شرۆڤەی سایکۆلۆجی بۆ کارە دڕندانەکانی داعش

Monday, 12/10/2015, 5:46

5996 بینراوە


ئیان رۆبیرتسن 
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد 
لە کاتێکدا چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق ء شام بە بیانووی بێباوەڕی بە هەزاران کەسیان سەربڕیوە و دەستیان بەسەر ژن ء منداڵیشیاندا گرتووە، زۆرێک لە خۆرئاوا پێیانوایە ئەمە دەرکەوتنی تەرزێکی بێوێنەیە لە دەمارگیریی ئیسلامی. پاش داگیرکردنی شارۆچکەیەکی موسڵمانەکانی بۆسنە لە 11/حوزەیرانی 1995 لەلایەن سربە مەسیحییەکانەوە کە قەسابخانەیەکی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژرانی 8000 موسڵمانی بۆسنی لە سربرینیچە، جینۆسایدی توتسی لەلایەن هوتووە لە رواندا، قەتڵ ء عامی خەمیرە سورەکان لە کەمبۆدیا، جینۆسایدی جولەکە و قەرەج ء کەمئەندامەکان لەلایەن نازیەکانەوە.... لیستی وەحشیگەرییەکان ئەوەندە زۆربوون کە مایەی پەژارەیەکی یەکجار گەورەن.

وەحشیگەری هەر وەحشیگەری لێدەکەوێتەوە 
بنەچەی وەحشیگەری چییە؟ دەکرێت بیگەڕێنینەوە بۆ ئاین یان ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو؟ بەشی یەکەمی وەڵامەکە لەوە دەچێت ئاسان بێت: وەحشیگەری هەر وەحشیگەری بەرهەم دەهێنێت. دڵڕەقی، شەڕانگێزی ء کەمی بەزەیی وەڵامدانەوەیەکی باوە لای ئەو کەسانەی کە خۆیان بە توندییەوە مامەڵەیان لەگەلڕ دەکرێت. هەر بۆ نمونە لەنێو کامپە زۆرەملێکانی نازییەکاندا، زۆرینەی پاسەوانە دڵڕەقەکان لەوانە بوون کە بۆ خۆیان لە پێشتردا لە زیندانی بەدناوی kapos  زیندانی بوون. ئەو منداڵانەی کە لە رووی سێکسییەوە مامەڵەی خراپیان لەتەک دەکرێت بەتایبەتی کوڕان، پتر رێیتێدەچێت ببنە کەسانی لاقەکەر کاتێک گەورە دەبن. بە واتایەکی دیکە، گەلێکجار قوربانییەکان گوزارشت لەو برینانەی نێو خۆیان دەکەنەوە. 
ترس ء بیمی بۆردومانی بەغداد و داگیرکردنی لە ساڵی 2003 بووە هۆی جۆشدانی توندوتیژی ء نەمانی یاسا و دروستبوونی پشێوی لە وڵاتدا. بەشێکی کەم لە عێراقییەکان توانیویانە قوتاریان بێت لەو کارە دڕندانانە، لەنێویشیاندا ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و رەشەکوژی تایەفی،  بە جۆرێک کە مەزەندە دەکرێت لەنێوان 2003 بۆ 2011 پتر لە 114000 عێراقی کوژرابن ء بە سەدان هەزاری دیکەش بریندار بووبن. هەر بۆیە هەندێک لەو قوربانیانە کە زیاتر پیاوانن هەنوکە لە موسلڕ ء ناوچەکانی دەوروبەریدا بانگەشەی وەحشیگەرانە دەکەن، بەڵام قوربانیبوون بە تەنیا وەحشیگەریمان بۆ روون ناکاتەوە. کاتێک دەوڵەت دەروخێت، لەگەڵیدا یاسا و رێسا و بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنیش هەرەس دەهێنن، تەنیا سەرچاوەیەک کە خەڵکی خۆیانی تێدا ببیننەوە دەستە و گروپەکانن. ئیدی ئەو گروپانە لەوانەیە گروپی ئاینی، رەگەزی، سیاسی، تایەفی ء خێڵایەتی بن، مانەوەی تاکەکانیش پشت دەبەستێت بەو ئاسایشەی گروپەکە بۆی دەستەبەر دەکات. 
رێساکانی جەنگ خەڵکی پێکەوە لەنێو گروپەکاندا کۆدەکاتەوە، ئەم پێکەوە گردبوونەوەیەش دەبێتە هۆی رەواندنەوەی هەندێک لەو ترس ء فشارانەی کە تاکەکان بەهۆی نەمانی دەوڵەتەوە هەستی پێدەکەن. هەروەها دەبێتە هۆی پێدانی متمانە بۆ ئەو کەسانەی کە هەست بەوە دەکەن ئەو پێگەیەی خۆیانیان لەدەستداوە کە لەنێو کۆمەڵگەیەکی رێکخراودا هەیانبووە. کاتێک ئەمە روودەدات، شوناسی تاک ء گروپ تاڕادیەک ئاوێتەی یەکتری دەبێت، ئیدی رەفتار و کردەوەی کەسەکان دەبێتە زمانحاڵی گروپەکە وەک لەوەی دەربڕی پەیامی راستەقینیەی تاکەکە خۆی بێت. کاتێک گەیشتە ئەو رادەیەش خەڵکی رەفتارگەلێکی ئەوتۆ ئەنجام دەدەن کە هەرگیز بۆ خۆشیان پێشبینییان نەکردووە، بەوپێیەی ویژدانی تاکەکان لەنێو گروپێکی شەڕکەردا شوێنێکی ئەوتۆی نییە، چونکە ئەو تاکە و شوێنکەوتووانی گروپەکە هەموو یەک دەستەن تا ئەوەی هەڕەشەی دەرەکی لەئارادا بێت. گروپەکان زیاتر توانای ئەنجامدانی کاری وەحشیگەرانەیان هەیە وەک لەوەی تاکێک بە تەنیا دەتوانێت ئەنجامی بدات. 
دەکرێت ئەمە لەنێو رووخساری چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بەدی بکرێت کاتێک ئەوان بە ئوتۆمبێلەکانیان کێبەرکێ دەکەن، ئاڵا رەشەکانیان رادەوەشێنن، زەردەخەنەی زۆر لەسەر رووخساریان دەبینرێت، مەچەکی توندیان بەرزدەکەنەوە، شادومان دەبن بە سەربڕینی ئەو "بێباوەڕانە"ی کە نایانەوێت ببنە موسڵمان. ئەوەی بەدیدەکرێت ئاستێکی بەرزی بایۆکیمیاوییە کە لە ئەنجامی تێکچڕژانی هەردوو هۆڕمۆنی وابەستەیی ئۆکسیتۆسین ء هۆڕمۆنی زاڵخوازی تێستۆستیرۆن سەرچاوە دەگرێت. ئەو مادە سروشتییانە زیاتر لە کۆکاینء کحول مەزاجی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە، گەشبینیان بۆ دەهێنن ء رەفتاری شەڕانگێزی لەنێو بەشێک لە گروپەکەدا زیاد دەکات. بەوپێیەی شوناسی تاک لەنێو گروپەکەدا تواوەتەوە، تاکەکە پتر خوازیارە لە شەڕدا خۆی بکاتە قوربانی یاخود خۆی بتەقێنێتەوە لەو پێناوەدا. ئەمەش بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەگەر من لەنێو گروپێکدا بتوێمەوە بە نەمری دەمێنمەوە لەنێویدا تەنانەت ئەگەرچی "خۆم" وەک تاکێک لەناویش بچم. 
کاتێک مرۆڤەکان وابەستەی یەکتری دەبن رێژەی ئۆکسیتۆسین لە خوێنیاندا بەرز دەبێتەوە، دەرەنجامی ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر ناشیرینکردن ء لە مرۆڤخستنی گروپەکانی دەرەوەی خۆیان. ئەمەش ئەو پارادۆکسەیە کە بریتییە لە نکوڵیکردن لە خودی خۆت لەپێناو گروپەکەتدا، هەر ئەوەشە وا دەکات سۆزت بۆ گروپەکەی دیکە نەمێنێت ء هەر وەکو کاڵایەک تەماشایان بکەیت، ئەنجامدانی هەر کارێکی ترسێنەریش بەرامبەر ئەوان کارێکی باشە چونکە ئەوانە مرۆڤ نین. 

 دەرەوەی گروپ out-group وەک کاڵاگەلێک 
کاتێک لە کوشتاری شیعە و سونە لە عێراق ء سوریا رادەمێنین راستییەکی بەرچاو هەیە ئەویش ئەوەیە نێو گروپی  in-group خێڵایەتی لە بەهێزبووندایە، هەروها رقبوونەوە لە دەر گروپیش بەشێویەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە لەو ناوچانەی ئاین بووەتە شوناسی گروپەکان. تەنانەت لەو کاتەی پەلاماردانی گروپەکانی دیکە تێکشکاندنی خودی خۆشیانە هەروەکو ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ء لە سۆنگەیەکی دینییەوە دەیبینین، کەچی هەندێکجار گروپێک شێوەیەک لە پەلاماردان پیادە دەکات لە بەرامبەر پێکهاتەگەلێکدا کە بە بێباوەڕیش لەقەڵەم نەدراون.   

تۆڵەسەندنەوە
دواجار لەوانەیە تۆڵەسەندنەوە کە لەنێو کەلتوری عەرەبدا بەهایەکی گەورەی هەیە، رۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لە بەردەوامیدان بە وەحشیگەری. بێگومان تۆڵەسەندنەوەی وەحشییانە، وەحشیگەری زیاتر بەرهەم دەهێنێت لە بازنەیەکی بەردەوام ء بێکۆتاییدا. زیاتر لەوەش، لە کاتێکدا تۆڵەسەندنەوە پاڵنەرێکی بەهێزە لە هەمان کاتدا هەڵخەڵەتێنەریشە، لەبەرئەوەی بەهۆی ئەو تۆڵەسەندنەوەیە لە کەسێک لەبری دامرکاندنەوەی ئەو فشار و توڕەییەی بوونەتە هۆی دروستبوونی، زیاتر بەردەوامی پێدەدرێت ء گەورەتریش دەکرێت.  
لە کۆتاییشدا، خەڵکی لەوانەیە شتگەلێکی دڕندانە ئەنجام بدەن ئەگەر بێت ء سەرکردەکانیان پێیان بڵێن ئەو کارێکی خوازراو و دروستە، بەتایبەتی ئەگەر خۆیان سپاردبێتە گروپەکە. جینۆسایدی رواندا بەهۆی زنجیرەیەک هەڵمەتی رادیۆییەوە دەستپێکرد لەلایەن گروپێکی بچوک لە سەرکردەکانەوە بۆ جەماوەر کە بەهۆی ئەو هاندان ء رێنماییەی ئەوانەوە بووە هۆی هەڵمەتێکی وەحشیگەرانەی کوشتنءبڕین بەرامبەر ئەو هاوڕێ ء هاوسێیانەی کە لە دەرەوەی گروپەکەی خۆیان بوون. سوپای سۆڤیەت لەو کاتەی ئەڵمانیای لە ساڵی 1945 داگیرکرد چەندین هەڵمەتی دەستدرێژی ئەنجامدا لەبەرئەوەی فەرماندە باڵاکانی سوپا پشتیوانیان لێدەکرد. چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیش چەندین هاوڵاتی مەسیحی ء یەزیدیان لەسەر فەرمانی سەرکردە و ئیمامەکانیان کوشتووە کاتێک پێیان دەڵێن ئەنجامدانی وەها کارێک شتێکی راست ء دروستە. 
سەرکردەکان لە چەندین ئاست، لە سەرۆک هۆزێکەوە بگرە بۆ سەرۆک وڵات، بەرپرسن لەم رەشەکوژییە، دواجاریش هەر ئەوان دەتوانن بەری پێبگرن ء دایمرکێننەوە، هەر وەک ئەوەی ئەوان لە رواندا لەپاش فشاری نێودەوڵەتی ئەنجامیان دا. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە لە چەند روویەکەوە لە بەرژەوەندی هێزە باڵادەستەکانە رەوتی ململانێی نێو عێراق ء سوریا لە ئێستادا بەو جۆرە بەردەوام بێت لەپێناوی هۆکارە ستراتیجییەکانی خۆیان. ئەوان هەمیشە دڵنیان لەوەی کە چەندین سەرکردەی ناوچەییان هەیە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان. هەتا ئەوەشی بەو جۆرە بێت، وەحشیگەری هەر بەردەوام دەبێت. 

ئیان رۆبیرتسن: زانای دەروونناسی ء مامۆستا لە زانکۆی سالۆس لە دبلن- ئایرلەندا، بەڕیوبەری پێشووی دامەزراوەی زانستی دەمار. نووسەری کتێبی: The Winner Effect: The Neuroscience of Success and Failure

سەرچاوە: http://www.psychologytoday.com/collections/201407/august-16-22/isis-savagery-explained 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە