هەولێر و ئەزموونی سووریا

Wednesday, 14/10/2015, 0:02

2901 بینراوە


 هەروەك چۆن کەمینەیەکی شیعە مەزهەب لە سووریا فەرمانڕەوان و ووڵاتی سووریا وەك موڵکی تایبەتی خۆیان سەیر ئەکەن و بەو شێوەیەش ،لە تەمەنی باوکەوە تا کوڕ بەردەوام ئەو ووڵاتەیان خەڵتانی خوێن کردوەو میلەتەکشیان  دەربەر دەردو بێ لانە کردوە. ئەم جۆرە لە کەمینە خۆسەپێنە پێیان وایە تەنها خۆیان بەرپرسن لەو ووڵاتەو هەرچی هێزو پارەو پۆستە لای خۆیان و بنەماڵەکەیان کۆیان کردۆتەوەو هەرچی خۆیان بیانەوێ هەر ئەوە ئەکەن و هیچ باکیان بە جەماوەر نیە. ئەمان خۆیان لەسەروو هەمووانەوە ئەبینن و بەچاوی نزمەوە تەماشای خوار خۆیان ئەکەن. سەرۆك لایان مۆرکی یەك بنەماڵەی پێوەیەو بۆ کەسی تر نیە بیر لەکورسی و دەسەڵات بکاتەوە،گەر وانەبێ،ئەوا جەنگ و ماڵوێرانی یەخەی یەکە بەیەکەی کۆمەڵگا ئەگرێ و تاکە هەڵبژاردەش ئەوەیە ووڵات جێهێشتن و ماڵوێرانی و کوشتن و بڕین.
بنەماڵەی بارزانی لە باوکەوە بۆ کوڕ هەر هەمان هزر و بیرکردنەوەیان هەیە بۆ دەسەڵات و پارەو پۆست. ئەمان ،جگە لەخۆیان کەسی تر بەپیاو نازانن و بەچاوێکی گەلێ نزمەوە لە خوار خۆیان ئەڕوانن. هەر بۆیە هەرچی پۆست و پلە بەرزەکانی دەسەڵاتە لای ئەمانە و بەبێ ڕازی بوونی ئەمان کەسی تر ناتوانێ و بۆی نیە دەست بکا بەئاودا. مێژووی ٧٠ ساڵەی ئەم بنەماڵەیە گەواهی ئەوەمان نیشان ئەدا کە گەر بێتو ڕێگریان لێ نەکرێ ئەوا بۆ هەتا هەتایە هەر ئەم بنەماڵەیە خۆیان لەسەر تەختی دەسەڵات ئەمێننەوەو نایەڵن کەسی تر دەسەڵات وەربگرێ،جا بەم لۆژیکەی ئەوان بێ،ئەوا تەنها دوو هەڵبژاردە لەبەردەستی هاوڵاتی کوردا هەیە،ئەوانیش یان ئەوەتا مل درێژ ئەکەن بۆ داواکاریەکانی ئەم بنەماڵەیەو هیچ ناڵێن و هەر ٤ ساڵ جارێك دەنگی خۆیانیان ئەدەنێ،وەیان ملمانێی چەکداری و ڕووبەڕوو بوونەوەیان لە جەنگێکدا وەك ئەوەی لە سووریا بەردەوامی هەیە.
لەگەڵ ئەم جۆرە دەسەڵاتە خۆسەپێنانەدا شتێك نیە ناوی ململانێی سیاسی بێ. لەساڵی ٢٠١١ وە گەلی سووریا هاتە نێو گۆڕەپانی شەقامەکان و لەڕێگای خۆپیشاندانەوە داوای چاکسازیان کرد،کەچی دەسەڵاتەکەی بەشار و بنەماڵەکەی بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دانەوەو سەرەنجام ئەوەیە کە هەموان ئەبینین. هەمان شت بۆ دۆخی ئەوڕۆی کوردستانی باشوور لەئارادایە. میلەتەکەمان داوای چاکسازی ئەکا و لەڕێگای خۆپیشاندانەوە داوای مافە سەرەتایی و بنەڕەتیەکان ئەکا،کەچی فیشەك و تووندو تیژی دژ بەکار دێ. خۆ گەر ناڕەزایەتیەکان بەردەوام بێ و خۆپیشاندان درێژە بکێشێ،ئەوا ئەزموونەکەی سووریا لێرەش دووبارە ئەبێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی ئەزموونی برسیکردن دژ بە خەڵکی سلێمانی و گەرمیان بۆ جاری دووەم پیادە ئەکا. لەساڵی ١٩٩٤ کاتێ شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا ئەم چەکەیان بەکارهێنا و خۆشبەختانە تەنها شکست و ڕوو زەردیان بۆ مایەوە. ئەوەندەی تر خەڵکی سلێمانی و گەرمیان لێیان پەست ونیگەران بوون. هەنووکە  مەسعود وەک دیکتاتۆرێکی گەمژە هەمان شت دووبارە ئەکاتەوەو ئەیەوێ لەڕێگای برسیکردنی هاوڵاتی و خستنە سەر گەمارۆی ئابووری تەنگ بە هەردوو شاری سلێمانی و گەرمیان بدا. هەر بۆیە ئەم جارەش هەوڵەکانی لەبار ئەبرێن و بۆ هەتا هەتایە پارتی لەو ناوچەیە هەتیو ئەکرێ. 
ئەم جارە لەبەرئەوەی تورکیا لەهاوکێشەکەی پارتیدایە،ئەوا ئەو سیاسەتە پەیڕەو ئەکا  کە ئەڵێ(گەر بۆ من نەبێ،بۆ وێران کردن باشە). واتە، تورکیا لەمێژە مرخی لە داگیرکردنی ولایەتی موسڵ کردۆتەوە و دیارە بوون و هەژموونی ئێران و ئەمریکا ڕێگرن لەو خەونەی ئەردۆگان. هەر بۆیە لای تورکیا وا باشترە موسڵ و هەولێر بەدەردی حەلەب و سووریا ببەن و تەواو کاولی بکەن. بۆ ئەمەش تورکیا لەڕێگای داعشەوە پاڵپشتی خۆی بۆ بارزانی مسۆگەر کردوەو پێ ئەچی ئەم جارە پارتی تەنها لەهەولێر خۆی قەتیس نەکا و بیر لە داگیرکردنی سلێمانی و گەرمیا ن بکاتەوە. وەیان ئەم جارە خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی پێوستە هەولێر لە مەسعود و بنەماڵەکەی دابماڵدرێ. لەهەردوو حاڵەتەکەدا هەولێر تووشی کاولکاریەکی مەزن ئەبێتەوەو هەمان سیناریۆی سووریا لێرەش ڕووئەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە