منیش دەڵێم " کەس بەدیلی مەسعود بارزانی نییە"

Friday, 09/10/2015, 22:59

3434 بینراوە


تەواوی لایەنگرانی پارتی دەڵێن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کەس بەدیلی کاک مەسعود نییە ، بێگومان منیش هەمان بۆچوونم هەیە بەڵام بە شێوەیەکی واقعیانە نەک وەک لایەنگرانی پارتی تەنهاعاتیفیانە بە بنەما بگرم ، چونکە ئێمەی کوردەواری کوشتەی عاتیفەین و ئەو عاتیفەیەش وەها دەمانخاتە گێژاوەوە کە هیچ کاتێک ڕاستیەکان بەدی نەکەین .
بۆ نموونە ئەگەر واقعیانە لە دە سەڵ تەمەنی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بڕوانین ئەوا زۆر ڕووداوی سەرسوڕهێنەر دێنە پێش چاو کە هیچ بەرپرسێک لە جیهاندا بیری لە ڕووداوی لەو جۆرە نەکردۆتەوە کە دووچاری گەلەکەی بکات . بەشێک لەو ڕووداوانەش کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی  مەسعود بارزانیدا ڕوویاندا بریتین لە :-
1- کارەساتی دڵتەزێنی شەنگال، کە بە پێی ئاماری وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێم (ئەگەرچی بە کەمیشەوە گوتراوە) 435 هەزار مرۆڤ ئاوارە بوون، 1800 کەس کۆمەڵکوژ کران، لە گوندی کۆجۆ 400 پیاو پێکەوە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژران، زیاتر لە 5000 ئافرەت دەستدرێژییان کرایە سەر و وەک کۆیلە فرۆشران، ٦٠٠ پیر و منداڵ لە برسان مردن، زیاتر لە ٥٠٠ کەس بێ سەروشوێنن، ١٤ پەرەستگەی ئێزیدی تەخت کران . بڕوانە ئەم لینکە :
2- زیاتر لە چارەکێکی باشووری کوردستان بەبێ هیچ جۆرە بەرگریکردنێک ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) کرا، ئەو ڕووبەرەش لە شەنگالەوە تا مەخموور و لە تەلکێفەوە تا حەمدانیەی دەگرتەوە، کە دەیان شار و زیاتر لە هەزار گوند لە خۆ دەگرێت.
3- ئاشکراکردنی هەموو داهاتی ژێر زەوەی باشووری کوردستان و دامەزراندنی سەدان کۆمپانیای چاوچنۆکی داگیرکەران، کە بەم کردەوەیەش گەورەترین قەیران بۆ ئەو ناوچانە دروست کرا، کە بە درێژایی مێژوو هیچ گرفتێکیان نەبوو.
4- واژۆکردنی گرێبەستی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیای داگیرکەردا، کە بە پێی ئەم گرێبەستە تا ٥٠ ساڵی دیکە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی هێجگار کەم بە تورکیا دەدرێت، ئەم کردەوەیە تاوانێکی هێندە گەورەیە، باوەڕ ناکەم لە مێژووی کورداندا تاوانی هێندە گەوەرە ئەنجام درابێت.
5- ڕێگە گرتن لە گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، چونکە بە گوتەی پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا هەم نوری مالکی و هەم هادی العامری لاریان نەبووە ئەگەر مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆسەر هەرێم، بەڵام ئەوەی ڕێگری لە جێبەجێکردنەکە کردووە عارف تەیفور بووە، کە بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێم دژی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بووە.
6- خەندەوق هەڵکەندن بە ڕووی ڕۆژاوای کوردستاندا و گەمارۆ خستنە سەر دانیشتوانەکەی تاکو لە ناچاریدا تەسلیم بە جەبهە النوسرە و دەوڵەتی ئیسلام(داعش) ببن.
7- ئاژاوە سازکردن لە ڕۆژاوای کوردستان و هاوکاریکردنی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەعسیانەی، کە لە ترسی تۆڵەکردنەوە پەرتەوازە ببوون و پڕ چەککردنیان بە ناوی (پێشمەرگەی ڕۆژاوا)وە . بڕوانە ئەو ڤیدیۆیەی کە لە یوتوب لە سەرەوە  دانراوە.
8- بڕینی بژێوی خەڵک و داگیرکردنی تەواوی شوێنە گشتیەکان، کە بە باوەڕی من هیچ جیاوازیەک لە نێوان زەوتکردنی بژێوی و زەوتکردنی ئازادیدا نییە (هەرچەندە هیچ جۆرە ئازادیەک لە سایەی ئەو دەسەڵاتەدا بەدی ناکرێت).
9- هەوڵدان بۆ بە مەزهەبیکردنی دۆزی کوردان و سازکردنی فیتنەی دینی و مەزهەبی لە نێو کورداندا، بەهۆی ئەو هاوپەیمانیە ترسناکەی لە نێوان تورکیا و پارتی و داعشدا پێکهاتووە.
10- بە دەسەڵاتگەیاندنی ئەندامانی بنەماڵە و تیرۆرکردنی سەدان ڕۆشنبیری ڕەخنەگر لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی ، نموونە تیرۆرکردنی زەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و .....هتد .

ئەم چەند خاڵە مشتێکە لە دەریایەک کردەوەی هاوشێوە لە سەردەمی سەرۆکایەتی  مەسعود بارزانییدا، کە باوەڕ ناکەم هیچ کەسێکی دیکە ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم وەربگرێت کردەوەی قێزەونی لەو چەشنە قبوڵ بکات، لەبەرئەوە منیش دەڵێم بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هیچ کەسێک بەدیلی مەسعود بارزانی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە