میللەت لەنێوان بەرداشی كابینەی هەشت و حكومەتەكەی عەبادیدا

Saturday, 03/10/2015, 18:42

2088 بینراوە


هاوكات لەگەڵ ئەوەی ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەكانی سیاسی و ئابووری و دارایی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵتردەبنەوە، و وای لێهاتووە حكومەتی هەرێم توانای نیە بە چوارمانگ مووچەیەك بە فەرمانبەرانی خۆی بدات، و كابینەی هەشتەمی حكومەتی بنكەفراوانی "پێنج قۆڵی و پێنج دۆڵی" هەریەكەو لە ئاوازێك دەخوێنێ هەریەكەو  لەدۆڵێكەوە خۆی دەلێسێتەوە....  جەماوەر و میللەتیش باجی ململانێكانی ئەوان دەدات.
 بێ مووچەیی و بێ بازاڕی و بێ كاری و نەبوونی ئاو كارەبا و شوێنی نیشتەجێ بوون و سوتەمەنی و بەرۆكی خەڵك بەرنادات، و رۆژانە پێشمەرگە  بە گیرفانی بەتاڵەوە شەهید دەبێت و خوێن دەڕێژێت بۆ بەرگریی لە خاكی كوردستان  و ئێوەش ئەی ئەو پێنج حزبەی بەڵێنی چوارساڵی ئارامی و خۆش گوزەرانیتان بە خەڵك دەدا-ئاستی ململانێی سیاسیانەی ناشەریفانەتان گەیشتە ئەوەی مووچە و قووتی خەڵك ببڕن و ئێوەش وەكو عەبادی گەمارۆتان خستۆتەسەر میللەت.  لەولاشەوە حكومەتەكەی عەبادی -كەلەخزمەتی خەڵكی خۆیدایە - بەپێچەوانەوە ڕۆژ بەڕۆژ فشارو گەمارۆكانی بۆسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان چڕتردەكاتەوە، و سەرەڕای ئەوەی ماوەی دوو ساڵە بودجەی هەرێمی بڕیوە و خەریكە وردە وردە كش مەلیك لە وەزیر و پەرلەمانتار و تەنانەت سەرۆكی كۆماریش دەكات، بەڵام لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەبەر ململانێ و بەرژوەندی خۆیان لەسەر دابەشكردنی كورسی دەسەڵاتەكانی هەرێم، خەڵك و پشكی %17ی هەرێم یان لەبیر خۆیان بردۆتەوە! نوێنەرانی كوردیش لەبەغدا نازانم خەریكی دۆمینەو تاوڵەن.. وا قڕوقەپیان لەو مەسەلە مەترسیدارە كردووە كە پەیوەندی هەیە بە نانی خەڵك و دەرمان و ژیان و ژێرخان و سەرخانی ئابووری هەرێمەوە؟!
لەبەرامبەر ئەم هەموو نەگبەتی و كێشە و قەیران و مەینەتیانەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ باكانە و بێ دەربەستانە  لە ئارامگرتنی خەڵكی كوردستان و قوربانی پێشمەرگە دەڕوانن، هەر خەریكی شەڕە پۆست و شەڕە دەنوك و كۆبونەوەی پێنج قۆڵی بۆش و مونافیقانەی خۆیانن و خۆیان لە بورجی عاجی خۆیاندا چاویان لە وەزعی میللەت و پێشمەرگە نوقاندووە، و لەبەرامبەر جەنابی عەبادیدا خۆیان كردووە بەكەڕەی شەربەت و مێشێك میوانیان نیە؟! 
 بۆیە دواجار میللەت لەنێوان بەرداشی حكومەتی هەرێم و پێنج حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم و حكومەتەكەی عەبادیدا جیق و فیقی دەرهات! 
ئێستاش ئەی ئەو پێنج حزبەی بەڵێنی چوارساڵی ئارامی و خۆش گوزەرانیتان بە خەڵك دەدا  پەیامەكە ئەوەیە یان پیاوانە دەست بكەن بەچاكسازی و واز لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆتان بهێنن و ئاوڕێك لە میللەت بدەنەوە، یان چاوەڕوانی ئەوە نەبن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شوێن كورسییەكانی خۆتان لە پەرلەمان گەرمبكەنەوە، مەگەر ئەڵاهومە جەنابی قاسم سولەیمانی و ساختەكاری و تۆماری ناوی مردووان ڕزگارتان بكاتەوە!
 لەبەرامبەر بەغداش  كارتەكانی فشار لەدژی عەبادی لەوانە كارتی گرتنەوەی ئاو، كارتی دەركردنی ئاوارە عەرەبەكانی هەرێم و كارتی ڕاپرسی و كشاندنەوەی یەكجاری نوێنەرەكانی كورد لەبەغدا، بۆ كەیتان هەڵگرتووە؟!!  بۆ ئەم كارتی فشارانە بەكارناهێنن؟
یان ئەگەر هەر سوورن لەسەر ململانێ و شەڕە پۆستی خۆتان و كۆبونەوەی پێنج قۆڵی ناوەرۆك بۆش، ئەوا چاوەڕوانی لێڕژانی جامی جەماوەر و فشاری شەقام و مانگرتن و نارەزایی سەرتاسەری و مەدەنیانە و شكستی یەكجارەكی حكومەت و پەرلەمانەكەتان بن و دواجاریش  دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین و خوێنی شەهیدان و تێكۆشان و خەبات و زەحمەتكێشانی خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ سیاسەتە چەوت و نادادپەروەرەكانی ئێوەدا دەبنە قوربانی. 

* وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە