کێشە موچە و سەرۆک نییە کۆمەڵگایە پێویستە خۆی رێکبخاتەوە

Saturday, 10/10/2015, 0:24

2622 بینراوە


نەبوونی موچە ئەنجامی نەبوونی دەستەڵات و سیستێمێکی سیاسییە. چارەسەر دانی موچە و رێکەوتنی پارتەکان نییە لەسەر پۆستی سەرۆک.
وەکو "کۆنتراکت" پانزە ساڵ لەمەوبەر رایگەیاند، چارەسەر لە دەرەوەی پارتەکانە. ئەوان ئەو قۆناغەیان بەجێ هێشتووە رەخنەیان لێ بگیرێت. پارەتەکان و ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەی کە دروستیان کردووە خۆیان گرفتن و سەرچاوەی قەیرانن. ئەمە راستییەکی سەلماوە بۆ هەموو لایەک. کەچی جەماوەر بە تازەکردنەوەی ملکەچیی بۆ دەستەڵات لە رێگای دەنگدانەوە هەموو جارێک رەوایی داوەتەوە بە کۆیلەیەتیی خۆی. کۆیلەش هەر بەو جۆرە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت کە دەستەڵات دەیکات.
میللەتێک چی بۆ خۆی دانابێت لای دەستەڵات ئەویش بەو پێیە تەماشای دەکات. بۆیە گۆڕان لە میللەتەوە دەست پێ دەکات. لەوێوە دەست پێ دەکات کە ئێمە سەرمان لەم تورەکەیە دەربهێنین کە بە دوای شوانێکی باشدا بگەڕێین. واز لەوە بهێنین کە هەموو جارێک شەیتانێک بکەین بە رەحمان. کارەساتەکە ئەوە نییە کە شوانێکی باشمان نییە. بەڵکو ئەوەیە کە وا دەزانین دەبێت شوانمان هەبێت. گۆڕان لەوێوە دەست پێ دەکات کە هەر یەکە لە ئێمە خۆی بگۆڕێت. سەرپوت نەبێت، بە گوێرەی پرەنسیپی موراڵیی بیر بکاتەوە، شەنوکەو بکات و هەڵوێست بگرێت.
چارەسەر خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگایە. رێکخستنەوەیەک کە دەستەڵاتێکی سیاسیی دروست بکات بەرگریی لە نیشتمان بکات و کۆمەڵگا ببات بەڕێووە. بەڕێوەبردنێک کە بە تەواویی ئەم رەوشەی ئێستای تیادا نەمێنێت کە رەوشی تاڵانیی، بەرکەوت، پیسخۆریی و ناپاکییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە