خێڵەکیی لادێیی و خەونی دەسەڵات

Thursday, 08/10/2015, 20:19

3380 بینراوە


ئەمڕۆ لەسەر پرسیاری دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەموو شێوەکانی دەسەڵاتداری ناودەبرێن، وەک سەرۆکایەتی، پەرلەمانی، ئەوجا لە ڕووی خواستی دەسەڵاتداریی خێڵەکی-لادێییەوە ناوی دەسەڵاتدارییەکانی وەک شانشینگەرایی، کلیپتۆکراتی، تەنانەت سوڵتانیزم دەبرێن. شانشینگەرایی و سوڵتانیزم ناوی جیاوازن بۆ یەک شێوەی دەسەڵاتداری و دوو ناوی دیکە دێنە پاڵی: یەکێکیان کایزەرێتییە کە نایبیستین، ئەویدیکەیان میرگەراییە کە ڕەنگە لابەلا لە گفتوگۆدا باس بکرێت. بێگومان گەرچی ئەم ناوە جیاوازانە یەک شێوەی دەسەڵاتداریی تاکڕەو دیاری دەکەن، سەرباری ئەوە لە ڕووی هێز و قەوارەی دەسەڵاتەوە جیاوازی لە خۆ دەگرن، بۆ نموونە میر بچووکترە لە شا، هەروەها کایزەر و سوڵتان دەسەڵاتداری بەهێزن و وەک نوێنەری خودا یان خەلیفەی پەیامبەرێک دیاری دەکرێن، جگە لەوە ئەمان دەسەڵاتداری دەوڵەتی گەورە ڕووبەرن و بەمەش هێزیان پترە لە شا و میر. بەڵام نابێت لەم پەیوەندییەدا نموونەی شاهەنشا و سوڵتان لە دەوڵەتانی وەک ئێران و عوممانەوە وەربگرین، چونکە هەردووکیان زیادەڕەویی سۆزمەندانەن. بۆ نموونە سوڵتانی عوممان هیچ جیاوازییەکی لە میرەکانی ئیمارات نییە.
بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە دوو ناونان بۆ ئێمە گرنگن کە بریتین لە کلیپتۆکراتی و سوڵتانیزم. کلیپتۆکراتی بە دیدی ئەیوب بەرزانی ناوێکە بۆ دەسەڵاتی پیسخۆر. ئێمە لێرەدا دەبینین ناوەکە هەڵهێنجانە لە "کلێپتاین" (دزین) و "کراتی" (دەسەڵاتداری)یەوە. کەواتە ناوەکە لە چییەتیی دەسەڵاتدارانی هەرێم و جۆری دەسەڵاتنواندنیانەوە براوەتەوە، بەڵام تێکەڵێکە لە کاری ئاوەز و سۆز، بۆیە ناتوانێت خۆی وەک تێگەیەکی پۆلیتۆلۆگی بسەپێنێت. لێ سوڵتانیزم وەرگرتنی ڕاستەوخۆی ناوێکی دەسەڵاتدارییە لە مێژووەوە و لێرەشدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کە داخۆ ئەمە چییەتیی دەسەڵاتخوازانی هەرێم و "چانسەکان"ی پیادەکردنی دەسەڵاتیان بگرێتەوە. هەروەها ئەو پرسیارەش زیت دەبێتەوە کە ئایا ئەم واژەیە بەرئەنجامی هزرینی پۆلیتۆلۆگیانەیە لە چییەتی دەسەڵاتخوازانی هەرێم یان پتر سەرەنجامی ڕەوانبێژییە؟
"ئیزم"ی پاشگری "سوڵتان" جەخت لە ئیدیۆلۆژییەکی مەزنگەرا دەکات، ئەو کەسەش کە ئەم ئیدیۆلۆژییە وەردەگرێت، دەبێت کەسێتییەکی مەزنی هەبێت و دەرفەتە ئۆبژێکتیڤییەکانی بۆ سەپاندنی خۆ لە بەردەمدا بن. کەواتە لێرەدا پەیوەندییەکمان هەیە: کەسێتیی خۆ (ئۆتۆرێتی) و ناساندنی ئۆتۆرێتییەکە چە لە لایەن گەلەکەیەوە و چە لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەسەڵاتدا، کە ئیدی بەمە کەسێتییەکە بەڕوونی لە ململانێکانی دەسەڵاتدا دەردەکەوێت. بەڵام ئەمە لە کوردی ئێراق ناوەشێتەوە، چونکە خێڵەکیی لادێیی کورد "بە گشتی" وەک سیاسەتکار بە تایبەتی لە ١٩٧٥ بەدوواوە تەمەنی بەنێو جاشێتی و قۆنتەراتی عەسکەری و ململانێکردنی "کۆمەڵە"دا بەڕێ کردووە (جا با ئەوەی ئاوەزمەندانە بۆ پاراستنی عەشیرەتەکەی کردبێت)، لەم ڕەوتەشدا کەسێتیی خێڵەکیانەی دازناوە، جگە لەوە گەلێک نییە کە ئەوی بە پێش خۆیەوە زیت کردبێتەوە، بۆیە ناتوانێت شانشینگەرا یان سوڵتانیست بێت، بەڵکو گەر بۆی بلوێت، تەنیا دەتوانێت میر بێت، لێرەشدا لەبەرئەوەی میرێتی بەند دەبێت بە ڕەزامەندیی تاران یان ئەنقەرەوە، ئەوا خێڵەکی تەنیا دەشێت "میرۆچکە" بێت و هەردەم بەرژەوەندییەکانی سەروەرەکەی بپارێزێت. بۆیە گەر بخوازرێت ناوێکی نوێ بۆ دەسەڵاتگەرایی خێڵەکییە کوردەکانی ئێراق دابنرێت، ئەوا پێدەچێت "میرۆچکەگەرایی" نالەبار نەبێت. ئاخر خوازیاری دەسەڵاتەکە لە سەرەتاوە دەزانێت (نەشیاوە نەزانێت!) کە ئەو لە لاوازیی کەسێتی و "بڕی دەسەڵات"ەکەیەوە (ڤێبەر) تەنیا پێی دەکرێت میرۆچکە بێت. لێرەدا لاوازیی کەسێتی بڕیاردەری سەرەکییە لەوەدا کە ئەو دەسەڵاتی میرۆچکەیەک قبووڵ بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە