زەنگی ڕاپەڕین و دروشم!

Thursday, 08/10/2015, 13:28

4665 بینراوە


لە مێژووی میللەتاندا نەهاتووە گەیشتن بە ئازادی یان ڕاماڵینی دەستەڵاتی دیکتاتۆریی، گەندەلیی، دزو جەردە بە گلەیی، گازاندە، گریان و قوڕ پێوان بووبێت.

ئیمرۆ میللەتی کورد لە باشوری وڵاتدا هەنگاوێکی ڕاستی ناوە بەوەی چۆتە سەر شەقام، داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات. بەڵام دروشمی ئەوەی "کە ئەو پێنج حزبە لە کۆبونەوەی ئیمرۆدا، بگەنە رێکەوتن لەسەر پرسی سەڕۆکاییەتی هەرێم"، دروشمێکی ڕاست نییە! لە گرنگیەتی ئەو هەنگاوە کەم دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی کە ئەو پێنج حزبە خۆیان لە دەستەڵاتدان، هۆکاری دروست بوونی قەیرانەکان و نەهامەتیەکانن.
ئەزمونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، سەلماندویەتی کە سەرکردەکانی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، لە شوێنی خۆیاندا چەقیون تەناش دەکەن، نەیان توانیوە تەکان بە بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان بدەن. پێیان خۆش بێت یان پێیان ناخۆش بێت، سەرکەوتوو نەبوون، شکەستیان هێناوە لە دونیایی سیاسەتدا و لە سەرکردایەتی کردنی میللەتەکەمان لە باشووری وڵاتدا. بەڵام توانیان سەرکەوتوو ببن لە بازرگانیی کردن بەخوێن و نەوت، خۆدەوڵەمەندکردن، تەژی کردنی دامودەزگا حزبیەکان و حکومییەکان، بە کەس و کاری خۆیان و خەڵکی بەرژەوەندیی پەرست.
نوێنەری ئەو پارتانەی کە بەشدارن لەو کۆبۆنەوە پێنج قۆڵیەی ئیمرۆدا لە باشووری وڵات، روونە کە تیایاندا هەییە کە تا سەرئێسقان گەندەڵە، خاوەن هیج پرنسیپێک و مۆراڵێک نییە، بڕوای بە بەها بەرزەکان نییە، لەسەر حیسابی ئەو میللەتە، نوقم بووە لە نێو دۆلاردا، بووە بە خاوەن کۆشک و تەلار، ئیتر میللەت چاوەرێی چ ئەنجامێک دەکات لەو جۆرە کەسایەتییانە؟ ئەو پێنج پارتە و کۆبونەوەکانیان؟ کە ئەزمونی سیاسیی هەرێم سەلماندویەتی کە دۆزی ڕەوای میللەتی کورددیان بەچ ئاقارێکدا بردوە!
لە سەر حیسابی ئەو میللەتە لە پارێزگای سلێمانیدا دوو خوشک بوون بە ملیاردێر، لە پارێزگای هەولێرش بنەماڵەیەک بوون بە میلیاردێر. سەرکردەکانی تریش بوون بە میلیۆنێرۆکە! ئەزمون سەلماندویەتی کە هیچیان لە هیچیان چاکتر نین، ئیتر میللەت بۆچی دروشمی چاکبوونی ئەوانە هەڵدەگرێت؟ بۆ هێشتا سەیری دەستی ئەوانە دەکات بۆ ئەوەی پێکبێن؟ کە ئەوان ژێر بە ژێر لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون! بەسەدان سەرەداوی بەرژەوەندیی و نهێنی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە.
هەنگاوی چوونە سەرشەقام لە باشووری وڵاتدا، هەنگاوێکی ئێجگار گرنگە، دەبێت لە گرنگیەتی کەم نەکرێتەوە، بە پارانەوە لەو سەرکردە بودەڵانە بۆ پێکهاتن لە نێوان خۆیاندا، بەڵکو دەبێت میللەت هەوڵبدات خۆی رێکبخات، ئایدۆلۆژیایەکی ڕاست بکات بە دروشم، پارتێکی پێشرەو پێکبهێنێت، خاوەن دەستور، بەرنامەیەکی زانستیانەی واقیعبینانە بێت، پەیرەو پرۆگرامی بۆ دابرێژێت، ئۆلتەرنەتیڤی سەرکردەی دڵسۆزو نەفەس درێژی هەبێت، یەکگرتوو بێت، هێزێکی جەماوەریی پتەو رێکبخات، بۆ بەرەنگاری بوونەوە لەو  تاوانبارانە کە بە درێژایی بیستو چوار ساڵدا، هەر جارێک  لە ژێر ناو و رەنگی جیاجیادا لەسەر سکی ئەو میللەتەدا دەلەوەڕێن!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە