زه‌نگی نیشتمان شێوێنی

Tuesday, 13/10/2015, 21:18

2092 بینراوە


قسه‌ كردن له‌ دوو ئیداره‌ی، قسه‌ كردن نیه‌ له‌ خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری و سه‌ربه‌خۆی ئابوری پارێزگاكان، قسه‌ كردن له‌ دوو ئیداره‌یی، قسه‌ كردنه‌ له‌ تێكدانی زنجیره‌ به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ دووله‌تسازی نیشتمان له‌ بری ده‌وڵه‌تسازی، قسه‌ كردنه‌ له‌ دورخستنه‌وه‌ی مناره‌ی چۆلی له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی، قسه‌ كردنه‌ له‌ دورخستنه‌وه‌ی نالی له‌ حاجی قادری كۆیی و مه‌لای جزیری، قسه‌كردنه‌ له‌ تێكدانی شیرازه‌ی پێكه‌وه‌یی نیشتمان، ئه‌وانه‌ی ئه‌و زه‌نگه‌ لێده‌ده‌ن، بیریان ده‌چێ‌ مناڵان له‌ هه‌ولێرو له‌ گه‌رمیان هه‌ر سرودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌ڵێن، بیریان ده‌چێت شێخ مه‌حمودی حه‌فید و مه‌لامسته‌فای بارزانی و شاسوار جه‌لال و خاڵه‌ شه‌هاب و زۆری تر ده‌یانویست خه‌ونی زاخۆییه‌ك و خانه‌قینیه‌ك پێكه‌وه‌ به‌دی بێت، خه‌ڵك ده‌ركردن له‌ نیشتمان دروستكردنی دیوار له‌ نێوان سلێمانی و هه‌ولێر ، داوای ناسنامه‌كردن، گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك، پشتكردنه‌ لۆژیك و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تسازیه‌، چ هێزێكه‌ له‌رۆژگارێكدا كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌، یان ده‌وڵه‌تی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌ دنیادا نامێنێ‌ دێت شاره‌كان ده‌كا به‌ گژ یه‌كدا، شارێك به‌ ئازاو شارێك به‌ ئاوه‌زدار ناوده‌بات، له‌ كاتێكا نه‌ك دیواری به‌رلین به‌ ته‌نێ‌ نزیكه‌ی هه‌موو سنوره‌كانی ئه‌وروپا دیوارو ته‌لبه‌ندو تخوبی تیا نه‌ما ، چ شه‌رمێكه‌ ئێمه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ ده‌ڵێین ئیتر باسلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك پێكه‌وه‌ نه‌بن ، لێره‌ ئه‌وان له‌ یه‌كتر جیا ده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌ولاشه‌وه‌ بۆ فریوی چاوو باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ركوك قودس و دڵه‌و نابێ‌ هه‌رگیز مامه‌ڵه‌ی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ربه‌خۆی وه‌ك هه‌رێم لێقه‌بوڵ بكرێ‌ ، ئه‌وه‌ بۆچی دۆخه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م ئاسته‌ ، ئایه‌ توڕه‌ بوونی هاونیشتمانی له‌ نه‌بونی موچه‌و ژیانی باش ، داوای دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ، داوای به‌ یه‌ك چاو روانینه‌ هاونیشتمانیه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌، ئایه‌ وه‌شاندنی چوار به‌رد، چونه‌ سه‌ر مه‌قه‌ڕێك "كه‌ ده‌شێ‌ له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ بێت به‌رپرسیاره‌تی زیاتر ده‌كه‌وێته‌ ئه‌وێ‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌ڵه‌ش بێت "توندو تیژیه‌ یان دوو له‌تكردنی نیشتمان، یان بۆنی بارود و شه‌ڕی ناوخۆ، یان رۆژگاره‌كانی شه‌ڕی ناوخۆو دیلكوژی، چه‌ند شه‌رمه‌ ئێمه‌ دیرۆكی پڕ له‌ تاریكی خۆمان بیر چێته‌وه‌و باسی ئه‌وه‌ بكه‌ین خۆ پیشانده‌ری ئه‌م نیشتمانه‌ گێره‌ شێوێنه‌و توندو تیژی ده‌كات، داوای باشكردنی ژیانی پێشمه‌رگه‌و كه‌س و كاره‌كه‌ی، داوای ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ كه‌س و كاری شه‌هیدان ، داوای موچه‌ بۆ دایك و باوك توندو تیژیه‌، له‌ كاتێكا، له‌ هه‌موو دنیاشدا خۆ نیشاندانه‌كان ئاڵۆزیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌ نمونه‌كانی "به‌ریتانیا، توركیا، میسر" و تا دوای ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌دان ساڵ مێژوی حوكمڕانیان هه‌یه‌ ، ئایه‌ ئاڵۆزی تێنه‌كه‌وت، ئه‌ی به‌ ئاوه‌زو عه‌قڵ و حیكمه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌كرا ، ئێوه‌ ده‌زانن خه‌ریكی چین، ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ‌ نیشتمان پارچه‌ پارچه‌ كه‌ن ، ده‌تانه‌وێ‌ به‌ گژ ده‌وڵه‌تسازیدا بچنه‌وه‌، ده‌تانه‌وێ‌ توڕه‌بوونی لاوان و مناڵانی ئه‌م نیشتمانه‌ بكه‌نه‌ بیانوی ئه‌و ره‌وتاره‌تان، ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیانوو بدۆزنه‌وه‌ بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كتر، بۆ سه‌پاندنی بیرو بۆچونی تاكڕه‌وانه‌ی خۆتان به‌سه‌ر یه‌كتردا خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌نه‌ بیانوو، ئه‌ی بۆ له‌ بیست ساڵی رابردودا ئه‌م نه‌وه‌یه‌تان فێر نه‌كرد له‌ ناچاریدا نه‌چێته‌ سه‌ر باره‌گاكان، ئه‌ی ئه‌وه‌تان بیر چوو له‌ ململانێی یه‌كتردا ئه‌وه‌نده‌ یه‌كترتان لای یوان و بێده‌ره‌تانانی نیشتمان كردوه‌ به‌ دێوو درنج لایان وایه‌ یه‌كه‌مین شوێنێ‌ په‌لاماری بده‌ن باره‌گاكانه‌، ئه‌وی له‌ نه‌وه‌ده‌كان په‌لاماری باره‌گاكانی یه‌كترتان ده‌دا، ئه‌وه‌ی له‌ دوو هه‌زاره‌كان له‌ گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌و بادینان و هه‌ولێر په‌لاماری باره‌گاكانی یه‌كترتان ده‌دا، ئێوه‌ له‌ بری نه‌ته‌وه‌یه‌كی لێبورده‌و ئارام دروست كه‌ن، كه‌لتوری سوتاندنی باره‌گاو تێكدانی نیشتمانتان په‌ره‌ پێدا، ناهه‌قی ئه‌و لاوانه‌ مه‌گرن، پێیان بڵێن له‌ باره‌گاكه‌ گه‌ڕێن وه‌رن ئێمه‌ چاك كه‌ن، وه‌رن مێشكی ئێمه‌ چاككه‌ن، وه‌رن پێمان بڵێن چۆن له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ره‌فتار بكه‌ین، ئێوه‌ داهێنه‌ری كه‌لتوری توندو تیژی و ناشرینكردنی یه‌كترن، گوناهه‌كه‌ مه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌نگی به‌رز پێتان ده‌ڵێن دزی و گه‌نده‌ڵی و فریودانی خه‌ڵك ئیتر به‌سه‌، پێتان ده‌ڵێن به‌ ئاوه‌ز بیر بكه‌نه‌وه‌ تخوب جیاكردنه‌وه‌ كه‌لتوری ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌، كه‌لتورێكی خێڵه‌كی و ناشرینه‌ ، كه‌لتورێكی ترسناك و قێزه‌ونه‌، كه‌لتورێكه‌ له‌سه‌ر شكاندنی یه‌كتر بنیاد ده‌نرێ‌، كه‌لتورێكه‌ زه‌رگه‌ته‌ی سلێمانی و كورانی هه‌ولێرو ئیمام قاسمی كه‌ركوك گرێباسی دهۆك له‌ یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه‌، ئێوه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ لاوه‌كان بڵێن باره‌گا مه‌سوتێنه‌و شێوازی هاواره‌كه‌ت بگۆڕه‌ خۆتان هاتون نیشتمان ده‌سوتێنن.
ئه‌و په‌روه‌رده‌ ناجۆرو ناشرینه‌یه‌ وا ده‌كات خه‌ڵك هاوار كات بڵێ‌ "بڕۆن له‌ كۆڵمان بنه‌وه‌" له‌قه‌ڵادزێ‌ و كه‌لار داوای داگرتنی ئاڵای حیزبه‌كانتان بكه‌ن، ئه‌و توڕه‌بوونه‌ وانه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێری لێبورده‌یی و نه‌رم و نیانی بن، ئه‌وه‌توند و تیژی نیه‌، ئه‌و توڕه‌بوونه‌، به‌ ئێوه‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌و ئه‌قڵه‌ كۆنه‌ به‌ جێبێڵن و وه‌ك هاونیشتمانی سه‌یری یه‌كتر بكه‌ن .درۆله‌ گه‌ڵ دروشمه‌كانتانا مه‌كه‌ن، ئێوه‌ كه‌ دروشمی ئارامی و لێبورده‌یی و دیموكراتی و گۆڕینی كۆه‌ڵگه‌تان كردوه‌ته‌ خه‌ڕه‌ك و هه‌رده‌م ده‌یڵێنه‌وه‌ یه‌كجار راستگۆ بن و پیاده‌ی بكه‌ن، نیشتمان دووله‌ت مه‌كه‌ن و بیرله‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌یانی له‌ ئێستا باشتر بێت، یه‌ك جار وه‌ك مرۆڤێكی به‌رپرسیار بیر بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می خۆ تازه‌كردنه‌وه‌و خۆ به‌ گه‌نج نیشانداندان، نیو هه‌ندی ئه‌وه‌ ژه‌نگی ئاوه‌زه‌كانتان به‌رانبه‌ر یه‌كتر و نیشتمان بكڕێنن. گفتوگۆی سیاسی كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، كه‌ زه‌مینه‌ی فكری له‌ بار هه‌بێت و هێزه‌ سیاسییه‌كان قه‌ناعه‌ت و ئیرراده‌ی فكرییان به‌ گفتوگۆ وه‌ك شیوازێكی عه‌قلانی و مه‌ده‌نی بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ كیشه‌و ناكۆكی و ململانی سیاسی و حیزبییه‌كان كۆتاییی پێكهێنان و چاره‌سه‌ر كردنیان به‌ هێز بێت، هه‌ربۆیه‌ گفتوگۆ پێش ئه‌وه‌ی ناوێك بێت و ببڕێت به‌ باڵای هه‌ندێك كۆبونه‌وه‌و دانیشتن، قه‌ناعه‌تێكی فكری و رۆحی یه‌، ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌ زه‌هینه‌تێكی ئاشتیخوازانه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ی گفتوگۆ ده‌كه‌ن و بڕوایان به‌ كات كوشتن و ده‌ستی ده‌ستی پێكردن و  ساده‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و مامه‌ڵه‌ی كه‌رنه‌ڤاڵیانه‌یه‌، له‌گه‌ڵ گفتوگۆو سازاندا، به‌ گفتوگۆ خواز  له‌قه‌ڵه‌م نادرێن .
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاماده‌بوون بۆ گفتوگۆ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان ، نه‌ك لاوازی نییه‌، به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ به‌هێزی ئه‌خلاقی و متمانه‌ به‌ خۆبوون و ڕه‌وایه‌تی داخوازییه‌كان و به‌رپرسیاره‌تی و به‌ پیویست زانینیی چاره‌سه‌ره‌كان .
له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ چاره‌نوسی میله‌ته‌كه‌مان زۆر هه‌ستیارو چاره‌نوسسازه‌ له‌ رووی سیاسی و ئه‌و گۆرانكارییانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كریت، نیو ماڵی كورد پێویستی به‌ یه‌كڕیزی هیزه‌ سیاسییه‌كان و تاك به‌ تاكی هاونیشتیمانیانه‌، وه‌لێ‌ سه‌نگه‌رتان له‌ یه‌كدی گرتووه‌ و جگه‌ له‌ شعوور و هه‌ستی یه‌كتر، شكۆو هه‌یبه‌تی میلله‌تیكتان بریندار كردووه‌، له‌ كاتێكدا هه‌مووان به‌ یه‌كتره‌وه‌ جوانین، هه‌موشمان به‌ جیاوازییه‌كانمانه‌وه‌ جوانین، هه‌قیقه‌ت به‌ ته‌نها لای هیچ هیزو گروپ و لایه‌نیكی سیاسی نیه‌، هه‌مووان به‌شیك له‌ هه‌قیقه‌تمان هه‌ڵگرتووه‌، كه‌واته‌ با له‌ پێناو هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و رۆحییه‌تی كوردبوون ده‌ستبه‌رداری تعاتوفی حیزبی بین .
نووسه‌ران و شاعیران و ڕۆژنامه‌نووسان، هونه‌رمه‌ندان و میدیاكاران، بێده‌نگ مه‌بن و هه‌ڵوێستتان هه‌بێت، مه‌بنه‌ پاشكۆی هیچ بیرو پرۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی، خۆتان سنووردار مه‌كه‌ن، ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی پیرۆز، به‌رپرسیاره‌تیه‌كی ئه‌خلاقی گه‌وره‌ له‌ ئه‌ستۆی هه‌موواندایه‌، نابێت بترسین، ده‌نگمان ڕه‌نگمان، پێنوسه‌كانمان، ووشه‌و ڕسته‌كانمان، به‌ین به‌ چه‌ك و فیشه‌ك به‌ قه‌لغانی به‌رگری و داكۆكی كردن له‌ چاره‌نووسی بالای نیشتیمان .
با گوتارو دیدو جیهان بینینتان بۆ یه‌كڕیزی كورد و یه‌ك پارچه‌ی نیشتیمان بیت، نه‌ك بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی زۆنه‌كان، با دروشم و هۆنراوه‌كانتان له‌ پێناو هه‌وین و بنیاتنانی كوردایه‌تی بیت، كوردایه‌تی بكه‌ن، نه‌ك حیزبایه‌تی، ده‌هۆلیده‌ری نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان بن، نه‌ك ئایدۆلۆژیای سیاسی، ئیستاش شه‌ڕی ناوخۆ ده‌رهاویشته‌و كاریگه‌ری ماوه‌ له‌سه‌ر سایكۆلۆژیه‌تی میلله‌ت، جارێكی تر هه‌مان هه‌ڵه‌ی نیوه‌راستی نه‌وه‌ته‌كان (برا كوژیی) زیندوو مه‌كه‌نه‌وه‌.
رۆشنبیری راسته‌قینه‌ ئاگری شه‌ڕی حیزبی، ئاینیی، یان نه‌ته‌وه‌یی خۆش ناكات، خۆ ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژووش هه‌ڵبداته‌وه‌، له‌ پێناو هیوركردنه‌وه‌و دامركاندنه‌وه‌ی توڕه‌ی و هه‌ڵچوندا ده‌یكات، ڕۆشنبیر خاوه‌نی په‌یامێكی ئینسانیه‌، به‌وه‌ قایل نابێت، له‌ نیو قه‌فه‌زی حیزبێكدا زیندانی بكرێت، رۆشنبیر خۆی بریار ئه‌دات چۆن بپه‌یڤێت و كام هه‌لوێست ده‌نوێنێت.
ئه‌وه‌ی به‌ ئاشتی و دیالۆگ به‌ ده‌ست نه‌یه‌ت هه‌رگیز به‌ جه‌نگ و توندوتیژی به‌ ده‌ست نایه‌ت، سوتاندنی باره‌گای هیزه‌ سیاسییه‌كان خزمه‌ت به‌ دۆخی سیاسی و پرۆسه‌ی دیموكراسی و ته‌نانه‌ت خودی خۆپیشانده‌رانیش ناكات، گه‌ر داوایه‌كی ره‌واش هه‌بیت، پیویسته‌ به‌ شیوه‌ی ره‌وا داوا بكریت.
پێتان ناخۆشه‌ خه‌ڵك توڕه‌یه‌و دروشمی توند ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌چی سرودی نیشتمانی لێده‌ده‌ن، كه‌چی به‌ربونه‌ته‌ وێزه‌ی یه‌كتر و هه‌رچی نه‌شێ‌ به‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن، پێتان ناخۆشه‌ باره‌گایه‌ك به‌رد بارانبكرێ‌ و بسوتێ‌ كه‌چی ئێوه‌ مرۆڤه‌كان ده‌كوژن و شوێن بزریان ده‌كه‌ن، باسی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن و بیرله‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ چۆن یه‌كتر بسڕنه‌وه‌، یه‌كجار یه‌كترتان خۆش بوێ‌، لێگه‌ڕێن لاوه‌كان له‌سه‌ربه‌ دێوو درنج كردنی یه‌كتر په‌روه‌رده‌ مه‌كه‌ن.
دانا مه‌نمی - له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە