بۆچی دەسەڵات کەسایەتی پێشمەرگەی تێکشکاند؟

Monday, 12/10/2015, 8:08

4261 بینراوە


 دوای ڕاپەڕین دەسەڵات زانی کەسانێک هەن لەناو کۆمەڵگادا دیارن و خاوەنی مێژوویەکن کە جێگەی شانازییە بۆ خۆیان و گەلەکەشیان، هەرچەندە ئەوانەش ژمارەی ئەو چەند پێشمەرگانەبوون کە لەڕۆژە سەختەکاندا گیانیان کردبووە قوربانی بیروباوەڕەکانیان، هەڵوێستە جەوامێرەکانیان پڕبوو لە تێڕامان و جوانیی، دەسەڵات دەستی کرد بە تێکشکاندنی هەموو ئەو تەلسمانەی ناوی پێشمەرگەبوو، کە وێنەیەکی جوان و ئەفسانەی ناو خەڵکی بوون.
پێشمەرگەکان هێواش هێواش پاشەکشێیان پێکرا و پەراوێزخران، تا وای لێهات کەسێکی وەک "شێخ جەعفەر"ی کۆنە وەزیری پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بەپێکەنینەوە بڵێ من "پێڵاوی کۆنم بیستوە، بەڵام پێشمەرگەی کۆنم نەبیستوە"، ئیتر دوای ئەوە پێشمەرگەکانی یەکێتی داوای ئەوەیان کرد ڕێکخراوێک دروست بکەن بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە.سەرئەنجام حیزب دەستی بەسەر ئەوەشداگرت، دوای ڕووخانی بەعس لەڕێگەی داگیرکردنی ئەمەریکاوە دەسەڵات بەتەواوەتی بڕیاری ئەوەی دا، کە هەموو شتێک بۆنی مێژووی خەباتی لێبێت ئەوان ڕووتی بکەنەوە. بۆیە دەستیان کرد بە تێکەڵکردنی جاش و باش، داوێن پیس و بەرەوشت و بەدرەوشت و خۆفرۆشەکان، تاکو هەموویان لەڕیزێکدا موچە وەربگرن و هەمووشیان ناویان لێنرا پێشمەرگە.
پارتی لەبەر ئەوەی لەدوای ئاشبەتاڵەوە هیچی نەبوو بۆووتن، هەستان بەناوی "شۆڕشی ئەیلولەوە" هەرچی گەجەرو گوجەرە خانەنشینیان کرد و کەوتنە بەخشینەوەی موچە و بەرات، پێتان وانەبێت یەکێتی لەوان جەوامێر تربووبێت! نا هەموو ئەو حیزبانە بەحیزبی شیوعی و ئیسلامی و حسک و زەحمەتکێشانەوە هەموویان لەشکرێک خانەنشینکراویان دروست کرد و ئیستا باجی ئەو هەڵەیە دەدەن. ئەوان هەر لەسەرەتاوە دەیان زانی ئەم تێکشانە مانای ئەوەیە سەردەکەون، بەڵام ئیستا گۆڕێکە و بۆخۆیان هەڵکەندوە.هەرچی بەرپرس و دەسەڵاتدارە لەو نیشتمانە ئەتککراوەدا دەیان و سەدان بندیواریان بۆ خۆیان دروستکردوە و موچەی پێوەردەگرن، دەیدەن و دەیخۆن و بەشی دەکەن لەگەڵ یەک ناویان ناون پێشمەرگە.
پێشمەرگە: لەدوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١وە کەسێک نەماوە ناوی پێشمەرگەبێت، ئاخر پێشمەرگە هیچ کاتێک جزدانەکەی خۆی پیشان نادات کە چەندی پارە تێدایە، کاتی خۆی "شەهید ئاسۆ" کە شەهید بوو، هەمووگیانی گەڕاین تەنها فڵچەیەکی دانی پێبوو لەگەڵ نامیلکەی "ڕەوشتی هاوڕێ کۆمەڵە " شەهید فەرەیدوون تەنها خەندە لەسەرلێوی بوو، شەهید حەمە (بی کەی سی) دەستەڕێکی ئاوریشم و چەند نامەی هاوڕێکانی پێ بوو.ئەوانە لەدەرکی هیچ مزگەوتێک بەرماڵیان بۆسواڵکردن دانەنا و سەری خۆیان نەدەکردە ناو کۆشیانەوە خەڵک خێریان پێبکات.
 دەسەڵات زۆر بەووردی هەستاو دەستی کرد بە تێکشکاندنی کەسایەتی پێشمەرگە، ئەوان بەرۆکی جوتیارەکانیان گرت و هێنانیان بۆشارەکان تا نێرگەلەیان بۆ دروست بکەن و باخیان پێ ئاوبدەن و ئۆتۆمۆبێلیان پێبشۆن، دوایش ناویان لێنان پێشمەرگە و قەیتانی قۆنەرەیان پێقایم دەکردن. یان بۆ شەوی سووری خۆیان لەبەر دەگا رایان دەگرن و دەچوونە شوێنی رابواردن، ئەمەناشیان لە دەرەوە ناو دەنا پێشمەرگە! من ئەمانەم هەموو بەچاوی خۆم دیوە کەچۆن کەسێکی وەک نێچیر دەیان کۆیلەی بەدواوەیە لەخەڵک مۆڕ دەبنەوە. ترسنۆکێکی وەک مەلابەختیار کە خۆی بەقوتابی "شەهید ئارام" دەزانێت بە دە ڕۆژ ناگەیتە لای، سەدان کوڕی گەنج حیمایەی دەکەن، کەچی کاتێک دەچێتە ڕۆژ ئاڤا دەیەوێت کەلتوری باشور تێکبشکێنێت و ناشرینیان بکات، بۆ ئەوێش ئۆتۆمۆبێلەکەی دەدات بەوان، من زۆر نیگەران بووم کە یەپەکە ئەو دیارییە دزێوەی قبوڵ کردووە، لەکاتێکدا من پەیوەندییم کرد بەکەسێکی نزیک لەیەپەکە و چاوەڕێ وەڵامم لە دەمی ئەوانەوە.
 لە ڕاپەڕیندا لەدەڤەڕی بادینان خوێن لە لوتی سەربازێک، یان ئەمنێک و سخوڕێک نەهات، بەعس خۆی بەکاوەخۆ دام و دەزگاکانیان پێچایەوە لەسلێمانیش ئەوەی خەڵک دەستی بەسەردا گرت لەمەلەفی بەعس یەکێتی دەیزانی چی دەکات و پاشەڵی سەرانی دیاربوو، بۆیە هەموو ئەو مەلەفانەی دایە دەست ئەمەریکییەکان و کە بە١٨تەن مەزەندە دەکرێت، گەرچی" شۆڕش حاجی" کە ئێستا گۆڕانە ئەو پیاوە ترسنۆکەی وەک نەیناسین سورداشی بیر بێنینەوە یان چ قارەمانیك بوو، کە لە بەرمیلەکەدا خۆی شاردبۆوە و دوایش لەگەڵ برایم جەلالدا چاڵی بەقوربانییەکانی ئاڵای شۆڕش هەڵدەکەن لە چۆخماخ، بەهەر حال چ میلەتێک هەیە لەدنیادا کەرەسەی قوربانییەکان و دیکۆمێنتەکانی بنێرێتە دەرەوە؟ کوردووتەنی: "ئەم ماستە مویەکی تێدایە" بەڵام ئەوەی ئێمە گوریسی تێدایە.
کاتێک ئەمەریکا عێراقی داگیر کرد ڕێگەی دا بۆماوەی ٢٤کاتژمێر کەرکوک کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان چیان کرد؟ 
ئەوانەی دەیانەوێت بە نادادپەروەری حاکم بن، سەرەتا دەستدەگرن بەسەر سوپادا دوایش ئابوریی و پاشانیش مێدیا، سەیری دەسەڵاتدارانی باشور بکە، پێشمەرگەیان تێک شکاند، تا کەسانێکی کۆیلە لەژێر هەمان ناودا بەژمارە و پلە و پایەوە دروست بکەن کە ڕاستەوخۆ لەخزمەتی خۆیاندا بێت، لەڕێگەی ئەم هێزە ترسنۆکەوە دەستیان بەسەر ئابوریی ووڵاتیشدا گرت، سەرەتا تاڵانیان کرد دوایش بازرگانی و زەوی زار و شاخ و داخیان داگیرکرد، پاشان بۆ ڕەوایی دان بەو ناپاکیەیان لەشکرێکی ترسنۆک لە قەڵەم بەدەستیان ئامادەکرد، سەیری ئەم ٢٤ساڵە بکە ئێمە کۆمەڵێک کەسی پوچمان ناسی، هەر لە جەمال عەبدوڵاوە تا ڕێبوار وەلی، ئازا حەسیب و سەرۆ قادرو حەمەسەعید حەسەن و هەڵکەوت زاهیر و عارف قوربانی وعەدالەت عەبدوڵڵا و دەیان ناوی دزێوی تر کە خۆیان لێبۆتە فیکتۆرگارا و دەنوسن و دەوەڕن لەگەڵ ڕێزمدا بۆسەگ، تا سیمای دەسەڵات جوان بکەن و بڵێن ئەمانە پیاوەکانی شۆڕش بوون و ئەمڕۆ مافی خۆیانە حاکم بن.
پێتان وانەبێت ئەوانەی لە چیاش بوون هەموویان کەسانی شۆڕشگێڕ بوون ؟ نا بەپێچەوانەوە لەوێش لەو چیایانەش دەیان خەڵکی سیخوڕو خۆفرۆش و نەفسنزم هەبوون، کاتێ ئەمەریکییەکان عێراقیان داگیر کرد سەدان مەلەف سەر ئاوکەوت، پاشان یەکێتی لە پلینۆمدا فایلدارەکانی چەپڵە ڕێزان کرد و پارتیش فایلەکانی شاردەوە، لە٣١ئابدا هەموویانی سوتان و هەرچی سەرەک جاش و بەعسی بوو، بوون بە بەرپرسی لق و ناوچەکان، ئیسلامییەکانیش هەموویان بەخشیە عەلی باپیری ئەمیریان و ئەویش لەحزوری خوادا دوو ڕکات نوێژی کرد و خەوێکی شیرینیشی بەپێغەمبەرەوە بینی.
 تێکشکانی کەسایەتی پێشمەرگە ئەوەی بە دەمەوەبوو، لە ١٧ی شوباتدا دیمان پێشمەرگەکان چۆن سەرکوتی خەڵکیان دەکرد، چ شەرمەزارییە پێشمەرگە کوڕوکچی خەڵک ئازاربدا و تەقەیان لێبکات.
کەسایەتی پێشمەرگە هەر ئەو کاتە ڕووت بووەوە کە لە قەلاچوالان لەناوجەرگەی کوردستاندا لەو چیایە لەگەڵ براعەرەبەکانیاندا ئەستێرەیان لەشانی یەک دەنا و بۆ عێراقی یەکگرتوو بوونە کۆیلە، کەسایەتی پێشمەرگە ئەو کاتە تێک شکا کە بەرگی سوپای عێراقیان کردە بەرو دەترەقینەوە. ئێستا کەسێک نەماوە ناوی پێشمەرگە بێت بۆیە لە شەڕێکی ئاوا پوچدا لەبەرامبەر داعش ١٣٠٠ کەس گیانی لەدەست دەدا، جاران کە لەو چیایە بووین، هاوڕیەکمان شەهید دەبوو ئۆقرەمان لەبەر هەڵدەگیرا تا تۆڵەمان نەکردایەتەوە مەحاڵ بوو سەردانی گۆڕەکەیمان بکردایە، شەرمەزار دەبووین، بەڵام ئێستا پێشمەرگەکان سەردەبڕن هونەردۆستەکان لەدهۆک کۆنسێرتی گۆرانی ووتن ڕێک دەخەن، جاران کە شەهیدێکی پێشمەرگە دەبرایەوە گەڕەکێک گوندێک شارێک خەڵک پرسەیان دەگرت و بەشيهیدی خۆیانیان دەزانی، ئێستا پرسەکانیش هیچ مانایەک نادەن قوربانییەکانیش هەستت ناجوڵێنن، داعشەکان دێن ئایەت دەخوێن و پەیامی ئیسلامی جیهاد بڵاو دەکەنەوە، ئەو دەسەڵاتە ترۆیە هەزاران داعشی لەنیشتمان داناوە بۆ کاتی لێقەومان، ئەوەتانێ ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانەکاندا ئەمر بەداعش کراوە لەگوێڕەوە بێن بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک ڕاکێشن و بڵێن نیشتمان لە مەترسیدایە، لەکاتێکدا دەسەڵاتداران کارەبا دەدەن بە داعش و لەگەڵ چەتەکاندا بازرگانی دەکەن.
کەسایەتی پێشمەرگە کاتێک دروست دەبێتەوە کە شۆڕشێک لەهەناوی ئەو گەلەدا سەر هەڵبدات.من قەت ناتوانم بەسواڵکەرێک بڵێم پێشمەرگە، بەگرینۆکێک بڵێم پێشمەرگە بەحیمایەیەکی بەرپرسێک بڵێم پێشمەرگە بە بەرگ بۆرێکی وەک قوات خاسەکانی جاران بڵێم پێشمەرگە.
کە لەو چیایە بووین پێشمەرگە ماناداربوو ئێمە نانی گوندەکانمان دەخوارد بەشێک بووین لەخێزانی جوتیارەکان، ئەوانمان خۆش دەویست ئەوانیش ئێمەیان بەیەکێک لەئەندامی خێزانەکانیان دەزانی. پێش مەرگی ئەوان دەکەوتین مەرگمان ڕادەگرت.ئێستا کەسوکاری بەناو پێشمەرگەکان شەهید دەکرێن گازی فرمێسکاویان بەسەردا ڕۆدەکرێت کاکی چەکداریش چاوەڕوانی موچەیە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە