وەزیرەکانی گۆڕان، لە نێوان کودەتا یان دەرکردن؟

Sunday, 08/11/2015, 11:09

2865 بینراوە


ئەزمونی بیستوچوار ساڵی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم، سەلماندویەتی کە سەرکردایەتی  پارتی و یەکێتی لەسەر بیناغەی بەرژەوەندیی تایبەتی، سازان و پشک دەستەڵاتی سیاسیی هەیکەلی حوکمیان خۆیان لە هەرێم داڕشتوە.  بۆیە پێناسەیەک بۆ هەیکەلی سیاسیی هەرێم لەوە زیاتر هەڵناگرێت.
دەرکردنی چەند وەزیرێک لە نێو هەیکەلی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێمدا، لە زانستی سیاسیدا ناچێتە چوارچێوەی "کودەتا"، ئەو ووشەیە بە هەڵە بەکارهاتووە ، لە زانستی سیاسیدا " کودەتا" پێناسەی  تایبەتی خۆی هەیە.
کودەتا، پرۆسەیەکی سیاسیی کتوپڕە، گروپێکی بچووک بەشدار ئەبن تیایدا کە سەر بە بزوتنەوەییەکی سیاسیی دیاریکراون، خاوەن پلانێکن، بەنهێنی کار بۆ ئەنجامدانی کتوپڕی ئەو پلانە ئەکەن، دەست دەگرن بەسەر دەستەڵاتی سیاسییی، بە مەبەستی خێرا گۆڕینی دەستەڵاتی سیاسیی تاقمێکی سیاسیی، یان سەرکردەیەکی دیکتاتۆر، مەلیک یان سەرۆک کۆمار، هەر بە پەلە دەستەڵاتێکی سیاسیی تر لە شوێنی دادەمەزرێنن، لە زانستی سیاسیدا ئەوە دەچێتە چوارچێوەی "کودەتا".
هەڵسان بە کودەتا، ئەو گروپانەی کە رێککەوتون بەو کارە هەستن، دەبێت لەلای خۆیان ساخیان کردبێتەوە کە بە چی رێگایەک دەستەڵاتە سیاسییەکە لادەبەن، جۆری ئەنجامدانی کودەتاکە، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گروپە، کە ئایا بە رێگەی زەبروزەنگ و شکانددنی یاسا ئەبێت یان پلانی تری بۆ دائەنێن.
روویداوە لە  "کودەتا"دا،  هێزە دەرەکییەکان دەوری سەرکییان بینیوە لە دارشتنی پلان و بزواندنی سەرکردەی گروپە سیاسییە نارازییەکان لە ناوخۆدا، لەگەڵ ئەوەشدا لە میژوودا هاتوە کە زۆربەی  ئەو گروپانەی کە بە نیازی کودەتا ئەبن، لە نێو دڵی دامودەزگا حکومییەکاندا ئەبێت، وەکو لە نێو سوپا.
شۆرشی میسر بە سەرۆکایەتی محمەد نەجیب و جەمال عەبدولناسر لە ساڵی ١٩٥٢دا بوو، گروپێکی بچوک لە نێو دڵی سوپای میسری کەوتنە چڕ کردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ لا بردنی مەلیک، لەو شۆرشەدا جۆری لابردنی دەستەڵاتە سیاسیەکە بە کتوپڕی بوو لە ٢٣/٧/١٩٥٢دا، جەمال عەبدولناسر و محمەد نەجیب، دەستەیەکی بچووکی لە ئەفسەرانی نێو سوپایی میسری، بە نهێنی دەستیان گرت بەسەر جومگە سەرەکییەکانی دەستەڵاتی سیاسیی ئەو کاتی میسر، لە شەوێکدا بە کتوپڕی کودەتایان بەسەر مەلیک فاروق کرد، داواین لە مەلیک کرد میسر بەجێبهێڵێت، هەر ئەو شەوە مەلیک دەستبەسەر کرا و بەرەو ئیتالیا کەوتە رێ.
ئامانجی محەمەد نەجیب و هاورێکانی، تەنیا دەرکردنی مەلیک نەبوو، بەڵکو ئامانجی تریشیان هەبوو، وەکو میسر بە تەواوی لە ژێر دەستەڵاتی بریتانیا دەربهێنن، سیستەمی سیاسیی لە مەلەکی بگٶڕن بۆ کۆماری، دەستکاری دەستوری میسریش بکەن کە دەستورێکی مەلەکی بوو، دەست بگرن بەسەر هەموو ماڵومڵکی مەلیک، لە مێژوودا هاتوە ئەمانە هەمووی ئەنجامدران لەلایەن دەستەی تازەوە.
هەوڵی کودەتا ئەنجامدان بۆ سەر کەسایەتی یەکەمی دەستەڵاتە سیاسیەکەدا ئەبێت، نمونە سەرۆکی وڵات، مەلیک، یان سەرۆک کۆمار، کە دەستەڵاتی ئەمرو نەهییان لەبەردەستدایە، بە کتوپڕی کودەتایان بەسەردا دەکرێت لادەبردرێن، یان دەکوژرێن، یان دووردەخرێنەوە. کودەتا بەسەر کەسێک ناکرێت کە بەهێچ شێوەیەک دەستەڵاتی نەبێت بەسەر، سوپا، ئابووری، یاسا، دەستور و بڕیاری وڵات.
دەستەڵاتی سیاسیی لە باشووری کوردستاندا، لە حکومەتی بنکە فرەواندا خۆی دەنوێنێت، پارتە بەشداربووەکان هەموویان لەدەستەڵاتدا ماون، سەڕۆکی هەرێم هەر وەک خۆیەتی، سیستەمی دەستەڵات هێچ گٶڕانکاری بەسەردا نەهاتوە، تاوەکو دەرکردنی سەڕۆکی پەرلەمان و چەند وەزیرێکی گۆڕان ناوی بنرێت "کودەتا".
ئاشکرایە، هەموو کەس ئەیزانێ کە هەیکەلی پەرلەمانی هەرێم، تەنیا دیکۆرە، دەستەڵاتی سەنتەری بڕیاردان لە چارەنوسی وڵات، کێشە و گرفتەکان لە ژێر دەستەڵاتی کەساییەتی یەکەمی ناو پارتەکانە، لەو بڕوایەوە وەزیرەکانی گٶڕان، وەزیرەکانی تری سەر بە پارتەکانی تری بەشداربووی حکومەتی بنکە فرەوان، لە سەنتەری بڕیاردانا نین، ئەو وەزیرانەی کە دەرکڕاون خاوەن هێچ دەستەڵاتێک نەبوونە تا وەکو پارتی کودەتایان بەسەردا ئەنجامبدا، لەو دیدەوە، دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان ناچێتە چوارچێوەی "کودەتا"، دەچێتە چوارچێوەی "دەرکردن".

سەرچاوە:
بنەماکانی زانستی سیاسیی، حوسێن بەشیریە و ئەبوبەکر کاروانی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە