با کوردستان سوتماک نەکەین

Sunday, 11/10/2015, 10:55

3598 بینراوە


پەیامێک بۆ خەڵکى راپەڕیوى کوردستان
دیارە لە کوردستان رق و تووڕەییەکى پیرۆز لە ناو هاوارو دەنگى خەڵکدایە، لە ناوسینەو دڵو دەروونى ژن و کچ و کوڕو دایکى شەهیداندایە ، بێزابوون لە ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى ، لە ناعەدالەتى سیاسى ، لە ناعەدالەتى ئیدارى، تا سەر لووتى زۆرینەى گەنجە بەش مەینەت و هەژارەکانى کوردستان هاتووە ، بێباکى حزبەکان و نانیشتمان پەروەرى و هەلپەرستى و خۆپەرستى سەرکردەکان خەون و ئومێدى هاوڵاتیانى ئەو وڵاتەى زیندە بەچاڵ کردووە ، دزى و جەردەیى و درۆزنى و بێبەڵێنى حزبەکان ، بەها پیرۆزەکانى ئەم نیشتمانە بریندارەى چرووک کردووە ، روو رەشى و دوو روویى و بێهەڵویستى سیاسەتمەدارانى ئەم وڵاتە ، خودى بێهەڵوێستى و دووروویى و روورەشى شەرمەزار کردووە ، ترسنۆکى و پەتپەتێن وپوولەکیەتى و چرووکى بەنارۆشنبیرانى ئەم میللەتە ، هاوارو فیگانى رۆشنبیرى و رۆشنبیرى راستەقینەى گەیاندۆتە کەشکەلانى ئاسمان ، ئێمە دەزانین ئەمانە هەموو شتێکى پڕواتیان لەو وڵاتەدا بێواتا کرد ، هەموو شتێکى پیرۆزى ئەم وڵاتەیان نا پیرۆ ز کرد ، هەموو جوانیەکى ئەم وڵاتەیان قێزەون کرد ، هەموو پاکى و خەونی سادەى ئەو وڵاتەیان لە گۆڕناو چرووک پێکرد ،.
بەناو شۆڕشگێڕە کۆنەکان و دزە نوێیەکانى ئەم وڵاتە ، هەموو شتێکى وڵاتیان دزى ، هەوا ، ئاگر ، ئاسمان ، ئاخ ، چى هەبوو بردیان بۆ خۆیان ، لە دوژمنەسەرسەختەکان دزو دڕندەتر دەرچوون ، لە دوژمنە سەرسەختەکان زیاتر تینووى خوێنى مناڵى هەژارانى وڵاتەکەم بوون ، لە دوژمنە سەرسەختەکان زیاتر ئازارى کوردستانیان دا ، لە دوژمنە سەرسەختەکان زیاتر سووکایەتیان بە دایکى نیشتمان کرد، لە دوژمنە سەرسەختەکان شێلگیرانەتر ئەو وڵاتەیان خاپوور کرد ، ئەنفالى ئەو شەمشەکوێرە کوردانە ، لە ئەنفالى بەعسیەکان گەورەتر بوو ، لە ئەنفالى بەعسیەکان مەترسیدار تر بوو ، لە ئەنفالى بەعسیەکان خوێناوى تر بوو، لە ئەنفالى بەعسیەکان زۆر زۆرتر بوو ، ئەگەر بەعسیەکان 182000 کوردیان ئەنفال کرد ، ئەوانە هەموو کوردیان ئەنفال ، مرۆڤ ، زەوى ، وشە ، جوانى ، تەنانەت مێژوو داهاتووى ئەم وڵاتەش خەریکە ئەنفال دەکەن!تووڕەیى خەڵکى ماف خوراو ، ئازارى هەناوە برسیەکان ، نرکەى مناڵە بێنازەکانیش ئەنفال دەکەن ، دەیانەوێ تووڕەیى پیرۆزى خەڵکیش بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکار بهێنن و ئەنفالى بکەن ، دەیانەوى کاوێژ لەسەر سکى برسیەکانیش بکەن ، دەیانەوێ لەرێگاى تووڕەیی پیرۆزى خەڵکەوە کوردستان سووتماک بکەنەوە ، دێگەڵە بکەنەوە بە سنوور ، لە سێ بەناو شار دوو پایتەختى چرووک دروست بکەن ، دەیانەوێت پارووى ناودەمى مناڵەکانیشتان دابەش بکەن ...
تکایە با ئەو تووڕەییبە بۆ بەرزکردنى وڵات بەکاربێت ، بۆ پێشخستنى وڵات بەکاربهێنرێت ، تکایە رێگا مەدەن بازرگانى بە تووڕەبوونتانەوە بکرێت ، تووڕەبوونى ئێوە ئەرکى بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەو رزگارکردنى کوردستانە ، ئەرکى نەهێشتنى گەندەڵیە ، ئەرکى بڕینى دەستى دزەکانى ئەم وڵاتەیە ...تکایە رێگامەدەن تووڕەییەکەتان دابەش بکەن ، تووڕەیى ئێوە دژى زەردو دژى سەوزو دژى شین و دژى سپى و دژى هەموو ئەو بەناو حزبانەیە ، کە وڵاتیان هەراج کردوە ، رێگا مەدەن بازرگانەکانى شەڕ تووڕەییەکەتان بدزن ، تووڕەییەکەتان لەکەدار بکەن ، تووڕەییەکەتان لە ریرەوى راستەقینەى خۆى وەلادەن ، ئەو بەناو حزبانە بە هەموو رەنگەکانیانەوە درۆیان لەگەل ئێوە کرد ، نەک هەر دەوڵەتیان رانەگەیاند بگرە شەڕى هەموو دەرفەتەکانى بە دەوڵەت بوون دەکەن ، نەک کۆمەڵگایان بەرەو سوسیال دیموکراتى نەبرد ، بگرە کۆمەڵگایان کردە کۆمەڵگاى برسیەکان ، نەک شەڕى دزەکانیان نەکرد ، بگرەوشتى لەگەڵ دزەکان بوونە برا بەش و لەسەر مێزى خوێناوى ئەواندا پێکى درۆى گەورەى چاکسازییان هەڵدا،نەک کۆمەڵگایان فێری ئاین و ئاکارو رەوشتى جوان نەکرد ، بگرە ئەوەى ئاکارو ئاین لەم کۆمەڵگایە هەبوو لەباریەکیان دەرهێناو هەڵیانوەشاندەوە، تکا دەکەم تووڕەیى پیرۆزى خۆتان مەخەنە کاسەى پیسى ئەمانەوە ، ئەگەر بڕیار بێت بڕۆن ، با ئەو قۆناغە هەموو تووڕ هەڵدەین ، با هەموو ئەو چارە دزێوانە لەسەر دیوارى ئەم رۆژگارە بسڕینەوە ، تکا دەکەم با تووڕەیى پیرۆزى ئێوە ببێتە هۆى نەهێشتى ئەو هەموو چارە قێزەونە ، ببێتە هۆى یەکگرتنى میللەتەکەمان ، نەک ببێتە هۆى شەڕى نێوخۆو سوتماکەکەش هەر ئێوە بن ، زیندانیەکانیش هەر ئێوە بن ، بێ سەرو شوێنەکانیش هەر ئێوە بن ، تکایە با تووڕەییەکان ئەقڵمەندانە بێت ، تکایە تووڕەییە پیرۆزەکەتان با بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان بێت نەک بۆ سووتماک کردنى ، تکایە ، تکایە، رێگا مەدەن ، ئازارى پیرۆزى ئێوە بۆ مەبەستى گڵاوى سیاسى خۆیان بە کاربهێنن ، تکایە رێگا مەدەن ، هوشیارى و مەدەنى و پەیامى پیرۆزى ئێوە بۆ دووبەرەکى شەڕەکى کوردکوژى و دزین و سووتماک کردنى زیاترى کوردستان بەکار بهێنن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە