شینی ئێوە بۆ میللەت نییە، بۆ خۆتانە!

Tuesday, 13/10/2015, 5:22

7884 بینراوە


مامەڵە کردنی پارتی لەگەڵ لایەنەکاندا،هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە کۆی کێشەکان، تا دەگات بە دەرکردنی پەرلەمانتارەکان، کارێکی نەشیاوە. بێگومان قسە لەسەر ئەوەدا نییە بە هیچ شێوەیەک.
کەوادیری لایەنەکان بە تایبەتی پێنج حزبە بەشدار بووەکەی حکومەتی بنکە فرەوان، ئەندام پەرلەمانەکانیان لە ئاست عیراق و هەرێمدا، وەزیرەکانیان تا دەگات بە کەوادیری ناوەندیان، لە میدیا بەناو ئەهلیەکان و حزبیەکاندا، دەنگیان هەڵبڕیوە و هاواریان لێ هەستاوە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی پارتی و خەریکی  فریو دانی خەڵکن. 
ئەو کۆمەڵە کەسە شینی میللەت ناکەن، شینی خۆیانە و ترسیان گەیشتۆتێ لەوەی ئاگرەکەی پارتی ئەوانیش بگرێتەوە، لە ئەنجامدا گڕەکە پۆستەکان، بەرژەوەدنیی و پارەکانایان بسوتێنێت و بیانکا بە خۆڵەمێش، لە نێوان شەو رۆژێکدا هەموو دەستەکەوتە شەخسیەکان لەدەست بدەن کە دەستیان کەوتوە لە ئەنجامی سەر شۆرکردنی خۆیان، سەرکردەی حزبەکانیان بۆ بنەماڵەی بارزانی بە درێژایی مێژووی بیست و چوار ساڵدا.
ئەوەی پارتی ئەنجامی داوە لە جۆری کۆکردنەوەی خەڵک، داڵدەدانی سەڕۆک جاش، کەونە بەعسی، ئەنفالچی و فایلدار،  پشتیوانی کردن لە دزو لەش فرۆش، دەستبەسەرداگرتنی بیرەنەوتەکان، بە ملیاردێرکردنی سەرکردەکان، دابەش کردنی پۆست و پارە بەسەر خزمو کەسدا، داگیر کردنی ئەرزە بازرگانییەکان، دامەزرانددنی  خوشک، برازاو ، پورزاو خاڵۆزاو هەتا دەگات بەدەستەخوشکی هاوسەری لێپرسراوەکان، تەزویر لە کاتی دەنگددان، مل شکانددن و پاشقول لێدان، پەروەردەکردنی میللەت بە کەلتوری جنێو فرۆشتن و سوکاییەتی کردنی بە هەر کەسێک پێتان بڵێت لەسەر چاوتان برۆ هەییە. وەرگرتنی موچە پلە تایبەتەکان، برسی کردنی میللەت، نەبوونی موچە، نەبوونی یاسا، دانانی ئەو دەستورەی کە ئێستا گرفتی دروست کردوە، هەموو ئەمانە تەنیا پارتی ئەنجامی نەداوە، بەڵکو هەموو سەرکردەی پارتەکانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوان، تێکرا ئەو جۆرە کولتورەیان بە پراکتیز کردوە بەدریژایی بیستو چوارساڵدا.

جەلالییەکان،
کەس بەقەد جەلالییەکان پارتی نەبووە! بە تایبەتی بەقەد تاڵەبانی و کەسو کاری بە ژن وپیاویانەوە. هیج کەسێک بە قەد جەلالییەکانی تری ناو یەکێتی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی پارتی کاریان نەکردوە، دوێنی لەبیر خەڵک مەبەنەوە، دەستکەوتی پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق، جێگری سەڕۆکی حکومەتی هەرێم، سەروەت، سامان بیرە نەوتەکانی تەق تەق و کەرکوک کە دەستتان بەسەردا گرتوە پەردە پۆشی مەکەن بە دەنگ هەڵبڕین!  ئاڵا تاڵەبانی، بێگەرد تاڵەبانی، گەشە دارا ژنە جەلالیەکانی تر، بەرژەوەندیی پەرستەکان، نۆکەرەکانی چاوشۆرەکانی پلەو پاییە، مەسینە هەڵگری هیرۆ و شاناز، باسی یاساو مەشروعیەت دەکەن، ئێوە  جارێ روونی بکەنەوە کە ئەو مێگەڵە خزمو کەسەی دامەزراون لەسەر حیسابی ئەو میللەتە و دەوڵەمەند بوون، پێم ناڵێن یاساو مەشروعیەتی ئەوە لە کوێ داییە؟ ئەی خۆتان لە کڕو پڕێکا بێ ئەوەی  ئەلفو بێ لە سیاسەت بزانن چۆن ئەو پۆستانەتان وەرگرتووە؟ دەوڵەمەند بوون! بوون بە خاوەن سەروەت و سامان! لە گوندی ئیگلیزی و ئیتالی نیشتەجێ بوونە! ئەمانە بەچی بوون؟ هەموو رۆژێک بە وڵاتێکی ئەورپیدا فرکان فرکانتانە! بانکەکانتان پڕ کردوە لە دۆلار! منداڵەکانتان لە قوتابخانەی ئەمریکی دەخوێنن! مەشروعیەتی ئەو شتانە لە کوێدایە؟ چ یاساییەک ئەوە قبول دەکات!
تاوانی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە باشووری وڵاتدا، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی بنەماڵەی بارزانیی، خێزانی تاڵەبانی و کەس و کاریانە بە ژن و پیاویانەوە، جەلالییە نەفسنزمەکانی نێو یەکێتی نیشتمانین بە کۆن و تازەیانەوە. ئینجا لە دوای ئەوانەوە سەرکردەی پارتەکانی تر دێن.

بزوتنەوەی گٶڕان،
کاتێک سەرتان شۆرکرد بۆ  بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی، ئەو هەموو دەنگە ناڕەزاییەتان برد بۆ ناو دەستەڵات، چ یاسایەک و مەشروعیەتێک تیادا بەدی دەکرا؟ کاتێک پەیمانی چوار ساڵ بێدەنگی شەقامتان بە بنەماڵەی بارزانی دا، یاساو مەشروعیەت لە کوێ بوون؟  کاتێک سەرکردەکانی گٶران رێگەی دەباشان و پیرمامییان کرد بووە رێچکۆڵە، مەشروعیەت و یاسا لەکوێێ بوون؟ کاتێک پشتیوانیتان کرد لە خەڵکی بودەڵە، چارەی میللەتێکتان تەسلیم بەدەستی کۆنە بەعسی، گەندەڵ بوو، دز و لەش فرۆش کرد ، ئەو کات مەشروعیەت و یاسا لە کوێ بوون؟ کاتێک ئەندام پەرلەمانتان درا بەر شاپان، بێ دەنگیتان لێکرد، مەشروعیەت و یاسا لە کوێ بوون؟  کاتێک ئەندامەکانتان بە دەمانجە چوونە سەر یەک و یەکتریان کوشت لە نێو هەولێردا، ئەو کات یاساو مەشروعیەت لە کوێێ بوون؟ ‌جارێ چەند هەفتەیەک ڕەت نەبووە! کە وەزیری دارایتان دیاری پێشکەش بە نێچیر کرد! بەبۆنەی جەژنی لەدایک بوونی، مەشروعیەت و یاسا لە کوێ بوون؟
رێککەوتنی هەمووتان پێکەوە بە ئامادە بوونی وەفدی ئەمریکی لە کۆبونەوەی ١٨/٨/٢٠١دا بۆ مانەوەی مەسعود لە پۆستەکەی، دوو مانگە کۆبوەنەوە پینج قٶڵییەکانتان، لە ژوورە داخراوەکاندا، پشت کردنتان لە میللەت، لە پەرلەمان و یاسا، شاهێدی ئەوەن کە هەمووتان خاوەن یەک عەقڵییەتی دواکەوتوون، هەریەکێکتان دەستتان بڕاوات لەوی تر خراپتر دەکات، کەسیشتان بە دەنگی میللەت کورسی بەجێناهێڵن.
هەمووتان تاوانبارن بە ئەندازەیی یەکتر خۆتانی لێ بێ بەری مەکەن!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە