رۆژئاوای کوردستان ڕادەستی بارزانی مەکەن

Monday, 05/10/2015, 14:25

3062 بینراوە


ئەندامانی سەرکردایەتی عەشیرەی بارزانی وەک / بۆژۆ / یان لێهاتووە.لەهەر دەوەرێک شین بن ئەودەوەرە هەر ئەوانی لێ دەمێنێ. خەسلەت و تایبەتمەندی عەشیرەی بارزانی لە ناوەرۆکی مێژوویاندا بخوێنەوە. ئەگەر هەنگاوێک بۆ پرسی کورد هەڵگرن، ٩٩هەنگاو بۆ پاراستنی خۆیان دەنێن. بۆ لەدەست نەدانی دەسەڵاتی خۆیان لە دەرگای هەموو نامەردێک دەدەن. بەسەرپێیی ئەگەر چاولە مێژووی شەڕەکانی کورد بکەین زۆر بەدەگمەن بینراوە نموونەیەکی وەک شەڕی کۆبانی تێیدا تۆمارکرابێ.
تورکەکان لە خەویشدا ئارەزوویان دەکرد کۆبانی شکست بێنێ، لە سای رۆڵەی قارەمانی کورد ئەو خەونەیان نەهاتەدی. ناردنی چەند گرووپ چەکداری حیزبی و تەیار بەچەکی قورس و دوورهاوێژ بۆ کۆبانی هەروا هاسان نەبوو. بارزانی وئەردۆغان چاویان لە دوارۆژ بڕیبوو. بەو واتایە بەشێوەیەکی دیکە دەست لە کاروباری کانتۆنەکانی رۆژئاوا وەردەن و بیانکەنە سیخۆرخانەی تورک و بارزانی. گەڕانەوەی ئەو چەکدارانەش بۆ باشوور مەبەستی تێدابوو، ئەوەش دەیانخواست ئەوپەیامە بدەن کە. گریلا لە باشوور میوانە و دوای شەڕی داعش دەبێ مەیدان بۆ بارزانی وتاڵەبانی چۆل کەنەوە. ئەوان وادەزانن باشووری وڵات موڵکی بابی بارزانی و تاڵەبانییە.
ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریە ( ئە،نە،کە،سە) وێنەی داڵاش دەخوازن بگەڕێنەوە سەر حازر و بزری. هەمووکەس دەزانێ ئەو ئەنجومەنە دەسکردی بارزانی ومیتی تورکەکانە. ترس لە شێوەی بەڕێوەبەری سیستمی جودا لە سیستمی عەشیرەگەری وای لێکردون بۆ تێکدانی ئەو ڕەوشە پەنا بۆ هەموو بێئەخلاقیەک بەرن. ئەو گەندەڵانە دەڵێن ٦هەزار پێشمەرگەی خەڵکی رۆژئاوامان پەروەردە کردووە بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان! من ئەو کەسانە بە پێشمەرگە پێناسەناکەم. کەسانێکی مفتەخۆر و ئاژاوەگێڕن کە بەرابەربە، یەکینەکانی پاراستنی گەل بەکاریان دێنن.
ناوەندی باڵی سیاسی ئەو ئەنجومەنە لە هەولێر و ئانکارایە. لە ناو هۆتێلەکاندا پیلانی چارەسەری کورد لە رۆژئاوا دادەڕێژن. لەوەتی بارزانیەکان بونەتە سەرۆک عەشیرە ودەسەڵاتیان وەرگرتووە، تاقە رۆژێک بە بێ داگیرکار و وڵاتانی بیانی نەیانتوانیوە درێژە بە گوێڕایەڵی خۆیان بدەن. هەموو شانازیەکانیان ئەوەیە کە دەڵێن: ئامریکاش رازییە ئەو چەکدارانە بێنەوە رۆژئاوای وڵات و یارمەتی گریلا بدەن بۆ شەڕی دژبە داعش.
رووی قسەی من لە بەرپرسانی کانتۆنەکانە، لە بەرپرسانی (پ،یە،دە)یە، لە خەڵکی قارەمانی رۆژئاوایە ،ئەگەر هێما و خۆشەویستی خەڵکی رۆژهەڵاتتان لە لا گرینگە رێگامەدەن ئەو گەندەڵانە بە بیانووی، ئاڵاو شەهید و پێشمەرگە و شەڕی داعش وەک حیزبەکانی کەمپنشینی رۆژهەڵاتتان لێبکەن. ئەو نیگریسانە لاقیان بگاتە رۆژئاوای کوردستان بەدوای خۆیاندا سەرباز و میتی تورکیش ڕاکێش دەکەن، چون خەتای خۆیان نییە ئەوە سرووشتی کەسایەتی ئەو دەسەڵاتەیە. لە یەکەم هەنگاودا سیستمی دوو ئیدارەیی و دووهێزی پێک دێنن. ئەوەش سەرەتایەک دەبێ بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی مەزنی ناوخۆیی. لەلایەکی دیکەشەوە ئامریکا پێی ناخۆش نییە بارزانی و تورکەکان جێ دەستیان هەبێ. چون دەزانن بەرپرسانی رۆژئاوا زۆر متمانەیان بە سیاسەتەکانی هاوپەیمانان نییە. مێژووی نەتەوەکەمان ئەوەی سەلماندوە، کە هەرکات کورد دەستی هەنگویناوی خستۆتە زاری بیانی، گەزتوویانە!

جەعفەرکەریمی
سندوقی کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە