(١٧ی شبات) بۆ شکستی هێنا

Tuesday, 13/10/2015, 23:08

2719 بینراوە


وەک لە نوسینەکانی پێشتردا باسم  کردوە، لە داگرتنی لادێکانەوە ئەم میللەتەی ئێمە فێری موچەی مفت  و ژیانی تەمەڵی کراوە.. دوای ڕاپەڕینیش  ، پارتی  و یەکێتی بۆ کێبەرکێی  حزبایەتی و بەدەست هێنانی لایەنگر بۆ خۆیان ، خەڵکێکی بێشوماریان کردە موچە خۆر .. زۆریی  زانکۆ و پەیمانگاکانیش  ، هاندەرێکی گەورە بو بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە  بە ئاسانی و دامەزراندنی دەرچوان .. ئیتر ئەم میللەتە بو بە ( ڕجب) ، دەمی ئەکاتەوە تا خواردنەکە بکەن بە دەمیەوە .. هێندە موچە خۆر خرانە فەرمانگەکانەوە ، چەند بەرابەری پێویستی فەرمانگەکان  بون .. زۆربەی فەرمانبەران کارێکی ئەوتۆ ناکەن ، ماندو نابن ، سەری مانگ موچەیەکی مفت وەرئەگرن ، بەباشی پێی ئەژین و پاش ساڵێک ئوتومبیلی پێ ئەکڕن .. ئەو خێزانانەش لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بون ، بونە خاوەنی ئوتومبیل ،.. هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ، لە ماوەی دە ساڵ دا لە ( ٢٠٠٣) تا ( ٢٠١٣ )  ژیانێکی زۆر ڕەفاهیەت ئەژیان ، ئەتوانم بڵێم لە هاوڵاتیانی ئێران زۆر خۆشتر ئەژیان .. ڕەنگە هەندێ بڵێن : " لە ئێران چرکەیەک کارەبا ناکوژێتەوە ، بیست و چوار کاژێر ئاو هەیە ، بۆری غاز چۆتە هەمو ماڵێک ، بگرە هەمو ژورێکەوە .. ئەمانە ڕاستن ، بەڵام بژێوی ژیان لەمانە گرنگترە .. بۆ سەلماندنی ئەوە ، هاتنی ئەو هەمو ئێرانیە یە بۆ ئەمدیو بۆ ئیش و، سوپاسی خواش  ئەکەن لەم دیو کارێکیان دەست کەوتوە و بژێوی ژیانیان دابین بوە .. ئیتر با ئەو هەمو بەنگلادشی و فلیپینی و هندی و ...... بوەستێ ، هەموی ئاماژەی ئەوەن کە ئاستی ژیان لەم هەرێمەدا بەرزە و ڕەفاهیەت هەیە ..
ئەتوانم بڵێم ژیان لەم هەرێمەدا لە ژیانی هەندەرانیەکانی ئەوروپاش ، لە ڕوی داراییەوە باشتر بوە . لە ئەوروپا یەکێک ئیش نەکات باش ناژی ، ئیش کردن لەوێ گاڵتە نیە ، جدییە ، ئەبێ تەواو ماندو بیت ، ڕۆژی هەشت کاژێر و هەفتەی  پێنج ڕۆژ ، بێ وەستان  ئیش بکەیت . یەکێک ئیش نەکات ، بە سۆشیال بژی ، ژیانێکی کەم و کورت ئەژی ، سەربەرزیش نیە .. ئەوەبو گەلێک لەوانەی هەندەرانیش  گەڕانەوە .. چەند خوێندنگای ئەوروپی کرایەوە بۆ مناڵەکانیان  ..
خۆپیشاندانەکەی ١٧ ی شوبات لە بارو دۆخێکی ئاوا ڕەفاهیەت و تێر و تۆخ دا دروست بو ، لە مێژوی مرۆڤایەتی دا ڕوی نەداوە  ، گەلێک  لە  رەفاهیەت دا خۆپیشاندان بکات .. بۆیە شکستی هێنا .. لە ئەنجامی سەختی ژیان و برسێتی و تەنگ و چەڵەمەی واقعیەوە نەبو ، وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا ، خەڵک ڕۆژانە چەند کاژێر لەبەر سەمونخانەیەک دا ئەوەستان تا دو سەمونیان دەست ئەکەوت ،  یا لە شۆڕشی فڕنسا دا خەلک لە برسان چونە بەردەمی کۆشکی پاشا هەمو ئەو قسەیەمان بیستوە ، ( ماری انتوانێت ) وتی : "  ئەو خەڵکە داوای چیی ئەکەن ؟ "  وتیان : برسیانە ، نان نیە بیخۆن    وتی : "  ئێ نان نیە ، با کێک  بخۆن "
لە هەرێمێک دا هەمو ماڵێک ئوتومبیلی هەبێت  ، هەندێ ماڵ دوان سیانێکی هەبێت  ، زۆربەی  خێزان ئیشکەرێکی بنگلادشی یا فلپینیی هەبێت ، لە شارەکانیا نرخی زەوی و خانو ،لە شارەکانی ئەوروپا گرانتر بێت .. ئیتر خەڵک بۆچی ڕائەپەڕێت ؟!
ڕاستە گەندەڵی هەیە ، نادادپەروەری هەیە ، ژیانی سیاسیەکان و ژیانی خەڵک زۆر جیاوازە .. ئەوان لە دنیایەکی مادی ی بەرز  و خەڵک لە دنیایەکی تردا ئەژین .. خەڵک ناڕازین لە دەسەڵات  .. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ڕاپەڕین  و شۆڕش کردن و خۆ بە کوشت دان .. هەر گۆڕانکاریەکیش لە سیستەمی سیاسی دا بکرێت ، چارەسەری ئەو گەندەڵی  و نادادپەروەریە  ناکات  .. نادادپەروەری دیاردەیەکی جیهانیە .. لە ئەمریکا ئەکتەرەکانی هۆلیود چۆن ئەژین و کرێکاری کارگەکان چۆن ئەژین ؟! ( هینری فۆرد ) داهێنەری ئوتومبیل و خاوەنی کومپانیای فۆرد ، لە ویژدانی زیندوی  خۆیەوە ئەڵێ : "  ئەبێ موچەی بەڕێوەبەری کومپانیایەک  ، لە  ٢٥  هێندی موچەی کرێکارێکی کومپانیاکە زیاتر نەبێت .. "  بەڵام موچەی بەڕێوەبەری کومپانیا لە ( ٢٠٠٠ ) هێندی موچەی کرێکارەکە  زیاترە ..
خۆپیشاندانی ١٧ شوبات ڕاپەڕینی جەماوەری نەبو .. نەخشەی حزبی بو .. ململانێی کورسی و دەسەڵات بو ، پاڵنەرێکی تری ئەوە بو ،  مێرد منداڵ ( مراهق )  ڕۆحی موغامەرەی تیایە ، ئەیەوێ بونی خۆی بسەلمێنێ  ، ئەوە پاڵی پێوە ئەنێ  بۆ خۆپیشاندان  ، چێژ لە خۆدەرخستن  و پیا هەڵپژان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسدا ئەبینێ . لێرەدا دەروێشەکانی حزب بونە قوربانی ..
 ئەم لێشاوی دامەزراندن و موچەی مفت و ڕەفاهیەتە ، بێ بەرنامە بو ، حاڵەتێکی نادروست و نەشاز بو ، ئەبو کۆتایی بێت .. لەبەر ئەوەی هیچ حکومەتێک  لە دنیادا  ناتوانێ هەمو هاوڵاتیانی بکاتە موچەخۆر ، بەتایبەت سەرچاوەی دارایی هەرێم  بەشە بوجەی بەغدا بو ، ئەویش بە فرۆشتنی نەوت دابین ئەکرا .. لەگەڵ دروست بونی کێشەی نێوان هەولێر  و بەغدا و بڕینی بوجە ، قەیرانی دارایی دەستی پێکرد . شەڕی داعشیش هێندەی تر بارەکەی گران کرد . دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی فرۆشتنی  ، سەربارێکی تر بون  لەم قەیرانەدا .. ئێستا نە حکومەت ئەتوانێ ئەو ژیانە دابین کات بۆ خەڵک ، نە خەڵکیش  تازە ئەتوانن لە دەمێکی بخۆرەوە ببن بە دەستێکی بەرهەمهێنەر .. بێگومان  سەرجەم حکومەت تاوانبارە ، لە سەرەتاوە  بیری لەم ئەنجامە نەکردبوەوە ..
لە هەموی کارەساتبارتر ، زۆربەی  ڕۆشنبیران و میدیاکاران و نوسەران هەریەک سەر بە حزبێکن ، ڕادیۆی حزبەکانیانن ، بە خواستی حزب قسە ئەکەن .. خوێندنەوەیەکی واقعیانەیان نیە بۆ ئەم بارودۆخە .. تلڤزیۆنەکانیان قۆرخ کردوە بۆ لێڵ کردنی واقعەکە و تێکدانی تێروانینی خەڵک بۆ قەیرانەکان .. فەلسەفە لێئەدەن  و قسەی کتێب و دور لە واقع ئەڵێنەوە ، واقعی هیچ وڵاتێک لە کتێب دا نەنوسراوە ، دوای ڕوداوەکان و تێپەڕینی کات ئەبێ بە مێژو  و ئەنوسرێتەوە  ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە