دوو وەزیر ئیستیقالەی پێ دەدراو داگایی دەكرا بەڵام چونكە ئەم كێشەیە لە هەولێر ڕوویدا ئەوا ئەم بەڕێوەبەرە وەزیرە نەی توانی لێی بكۆڵێتەوەو بە هەندێ پارەی قەرەبوو كێشەكە داخرا، لە هەموو سەیر تر ئەوەیە لە گەڵ ڕوودانی هەركێشەیەك جەنابی وەزیر لیژنەی بۆ دروست دەكات وەك ئەوەی كورد بیرەوەری خۆشی لە گەل لیژەنە هەبێت چونكە لیژنە دروست كردن تەنها بۆ پینەكردنی كارەساتاكانە. یەكێكی تر لە كارەساتەكان ئەوەیە كە خەڵك هەبیت بە هۆی نەمانی ئۆكسجینەوە لە هۆڵی نەشتەرگەری بمرێت و كەچی وەزیر باس لە پێشكەوتنی سیستەمی تەندروستی بكات، مەگەر ئەم سیستمە جوانە لە هەندێ ووڵاتی ئەفریقیا هەبێت !!! یەكێكی تر لە كێشەكانی تایبەت بە دەرمان بریتیە لە ناڕێكی دابەشكردنی داو دەرمان بە سەر ناوەندە تەندروستەكان بەجۆرێك لە هەندێ مەڵبەندو نەخۆشخانەكان هەندێ جۆری دەرمان دەست ناكەوێت بۆ نموونە لە سەنتەری فریاكەوتنی هەناوی سلێمانی بۆ چەندین مانگە دەرزی پارەسیتامۆڵ نیە كە زۆر پێویستە بۆ ئەو نەخۆشانەی تایان هەیە یاخود ئازاریان هەیە بۆیە زۆربەی جار ئەو دەرزیانە یان لە لایەن كەس و كاری نەخۆشەكانە دەكڕدرێت یا خود لە لایەن خەڵكی خێر خواز دەكڕدریت ،بەڵام لەم لاشەوە لە هەندێ مەڵبندی 
‎ تەندروستی تر هەندێ جۆری دەرزی هەیە لەو
‎بنكانە ئێكسپایەر بوونە و ئەو ژەهرە ترسناكە لە مروڤ دەرێت ئایە ئەم وەزارەتە فا شیلە گەر نەتوانێت دەرمانی تەندروست و پێویست دابین بكات بۆ نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستەكان چ ئیشێكی تری هەیە؟ یەكێكی تر لە كارە فاشیلەكانی وەزیر یەكخستنی نرخی دەرمان بوو دیارە ئەم كارە گەر بێت و بە شێوەیەكی تەندروست بكرێت كارێكی چاكە بەڵام لە كوردستان هەر وەك چۆن زۆربەی ئیش و كارەكانی وەزیر بە سەقەتی بەڕێوەچووە ئەم كارەشی فەشەلی هێنا، ئەم. كارەی جەنابیان بووە هۆی دەوڵەمەندكردنی كۆمپانیاكانی دەرمان بە جۆرێك نرخی زۆربەی داو دەرمانەكان زیادیكردوە لە سەر حیسابی خەڵكی ڕەش و ڕووت ، تەنانەت ئێستاشی لە گەڵ بێت بێت لە زۆربەی نەخۆشخانە تایبەتیەكان نرخی دەرمان بە چەند قات بە خەڵكی ڕەش و ڕووت ئەفروشرێت و جەنابیان خەوی لێكەوتووە
‎ هاوپێچ وێنەی هەندێ دەرزی ئێكسپایەر لە مەڵبەندێكی تەندروستی كوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە