جیاوازی لە نێوان سەرکردەی گەلان و سەرکردەکانی ئێمەدا

Monday, 05/10/2015, 17:57

2799 بینراوە


هەرچەندە ناکرێت بەراوردی شۆڕشەکانی گەلان بەتایبەتیی شۆڕشی گەلی ڤێتنام لەگەڵ شۆڕشەکەی ئەیلولی مەلا مستەفادا بکرێت ، بەڵام لە ڕووی کەسایەتی سەرکردەوە کە خاوەنی "کێشەیەکی پیرۆزبێت" و لەپێناویدا خەباتبکات ، ئەوا ئەکرێت بەراوردێکی "هۆشی مین" سەرکردەی شۆڕشی گەلی ڤێتنام لە تەنیا ڕوویەکەوە لەگەڵ مەلا مستەفاکەی خۆماندا بکرێت ، ئەویش لە ڕووی خواردنەوە!
هۆشی مین لە بنکەکانیاندا کە "لەژێر زەویدا" دروستیانئەکردن ، هەر وەک پێشمەرگەکان سەوزە و ڕەگی ڕوەکەکانی ئەخوارد کە شۆڕبووبوونەوە بۆ ناو حەشارگەکانیان ، مەلا سەرکردەکەی ئێمەش مریشکی بە ڕوتیی ئەخوارد.
(لە ئایاری 1967 دا کە لە دەرگەڵە بووم ، بۆ دوایەمین جار چاوم بە مەلا مستەفا بارزانیی کەوت ، ئەویش بە ڕێکەوت بوو. عەسرێک بە شێوەیەکی کوتوپڕ بارزانیی گەیشتە دێیەکەمان ، ئێمەش ئەندامانی مەکتەبی لیجنەی هەرێم ، لەسەر داوای سلێمان بەگی برادەرمان ، تا ماوەی دوو سەت مەترێک چووین بۆ پێشوازیی و بەخێرهاتنکردنی ، بەڵام بە ساردییەوە وەڵامی سڵاوکردنەکەمانی دایەوە ، لە ڕاستییشدا پشتگوێی خستین ، لەسەر هێسترەکەی دانەبەزی تەوقەمان لەگەڵدا بکات. هۆی ئەوەش ڕون بوو: ڕەفزمانکردبوو ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانیی بۆ بکوژین.
لەسەر داوای زۆری سلێمان بەگ ، ئێوارە ڕۆیشتین بۆ دیوەخانەکەی بۆ نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ بارزانییدا. سینییەکی تایبەتییان خستە بەردەمی بارزانیی کە مریشکێکی سورەوکراوی لەسەر بوو ، بەبێ هیچ جۆرە خواردنێکی تر ، نزیکەی هەمووی خوارد. دوای نانخواردن ویستمان بۆ موجامەلە بیدوێنین ، لە ئەو بڕوایەدا بووم کە پێی خۆشە باسی ڕۆیشتنەکەی بۆ چیای کارۆخ بکرێت ، وتم:
- بیستوومە کە جەنابتان ئەڕۆن بۆ گەڕان بە دوای شتێکدا کە چارەسەری کێشەی دارایی شۆڕشی پێ ئەکرێت ، هیوادارم لە ئەو مەبەستەتاندا سەرکەوتووبن.
- ئەگەر خوا سەرکەوتوومان بکات ، ئەوا کێشەکەمان چارەسەر ئەکەین و پێویستمان بە ئەوە نابێت دەست لە کەس پانبکەینەوە.
- ئایا هیچ لێکۆڵینەوەیەک بەڵگەی ئەوەی داوە کە ئەڵماس لە ئەو شاخەدا هەیە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەڵماسی تیادایە.
- ئەڵماس زۆر گرانە؟
پێش ئەوەی کە وەڵامبداتەوە ، دەستی برد بۆ پریاسکەیەک و بەردێکی لێ دەرهێنا کە نزیکەی نیو کیلۆ ئەبوو ، پێشانمیدا و وتی:
- لە ئا ئەم بەردەدا مادەی کریستاڵ هەیە کە بە ڕادەی یەک لەسەر دە هەزار بەش لە دروستکردنی شوشەی پەنجەرە گرانباییەکانی ئەوتۆمۆبیلدا هەیە. پارچەیەک ئەڵماسی ئەوەندەش بە دوو میلیۆن دینار ئەفرۆشرێت.
- شتێکی مەزنە! هیوادارم کە ئەڵماسی زۆر بدۆزنەوە. ئەوەم وت و لە دڵی خۆمدا هەر پێئەکەنیم.).(262)
لێرەدا پرسیارێک لە لام قوت ئەبێتەوە: چۆنە کوڕان و بنەماڵەی مەلا وا شانزە ساڵە دەسەڵاتیان لە کوردستاندا بە دەستەوەیە و هەموو سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستانیان دزیوە و ئەیدەن بە تاڵان بە تورکیا ، وڵاتە سەرمایەدارییەکان و ئیمپیریالیزم ، بەڵام تا ئێستا ئەڵماسەکانی باوکیان لە چیای کارۆخدا دەرنەهێناوە؟
دیاردەی مریشکخورادن لە ناو بەرپرسەکانی پارتی و شۆڕشەکەیاندا ، بەربڵاو بوو ، وا دیارە کە چاولێککەریی بوو لە سەرۆکەکەیان ، بەڵام لە هەموویان جیاوازتر ، جەلال تاڵەبانیی بوو ، ئەمیان "وا دیارە لە ڕووی دەرونییەوە" خۆی لە ئەوانی تر بە گەورەتر ئەزانی ، تەنانەت لە خواردنیشدا ، چونکە قەلخۆر بوو ، بەرپرسەکانی سەربە خۆشی بە پێچەوانەی پارتییەکانەوە ، قەلخۆر بوون.
ئەوە حاڵی بەرپرسەکان بوو ، لە کاتێکدا کە خەڵکی گوندەکان بە هەزار دەردیسەریی ، نەبوونیی و ئێش و ئازار و ئابڵوقەی سەر کوردستانەوە ئەو دەیان هەزار پێشمەرگەیەیان بەخێوئەکرد ، پێشمەرگەش لە زۆر حاڵەتدا بە نانی وشکیش مەمنون بوو ، بەڵام بەرپرسەکانیان مریشک و قەلخۆربوون.
سەرکردایەتی بە کۆمەڵی شۆڕشی ئەیلول
لە کاتێکدا کە هیچ شۆڕشێک لە دنیادا بە بێ سەرکردایەتییەکی بەکۆمەڵ نەبووە ، بەڵام شۆڕشەکەی گەلی کوردستان کە مستەفا بارزانیی زەوتیکردبوو ، یان لە ڕاستییدا بە فەرمانی ئەمێریکا ، ئیسرائیل و ئێران بە ناوی کوردەوە دروستیکردبوو ، جگە لە خۆی ، هیچ کەسێک نەک هەر تیایدا خاوەن بڕیار نەبووە ، بەڵکوو کەس تیایدا خاوەن ڕا و بۆچوونیش نەبووە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە شۆڕشی ئەیلول هیچ ئۆرگانێکی سیاسی ، ئابوری و فیکریی نەبوو ، بەڵام مەلا مستەفا بۆ ماوەیەک و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەکەوە ، مەکتەبێکی بە ناوی مەکتەبی تەنفیزییەوە دروستکردووە کە جگە لە ئەوەی تەنیا ناو بووە و هیچ کار ، بەرنامە و پلانێکی نەبووە ، سێ ئەندامەکەشی هەر وەک مەلا مستەفای سەرۆکەکەیان مریشکخۆر بوون. (ڕۆژی دواتر گه‌یشتینه‌ مه‌کته‌بی ته‌نفیزیی ، بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ده‌سته‌یه‌کی ڕواڵه‌تییه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نیه‌. عه‌لی سنجاریی به‌رپرسی مه‌کته‌بی ته‌نفیزیی بوو ، دوو پیاوی نه‌خوێنه‌واری له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵدا بوو که‌ که‌س حه‌سودیی به‌ ئاستیان نه‌ئه‌برد ، نافیز جه‌لال و محه‌مه‌د ئه‌مین.
یه‌کێکیان ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ خواردنه‌که‌ نیو کاژێر دواکه‌وت ، کردی به‌ هاتوهاوار و ئێمه‌ش شه‌رمه‌زار بووین ، ئیتر هه‌ستا و به‌ ناڕه‌زاییه‌وه‌ چه‌ند هه‌نگاوێک له‌ ئێمه‌ دورکه‌وته‌وه ، به‌ڵام که‌ وتیان هێشتا مریشکه‌که‌ نه‌کوڵاوه‌ ، ئیتر پێکه‌نی و گه‌ڕایه‌وه‌ شوێنی خۆی و دانیشته‌وه ، هه‌ر وه‌ک مناڵێک که‌ وڕکی گرتبێت ، داواکه‌ی جێبه‌جێکرابێت و ژیرببێتەوە.
ئیتر ناچار بووم که‌ له‌ خۆم بپرسم ئه‌مه‌ چ مه‌کته‌بێکی ته‌نفیزیی شۆڕشه‌؟ ئه‌بێت چاوه‌ڕیی چ سه‌رکه‌وتنێک له‌ شۆڕشێک بکرێت که‌ ئا ئه‌مه‌ و ڕێکخراوه‌کانی به‌ ئه‌م جۆره‌ بن؟).(266)
ئەوانە دەستەگوڵ و هەڵبژاردەی مەلا مستەفا بوون ، پیاوە زیرەک ، ئازا و ڕۆشنبیرەکانی بوون ، کتومت هەر وەک خۆی وابوون ، تەنانەت لە خواردنیشدا!
ئەوانە سەرکردەکانی شۆڕشەکەی ئەیلول بوون ، سەرۆکەکەیان وەستایەکی بەتوانا لە مریشکخواردن و داتاشینی چیلکە و چەوێڵدا بۆ سەبیلی جگەرەکێشان ، خۆشیان وەستای بەتوانا لە "تەنفیزکردنی" کڕاندنەوە و شکاندنی ئێسقانی مریشک و قەلدا.
تێبینی کوردستانپۆست: نووسەری ئەم بابەتە ناونیشانی (سەرکردەی مریشکخۆر)ی بۆ ئەم بەشە  دانابوو، ئەو ناونیشانە ناوەرۆکی نووسینەکەی بێهێز دەکرد و لە بابەتێکی سیاسیی و جیدیی دووری دەخستەوە، بۆیە ئێمە بە داوای لێبوردنەوە ناونیسانەکەمان گۆڕی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە