ئازادی ڕاكردنێكی كوێرانه‌ نیه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا

Thursday, 12/11/2015, 21:08

1290 بینراوە


مرۆڤ كاتێك قسه‌له‌سه‌ر ئازادی  ده‌كات  ڕوبه‌ڕوی چه‌ندین ئاسته‌نگ و كیشه‌و ته‌نگژه‌ی سیاسی  ده‌بێـته‌وه‌ ، روبه‌روی چه‌ندین هێزی ده‌بینه‌وه‌  دژ به‌ ئازادین ،  هه‌میشه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی ڕامان ده‌كێشێته‌ نیو ململانێیه‌كی توند له‌سه‌ر مافێكی زه‌وتكراو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه‌ ،  ململانیێه‌ك هه‌رجاره‌و به‌رگێك ده‌كات به‌به‌ری خۆیدا ، جارێك ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و جارێكی تر هێزی پێشمه‌رگه‌ و جارێكیش سمبوڵه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌نه‌ چه‌كی ده‌ستیان بۆ  بێده‌نگكردنی  ئینسان .
هه‌ربۆیه‌ ئازادی په‌یوه‌ندی به‌ دیدێكی عه‌قلانیه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئازادی ڕاكردنێكی كوێرانه‌ نییه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا  ،  ئازادی  هه‌وڵێكه‌  بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕایه‌ڵی لێكتێگه‌یشتن له‌ سنوره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ،  ئازادی له‌ نیوان میلله‌تانی دونیادا به‌ فۆڕمی جیاواز خۆی مانفێست ده‌كات ، ئازادی به‌های گه‌ردونی هه‌یه‌ و  وێستگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی یه‌ بۆ ململانێی  له‌گه‌ڵ ( ڕه‌زیله‌ت ، كۆتوبه‌ند ، سته‌مكاری)  .
له‌لایه‌كی تره‌وه‌  چه‌مكی ئازادی ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ شه‌ن و كه‌و كردنی سئ  پرسی گرنگ كه‌ ئه‌وانیش ( ئیراده‌ و دادپه‌روه‌ری و لیبورده‌یی ) یه‌ ،  چه‌مكی ئازادی له‌ هه‌ناوی خۆیدا چه‌مكێكی ئالۆزو فره‌ ئیشكاله‌ ، چه‌مكێكه‌ سه‌رجه‌م هاونیشتیمانیان ، سه‌رجه‌م هیزو گروپ و ده‌سته‌و سه‌ندیكاكان له‌ فۆڕمۆله‌كردنی ماناو ده‌لاله‌ته‌كانیدا به‌شدارن ، كیشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئایا ئیمه‌ له‌ چ مه‌وقعیك چ گۆشه‌ نیگایه‌ك و چ پنتێك وه‌یان هه‌لومه‌رجێكدا خۆمان ده‌بینینه‌وه‌ ..؟
ئایا ئیمه‌ له‌ جوگرافیاو هه‌لومه‌رجێكی ژیاریی داین كه‌ گشت ئازادی یه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و فیكرییه‌كانی ئیمه‌ دابینكراوه‌ ؟ ئیمه‌ له‌ فه‌زایه‌كداین كه‌ وه‌كو ئینسان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین و ده‌كرێین كه‌ خاوه‌نی ئازادی یه‌ سیاسییه‌كانین ، له‌وانه‌ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕیوه‌بردنی ژیانی سیاسی دا ؟!
كۆی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌ زه‌ینی ئیمه‌دایه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و فه‌زایه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تییدا ده‌گوزه‌ریێن ، ئیمه‌ له‌ فه‌زایه‌كداین ئینسان هیچ به‌هایه‌كی نیه‌ و عه‌قڵ بالاده‌ست نییه‌ ، وه‌یان له‌ غیابی عه‌قڵیدا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین و ده‌په‌یڤین و ده‌نوسین ، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌حكامی عه‌قلی و ئیدراكی گشتین ، كه‌واته‌ ئیمه‌ هه‌لومه‌رجێكی ژیاریمان خولقاندووه‌ كه‌ دژ به‌ ئازادی و داهێنانه‌ ، ئه‌و شارستانیه‌ی كه‌ ئه‌وڕۆ ده‌خرێته‌ ڕوو هیچ نییه‌ ، جگه‌ له‌ مه‌رگی ئازادی و خه‌ونبینین به‌ دنیایه‌كی عادیلانه‌ترعه‌قلانی تر مه‌ده‌نیانه‌ تر ، گه‌ر ئازاد نه‌بین له‌ بیركردنه‌وه‌ماندا ، ئازاد نه‌بین له‌ پرسیاركردن ، له‌ گومانكردن ، له‌ گه‌ڕان و باسكردن له‌سه‌ر (  سیاسه‌ت ، مێژوو ، كلتور ، ئایین ...هتد ) .
كه‌واته‌ ئیمه‌ له‌ پراكتیكدا وونین و ناتوانین تحقیقی بوونی خۆمان بكه‌ین ، ده‌شێت كۆیله‌ی  كۆمه‌لێك دۆگمی حیزبی و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ خوومان پیوه‌ گرتووه‌ ببێن ، ده‌بینه‌ كۆیله‌ی میراتێكی به‌ ناو عه‌قلی  حیزبی ته‌سك و كاڵفام  یان سیاسی وه‌یانیش ئایینی بین ، وه‌لئ ئیمه‌ بۆیه‌ ئازادیمان ده‌وێت تا نه‌بینه‌ كۆیله‌ی ئه‌و شیوازانه‌ی ژیان كه‌ ئیدی مانایه‌ك ناده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌ ، ئازادیمان ده‌وێت كه‌له‌فه‌زایه‌كی گشتی دا نه‌بینه‌ كۆیله‌ی عه‌قل و بیركردنه‌وه‌ی ته‌سكی حیزبایه‌تی و دۆگمی سیاسی و ئایین ، بگره‌ تا نه‌بینه‌ كۆیله‌ی كۆمه‌ڵگا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە