پەیامێک بۆ چوار حیزبەکە

Thursday, 08/10/2015, 20:22

2715 بینراوە


ئێوە بتانەوێت و نەتانەوێت هاوبەشى هەموو ئەو شکستانەى کابینەى هەشتى حکومەتى هەرێمن، چونکە هەرخۆتان کابینەکەتان ناونا کابینەى بنکە فراوان، کەچى ئەوەتا بە بەرچاوى خۆتانەوە بووە بە کابینەى بنکە قەیران، ئێوە هەموو قەیرانەىکان دەخەنە ئەستۆى پارتى ، ئەگەر پارتى ئەوەندە زاڵ و دەستڕۆشتوە لە کابینەى هەشتدا و هەموو جومگە هەستیارەکان بەدەستى ئەوەوەیە ئەى ئیتر ئێوە بەدیار چیەوە دانیشتوون؟؟؟ ئەگەر دەزانن ناتوانن خاوەنى بەڵێنەکانى سەردەمى هەڵبژاردنەکان بن! ئەى هەڵبژاردنى داهاتوو لە ژێر چ دروشمێکدا داوا لە دەنگدەران دەکەن تا دەنگ تان پێ بدەن؟ ئایا بە بەشداریتان لە کابینەى هەشت توانیتان بە ئاراستەى کەمکردنەوەى قەیرانەکان کاربکەن یان قەیرانەکان چەند هێندە بونەوە؟!  قەیرانى نەوت ، سوتەمەنى، گەندەڵى، کارەبا، کشتوکاڵ ، پەروەردە ، پێشمەرگە ، دواکەوتنى موچە و دەیان قەیرانیتر لە سەردەمى کابینەکەى ئێوەدا زیادیکردوە یان نا؟ بەپێى بەدواداچونى ڕێکخراوێک کابینەکەى ئێوە بەدەست 42 قەیرانەوە دەناڵێنێت!
 ئەگەر دڵ بەوە خۆش دەکەن کە حیزب ونوێنەرەکانى ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانەوە پشتگیرى لە داواکارى خۆپیشاندەران دەکەن، دەخۆ نوێنەى پارتیش لە سلێمانى هەمان پشتگیرى هەیە بۆ خۆپیشاندەران؟
گەورەترین هەڵەى سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەى خولى پێشوو ئەو بەشداریەبوو لە کابینەى هەشت! چونکە هەرسێ لایەنەکە پێشتر ئەزمونى بەشداریان لە حکومەت تاقى کردبویەوە و دەشیانزانى کە ناتوانن خاوەنى بەرنامەى کارى خۆیان و بەڵێنەکانى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان بن! ئیتر بەم بەشداریەتان چیتان گۆڕى؟ ئێستەش ئەم بێدەنگى و بێ ئیرادەیى و مانەوەتان لە کابینەى هەشت لە هەڵبژاردنى داهاتودا باجى ئەو هەڵانەتان دەدەن.
ئەگەر چارەسەرى قەیرانەکانتان پێ ناکرێت دەى ئەمانەتەکە بدەنەوە دەست خاوەنەکەى؟ ئاخر وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى لێدەرچێت ، وەزارەتەکانى ئێوە قەیراناویترین وەزارەتن، وەک وەزارەتى دارایى و پێشمەرگە و کارەبا و کشتوکاڵ و ئەوقاف .
ئێستە قەیرانەکان قوڵ بونەتەوە و نادادپەروەریەکان گەشتونەتە لوتکە و ئیتر خەڵکیش ئارامى لێ بڕاوە و لە ئان و ساتى تەقینەوەدایە، تکایە بەدواى چارەسەرى خێرا و یەکجارەکى قەیرانەکانەوە بن، ئەگەر نا خۆ ڕێگەى ماڵەوە دەزانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە