لەگەڵ نەبوونی موچە و نەهاتی بودجەدا، کەچی بەرپرسەکان پارەی داهاتەکانیش دەدزن

Thursday, 15/10/2015, 7:30

3691 بینراوە


پەیامنێری کوردستانپۆست/ سلێمانی
هەرچەندە دەسەڵات باس لە نەبوونی پارە و داهات دەکات و بەو هۆیەوە وا بۆ چوار مانگ دەچێت مووچەی فەرمانبەرانیان نەداوە، بەڵام داهاتیی گومرگ و هاتوچۆ و داهاتی فەرمانبەرایەتییەکان نازانرێت چی لێ دێت و چیدەکرێت.
سەرچاوەیەک ئەم هەواڵەی پێی راگەیاندین، کە بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵات هەرجارەی بیانوویەک دەدۆزنەوە و ئەو پارانە  بۆ خۆیان بەکار دەهێنن، بۆ نمونە سەرچاوەیەکی دیکە لە نێو بانکی بازرگانیی سلێمانی بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە ئەو بڕە پارانەى لە داهاتە کۆکراوەکانى سلێمانیەوە  بە بڕیاری وەزیری دارایی بۆ هەولێر دەچێت ، ئەمجارە لەو پارەیە دوو ملیار و شەسەد ملێۆن دینار بۆ سەرمایەدارێکى هەولێرى خەرجکراوە، ئەویش بەفەرمانى هەوار رەئوف بەڕێوەبەرى گشتى بانکە بازرگانییەکان، کە لە ڕۆژى یەک شەممە  رێکەوتی 11-10-2015  ئەو ڕۆژەش هەموو فەرمانگەکانى سلێمانى لە پشوودا بوون، واتە ئەو رۆژە دەوام نەبووە، کەچی هاتوون و  بانکیان کردۆتەوە.
کوردستانپۆست بۆ ئەم دزییە بەدواداچوونی کرد، توانیمان پەیوەندیی بە کاربەدەستێکى وەزارەتى داراییەوە بکەین، پرسیار لەسەر خەرجکردنی ئەو پارە زۆرە بکەین، لە وەڵامدا ووتى: ئەوە کارێکى  نەگونجاو و دوور لە ڕێنماییەکانە، چونکە ڕەزامەندى وەزارەتی بۆ وەرنەگیراوە، ئێمە ئاگادار نیین بەتایبەتی لە کاتێکدایە، کە بەهیچ جۆرێک لە هەولێر چەکى سلیمانى خەرج ناکرێت، دەبێت ئێمە لێپێچینەوەی لەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی خیانەت و پیسخۆری دەسەڵات و بەرپرسەکانەوە بەڕیوەبردنی وڵاتیان بەرەو خراپی و داڕزاندن بردووە، ئەمە وای کردووە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێم دزیی و خیانەتی تێبکەوێت، لەو بڕوایەشدا نیم لێپێچینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى بانکە بازرگانییەکاندا بکرێت، چونکە سەرەنجام بەرپرسێک دێتە ناو کێشەکەوە  ئیتر کەیسەکە دادەخرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە