مەسعود پاشا بە عەسای عەرشەکەیەوە نوساوە

Sunday, 11/10/2015, 18:59

3653 بینراوە


ئەوە نە منم نە هیچ نوسەرێکی ترە ئەم ناوەی لە سەرۆکی هێژا نابێت و کردبێتیە بابەتی گاڵتەجاڕی. بەڵکو ڕۆژنامەی ( دێ ستاندارت)ە کە یەکێکە لە ڕۆژنامە ناسراوەکانی بەلجیکای پایتەختی ئەوروپایە. هەرلە یەکەم ڕۆژی بەسەرچونی سەرۆکایەتیە دووساڵ بە قەرار درێژکراوەکەی ڕۆژنامەی ستاندارت ئاوای ناولێناوە. دیار بابەتێکی ئاوا و بە کورسیەوە نوسانی بارزانی بۆ ئێمەمانان چاوەڕوان نەکراو نەبووە بۆیە ڕاستەوخۆ نەبۆتە جێگای لەسەر ڕاوەستانمان و هیچ نوێکاریەکی تیا نیە . بەڵام وا پێدەچێت نوێنەرانی بنەماڵەی بارزانی لە برۆکسل چاویان ئەو دەربڕینە ڕۆژنامەوانیە کۆمێدیە بۆ بەلجیکیەکان و تراجێدیە بۆ ئێمە نەبینن بۆیە تەنها لەسەر لاپەرەی فەیسبوك و ڕۆژنامە و گۆڤارە ڕوو زەردەکانی حیزبەکەیان تەنها مەتح و سەناکاکان بەسەر بارزانی دا بڵاودەکەنەوە و بە هەق و ناهەق دەیانەوێت ئیبرازی بکەن. تەنها چوار هەفتە بەسەر ئەم گاڵتە پێکردنە بە بارزانی و شەرمەزارکردنی لەبەر دەم ڕای گشتی هۆڵەندی زوبانەکاندا تێپەڕیبو کە نوێنەری حکومەتی هەرێم دلاوەر ئاژگەیی لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆیدا بە جۆرێك لە مامەڵەی پەرلەمانتاری ئەوروپا و سێناتەکانی بەلجیکا دەدوێت وەك ئەوەی دیداری چەند ئەندام سێنات و پەرلەمانتارێكی ئەوروپا لەگەڵ مەسعود پاشا دانپیانان بێت بەدەسەڵاتی  ناڕەوای بارزانی  و پێشێلکەری سەرەتاترین بنەماکانی سیستەمی دیموکراتی. وەك ئەوەی تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی وڵاتی بەلجیکا و ئەوروپا لە ناخەوە و وەکو ئەو بە ئیعچابەوە لە مەسعود پاشا بڕوانن. 
هێزی هەرێمی کوردستان لە دیموکراتیەتیدایە ئەمە ووتارێکە لە بەرواری 01.05.2009 لە ماڵپەڕی کوردستانی نوێدا بڵاوم کردۆتەوە و ئێستا و سەد ساڵی تریش هەر هەمان ڕام دەبێت. تەنها چەکێك بەدەست خەڵکی کوردستانەوە هەبێت دیموکراتیەت و چونە ناو بازنەی وڵاتانی دیموکراتیەوەیە نەك پشتیوانی  سەربازی سەردەمیی و کاتی وڵاتانی زلهێز و شڕە میلیشیای بنەماڵەکان و گرتنەوەی باکوری ڕۆژهەڵاتی جەلە ولا یان خازر! لە لایەن فەرماندە دۆنکیشۆتیەکانی وەکو سیروان و مەنسور و مەسرور و قوباد و باوڵ و لاهوڕ و فەریکە بەرزانی و تاڵەبانیە تازەپیاکەوتووەکانی تر. نەك چەند ملیۆن و ملیاردی سەرانی دەسەڵات لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات. 
با ئەمڕۆ بەناو دبلۆماتکارەکان بە ئەو زەردەخەنە و پشتیوانیانە ساویلکە و خۆشباوەڕەکان هەڵخەڵەتێنن کە “ڕۆژئاوا پشتیوانمانە” و “ئێستا لە هەموکاتێك زیاتر پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکرێت”. با لە لاپەڕەی فەیسبوکەکانیان دا بکەونە باسی گرنگی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ وڵاتانی دژ بە تیرۆر. با خۆیان لێ ببێتە نوێنەری وڵاتانی دیموکراتی و سەنگەری پێشەوەی پاراستنی گەلانی ئەوروپا. تەواوی ئەم خەونە خۆشانەیان تەنها تا ساتێکە کە کۆتایی بە مەترسیەکان دێت و و مەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا کاڵدەبێتەوە. ئەوسا ئەگەر ئاشبەتاڵیشیان پێ نەکەن بە دڵنیاییەوە چۆن چاویان لە تاوانەکانی ڕژێمی بەعس داخست و ئێستاش چاویان لە ئاستی زنجیرە ئیعدامەکانی جمهوریەتی ئاخوندەکان وتاوانی تورانیەکان نابینایە هەر هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێتەوە. تەنها هۆکاری گرنگ بۆ ئەم پشتێێکردنەش ئەوەیە کە سەرانی هەرێمیش جیاوازیەکی لەبەرچاویان نیە لەگەڵ سەرانی تری تۆتاڵیتێری وڵاتانی دونیای سێهەم و جێگای پشت پێبەستن نین و مانەوەیان  هەرگیز هەمیشەیی نابێت، لەبەرئەوەی خاوەندی سیستەمێکی سەلیم نین کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادیەکان و ئاسایش  بپارێزێت. بەڵکو سیستەمیکتان هێناوەتە دی زوو یان درەنگ پەیوەندی و دەستخستنەناودەستیان لەسەردەمانی ئاساییدا ئابڕوچون بەسەر سەرانی وڵاتانی دیموکراتا بێنێت.
ئەمڕۆ هەلومەرجێك بۆ مەسعود پاشا هاتۆتە کایەوە کە کەسانی وەکو (ئانا گۆمێزی) پەرلەمەنتاری ئەوروپا میوانداری بکات لە پایتەختی گەندەڵی و سەرکوتکردنەوەی ڕای ئازاد و دیموکراتیدا. هەر هەمان ئەو خاتونە نەبو کە لە کۆنفرانسی هەمان ئەو پاشایەدا لە برۆکسل روبەڕو پێی گوت کە ( لێرە باس لە دیموکراسیەت و هاوکاری ئێمە  دەکەیت و لە وڵاتەکەی خۆت ئازادیەکان پێشێل دەکەن!). تۆ بڵێی هەر هەمان ئانە گۆمێزەکان و میوانە پایە بەرزەکانی تریشی  جارێکی تر پاش کۆتایی مەترسی داعشی خێروبەرەکەت بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەکان و بەدبەختی بۆ خەڵکی کوردستان هەر وەکو جاری جاران دوبارە لەسەر پێشێلیەکان ڕوبەڕوتان نەبنەوە و شتێکی هاوبەشیان نەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا کە بۆ بەهێزتر پشتیان تێ نەکەن و لە هەمانکاتدا بە دەربڕینە گاڵتەجاریەکانی رۆژنامەکان زەردەخەنە نەیانگرێ؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە