كورد بەسە دوژمنی خۆت بناسە

Sunday, 11/10/2015, 13:59

5218 بینراوە


بەدرێژایی مێژووی ئێمەی كورد خاڵی لاوازمان لەبەرامبەر داگیركەرانی كوردستان، ناكۆكی ناوخۆیی و نەناسینی دوژمنی خۆمان بووە، بۆیە زۆر بەئاسانی هەموو شۆرش و ڕاپەڕینەكانمان سەركوت كراوە، و سەرەنجام نەبوینەتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەكاتێكدا كورد ئێستا  لەرووی نێودەوڵەتیەوە  پێگەیەكی بەهێزی هەیە لەشەڕی دژی تیرۆردا و كەسایەتیەكی وەكو ڤلادیمێر پوتن،سەرۆكی ڕوسیا، لەنەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی ڕۆڵی كورد دەكات لەشەڕی دژی تیرۆردا،  بەرخۆدان و بەرگریی قارەمانانەی گەریلا و یەكینەكان لە قەندیل و لە باكوور و لە رۆژئاوا لە بەهێزبووندایە... هەقە خەڵكی زۆر هۆشیارانە ڕەوشەكە هەڵبەسەنگێنن و بوار نەدەن  داگیركەرانی كوردستان لە ڕژێمەكانی ئێران و توركیا و دەوڵەتی عیراق ڕەوشی ناوخۆ و ماڵی كورد لەهەر چوارپارچەكە پەرت بكەن و پیلانی گڵاوی خۆیان زیاتر جێبەجێ بكەن....
 كوردستان كەلەسەر دەریای نەوتەو ڕۆژانە بە هەزاران بەرمیل نەوت دەنێردرێتە دەرەوە،  بەڵام بەهۆی هەڕاجكردنی ئەم نەوتەوە بۆ توركیا و ئەردۆغان لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسیەوە، ئێستا حكومەتی هەرێمی نابووت بووە و ناتوانێ مووچەی كارمەندانی خۆی بدات و بەدەین ملیار دۆلار قەرزارە!
لەولاشەوە ڕژێمی ئێران ڕاستەوخۆ لەڕێگای تانكەرەوە سودمەندە لە نەوتی كەركوك و چاویشی بڕیوەتە نەوتی پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی.. ئێران و سەرجەم دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان هەمیشە هەوڵی نانەوی پشێوی و ئاژاوە دەدەن لەهەر چوارپارچەكەی كوردستاندا، و دەیانەوێ كورد بەدەستی كورد لاواز بكەن، لەمەشدا پەیامی ئێران ئەوەیە ئەویش وەكو توركیا دەیەوێت نەوتی كوردستانی بۆ هەڕاج بكرێت و ڕێكەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵدا واژۆ بكرێت.
دەوڵەتی عیراقیش بەو گەمارۆ ئابوورییەی دووساڵە لەدژی هەرێمی كوردستان جێبەجێی  دەكات، دەیسەلمێنێت بەشێكە لە پلانی داگیركەران لەدژی كوردان....
لەجیاتی ئەوەی بەرژوەندی و ستراتیژی نەتەوەیی بكەنە ئامانج، هەموو ئامانجی پێنج حزبە دەسەڵاتدارەكەی باشووری كوردستان  بەرژوەندی و پۆستی حزبیە! ئەگەر وانیە بۆ ماوەی شەش مانگ زیاترە لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم ڕێك ناكەون؟! دوای نۆ كۆبونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجامی كۆبونەوەكانیان پێنج سفر بوو!
هەموو گوتار و وتاری ئیعلامی و سیاسی پێنج حیزبە سیاسیە دەسەڵاتدارەی هەرێم- كە بەرپرسن لەهەمو قەیران و كێشەكانی باشووری كوردستان- بێجگە لە گوتاری سواو و بێ مەعناو قۆڕ هیچی تر نیە و بە حیسابی خۆیان دەیانەوێ بەو قسە پواو و سواوانە خەڵكی بگەوجێنن!
لە 17ی شوباتەوە ئەو پێنج حیزبە بە كۆنە ئۆپۆزسیۆن و یەكێتی و پارتییەوە باسی چاكسازی دەكەن بەڵام هیچیان نەكرد و لەبەرئەوەی:-
- ئەگەر ڕاست دەكەن ئێوە دەتانەویست چاكسازی بكەن بۆ دوای 17ی شوبات تەقەكاران و ئەوانەی خوێنی گەنجیان بە ناهەق ڕشت بۆ ڕاپێچی دادگاتان نەكرد؟
- لە 17ی شوباتدا نوێنەرەكانتان لەسەرای ئازادی دەمیان بەقەد تاكە نەعلێك كردبۆوە و بە وتاری حەماسی باسی چاكسازی دارایی و ئیداییان دەكرد، و ئێستا چوونەتە پەرلەمان: ئەی بۆ لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا دیسان دەمتان بە قەد تاكە نەعلێك نەكردەوە و بڵێن با یەكەم شت مووچەی پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و پلەباڵاكان كەمبكرێتەوە؟! یان كە پارەتان دی خۆتان و خوا و بەڵێنتان لەبیرچۆوە!
- هەموو بەرپرس و پەرلەمانتار و وەزیر و كادێر و تەنانەت لایەنگرانیشتان كە دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن هەر باسی (چاكسازی) دەكەن، بەڵام تەنها قسەی بەتاڵ و بێ كردەوەیە؟!
- لە ساڵی 1991 ەوە ئەو پێنج حیزبە بە تایبەتی یەكێتی و پارتی داهات و خێربێر و نەوت و زەوی و ئاسمان و ژێر زەویتان دابەش كرد بەسەر خۆتان و ئەندام و لایەنگرانی خۆتاندا....ئینجا خۆ هیچ رژێمێكی دڕندە و بەعسیش وەكو ئێوەی نەكردووە!
- نازانم ئێوە چی منەتێك بەسەر ئەم خەڵكەدا دەكەن؟! چی نەما بە خەڵكی نەكەن؟! هەر ئەوە ماوە سەرانە لەخەڵك بسێنن!
-  ئەم وڵاتە موڵكی هیچ حزب و بنەماڵەیەك نیە بۆیە هەموو هاوڵاتیەكی ئەم وڵاتە مافی خۆیەتی پشكی لە داهات و خێری ئەم ولاتەدا هەبێت.
دواتریش كە خۆیان ململانێ كانیان بۆ یەكلایی نەكرایەوە هەندێك لەم حزبانە بوونەتە داردەستی دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەیانەوێ لەڕێگای خەڵك و توندوتیژییەوە باڵانسی هێزی خۆیان لەبەرامبەر یەكدی بگۆڕن! وەكو بینیمان نامەردانەش تەقەیان لە گەنج و لاوی خێرلەخۆنەدیوی كورد كرد و لەچەند رۆژی ڕابردوودا چوار گەنجیان لە شاری قەلادزێ و كەلار شەهید كرد و بە سەدان خۆپیشاندەر و هاوڵاتی سڤیلیان برینداركردووە! دواتریش بە قسەی لوسی سیاسی شین دەگێڕن و فرمێسكی تیمساحی بۆ شەهید و قوربانیەكان دەڕێژن! ئائەمەیە سیاسەت و گوتاری دیماگۆگیەتی حزبە دەسەڵاتدارەكانی باشووری كوردستان!
لەكاتێكدا داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەڕاست لە كۆتایی نزیك بۆتەوە، بەهۆی ئەو دابەشبوون و دابڕانەی هێزە كوردییەكان و لە غیابی نەبوونی ستراتیژێكی نەتەوەیی واژۆكراودا، چاوەڕوان ناكرێت ئایندە و پێگەی كورد لە نەخشە تازەكەدا لەبەرژەوەندی نەتەوەیی باڵای كورد بێت و ئەمەش جارێكی دیكە دەیسەلمێنێت "مێژووی ئێمە خۆی دووبارە دەكاتەوە" و ئێمە سوود لەمێژووی خۆمان وەرناگرین و دوزمنی خۆمان ناناسین كە چۆن بە سیاسەتی "پەرت بكە و زاڵ بە"  هەموو دەستكەوت و شۆڕشێكی كوردیان لە ناوبردووە.

* وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس و ئەندامی دامەزرێنەری بزاڤی چاكسازی و گەشە 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە