کورتە بەراییەکى ئاراوتەیى

Sunday, 15/11/2015, 15:49

2925 بینراوە


( تا ئەو دەمەى کەسێک لێى نەپرسیووم، کات چییە؟ دەزانم کات چییە.. بەڵام هەر کاتێک، کەسێک داواى شیکارکردنى ماهییەتى کاتم لێبکات، ئەو دەم دەبینم نازانم کات چییە؟!).
- ڤیتگنشتاین-
هەردەم و هەمیشە ئێمەى خوێنەر، بەتایبەت گەر ڕاگوزەر و سەرپێیانە نەخوێنینەوە، دەبینین لەبەردەم دووڕیان، یان چەند ڕیانى ڕێگەو ڕێچکەیەکى جوداو جیاوازى وردەکارى شتگەلێکدا ڕاوەستاوین، کەناشێت بەدەر لەوان لەمیانى خوێندنەوەوە گوزەر بەنێو دنیاى ئاڵۆز یان سادەو ساکار و قووڵى تێکستە جیدى و زیندووەکاندا بکەین، ئەو تێکستانەى کە زیاد لەشوێنجێگە و جومگە و پەرەگراف و بڕگەو دەستەواژەو گوزارشت و دەربڕین و وردەکارییەکى خوڵقێنەرى جوداو جیاى بەکارهێنراوى نێویاندا، ناچارى ڕاوەستان و تێڕامانمان دەکەن.
ئەم تێڕامان و ڕاوەستان و هەڵوێستەکردنەشمان بەبآ بوونى زمانێکى فامکراو لەڕووى  حاڵیبوونەوە، ئاستەمە بێتەدى و ڕووبدات.. واتە گەر تێکستێکى نائاشنا و نامۆ لەڕووى زمانەوە، لەلایەن خوێنەرێکى بەڵەد و شارەزاى زمانەکەوە، پەرەگرافێکى یاخود تەنها وشەیەکى نێویشى، نەک تەنها جارێک، بەڵکو گەر بآ پسانەوەو هەدادان، دووبارەو سآ بارەو چەند جارە بخوێنرێتەوە، ئەوا تێگەیشتنە زەینییەکانمان بەرەو واتایەکى دیاریکراو نابات و دوور و نزیک نازانین چى دەڵێت!؟
( هەر بۆیە لەم سۆنگەیەوە پەى بەزەروورەتى وەرگێڕان دەبرێت، کەهەر لەکۆنەوە مرۆڤ پەناى بۆ بردووەو بگرە زۆر جاران و پاش ونبوونى تێکستە ئەسڵییەکانیش، نوسخە وەرگێڕدراوەکانیان بوونەتە ئەڵتەرناتیڤ و جارێکى تر وەرگێڕدراونەتەوە بۆ سەر زمانە ئەسڵییەکانیان، وەک لەهەندێک لەتێکستە لاتینى و گریکییەکاندا ڕوویدا، پاش ئەوەى لەلایەن وەرگێڕە موسڵمانەکانەوە کرابوونە عەرەبى، دواى دیارنەمانى نوسخە ئەسڵییەکانیان جارێکى دى و لەڕۆژگارێکدا لەعەرەبییەوە کرانەوە لاتینى و زمانەکانى تر.. ئەم کردەیەش بۆ خۆى واتایەکى زۆر قوولڕ دەگرێتە خۆى؟!).
مەولانا" جەلالەددینى ڕوومى" لەکتێبى" فیهى ما فیهى"دا دەڵێت:
" ڕووەک گەر ئاوى لێببردڕێت، هەرچەند ناشزانێت کەتینوویەتى بەڵام ووشک دەبێت".
واتە بەدەر لەدرککردن و زانینى ماهییەتى تینوویەتى، ئاو بڕین لە هەر ڕووەکێکى دیاریکراو، بآ هیچ چەند و چوونێک دەبێتە مایەى وشک بوون و کۆتایى هاتنى سووڕى ژیانى.. ئەم پێوەندییەى مابەینى ئاو و ڕووەک، وەک پێوەندى تێکست و زمان وایە، ئاستەمە بیر لە وجوودى تێکستێکى دەرەوەى جوغزەکانى زمان بکەینەوە، تەنانەت "ئیمەیجینەیشن" و دنیاى وێنە زەینییەکانیش، بەبآ ڕاڤەکاریى و گوزارشت و بوونى دەستەواژە زمانەوانییەکان، هیچ جێگەیەکى لەهۆشمەندى توخم و ڕەگەزى مرۆڤدا نابێتەوە، بەواتاى حاڵیبوونێکى گشتگیرى هەمەلایەنەى فامکراو.. ئەگینا ڕەنگە تەنها وەک کۆمەڵێک سیمبۆل و ڕەمز، بۆى هەبێت لەزەیندا بەدەر لەواتە بنەڕەتییەکانى جێى ببێتەوە؟!
لەڕێى نووسینەوە زمان دەبێتە پردى هێنانە ناوەوەى سەرجەم چەمک و دنیابینى و تێڕوانین و مەعریفەو سەرجەم شتگەلە لێکچوو و نالێکچووەکان، دژ و تەباکان، ئاسایى و نائاسایى و...تاد، بۆ نێو دنیاى تێکست.. هەر بۆیە بەشێوەیەک لەشێوەکان، تێکست نەک هەر لەسەرەتاوە دەبێتە لەخۆگر و هەڵگرى کۆمەڵێک شت، بەڵکو دەشبێتە ئەڵتەرناتیڤى هەموو ئەو شتانەى کەبەئاشکراو ڕوونى یان بەپەنهانى و ناڕوونى لەنێو تێکستدا بوونیان هەیە.
ئەو تێکستەى کەبآ بوونى زمان بوونى نییە و لەیەکەم تێڕوانیندا وا پێدەچێت، بەندەیەکى گوێڕایەڵى زمان بێت، بەڵام خودى زمان لەژێر سایەو دەسەڵاتى ئەرشیفدا"ئەرشیف بەواتاى ئاوێتەبوونى ڕووکەشیانەى پرەنسیپە فیزیایى و مێژووییەکان لەگەلڕ پرەنسیپە ئەنتۆلۆژییەکاندا" ، لەمیانى گوتن یان نووسینەوەدا، تواناى بەرهەمهێنانى مەعریفەى هەیەو هەموو ئەمانەو شتگەلێکى دیکەش، بۆ نموونە لە دیدگەى بیرمەندێکى وەک"ژاک دریدا"ەوە دەبێت تەفکیک بکرێن و ئەمە جگە لەوەى بەتێڕوانینى ئەو، بەبآ بوونى "تارماییەکان" "ئەرشیف" بوونى نییەو بەتایبەتیش ئەو کەسایەتییانەى لەڕێى زمانى تێکستەوە، دەبنە دەسەڵاتێکى تایبەت و لەمیانى ماجەراو بەسەرهاتى ژیانى خۆشیانەوە هەوڵى گۆڕینى ژیانمان دەدەن.
"حافزى شیرازى" دەڵێت:
( جارێکیان لەئوستادەکەى خۆمم پرسى:
چییە فەرقى
مابەینى من و تۆ
گوتى:
تەنها هێندەیە حافز
گەر ڕەوێک حەیوانى کێوى
بێنە ناو ماڵى تۆ و 
خۆیان بدەن لەکاسە بەتاڵەکانى دەرۆزەییت
تەنها یەک دڵۆپیش
ناڕ ژێت
لەکاسەى تۆ.
بەڵام ئەوەى کەنابینرێت بەچاو
ئەوەیە کەخودا لەکاسەکەى منى ناوە
گەر بڕژێت کاسەم
دەبات هەموو دنیا
سێڵاوى ئاو).

پۆپیولار کردنى هەندێک لەنووسەرەکانى دنیا و هالە بۆ دروستکردنیان، زۆرجاران هێندەى پەیوەستە بەداواکارییە بازرگانییەکانى پڕفرۆشى و خستنەگەڕى بازاڕى کتێب، یان پەیوەستە بەمەرامە پۆلیتیکی و مەبەستە جیاجیاکانى دیکەى ئەم دەزگا و هێز و ئەو دەسەڵاتى دنیاوە، هێندە پەیوەست نییە بەو جدییەت و توانستانەى لەنێو دنیاى تێکستدا دەگوزەرێت.. واتە حافز گوتەنى:
" گەر ڕەوێک حەیوانى کێوى
بێنە ناو ماڵى تۆ و 
خۆیان بدەن لەکاسە بەتاڵەکانى دەرۆزەییت
تەنها یەک دڵۆپیش
ناڕ ژێت
لەکاسەى تۆ"
بێگوومان تێکستى زۆرێک لەو نووسەرانەى لەڕۆژگارێکدا دنیا بەعەزەمەتەوە ناسیوونى و بەشەوقەوە خوێنراونەتەوە، لەمڕۆدا هەست بەبەتاڵى کاسەیان دەکرێت، هەربۆیە نووسەرێکى لەمڕۆدا گەورەکراو و هەردەم ڕیکلام بۆکراوى وەک" ئۆرهان پامووک" لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:
"دەترسم لەداهاتوودا نەخوێنرێمەوەو لەبیر بکرێم" و لەدرێژەى گفتوگۆکەیدا ئاماژە بەنووسەرێکى ناسراوى وەک"راسیم جەمیل" دەکات، کەلەسەردەمى عوسمانییەکاندا یەکێک بووە لەنووسەرە پۆپویلارەکانى سەردەمەکەى خۆى، کەچى لەمڕۆدا خوێنەران دوور و نزیک تالیبى خوێندنەوەى نووسینەکانى نین و بەفەرامۆشییان سپاردووە، لەکاتێکدا بەشەوقەوە لەنێو ئەرشیفى لەبیرکراوى ئەدەبیاتى ئەو زەمانەى عوسمانییەکاندا، تێکستە پەراوێزخراوەکانى ئەو دەمە کەشف دەکرێن و بەتاسەوە خوێنەرە جیدییەکانى ئەم سەردەمە، خەریکى خوێندنەوەى تێکستە لەبیرکراوەکانى ئەو ڕۆژگارەن!؟
"ڕۆلان بارت" ئاماژە بەوحەقیقەتە دەدات، کە "دانەر" زادەى کۆمەڵگەى ڕۆژئاوایەو پاش چەرخەکانى ناوەڕاست هێدى هێدى بەرجەستە بووە، ئەمەش بەکاریگەرى ئەقڵانییەتى فەڕەنسى و باوەڕى تاکگەرایى و ڕێبازە ئەزموونگەرا ئینگلیزییەکان و ڕیفۆرمە ئاینییەکان و ئاڵوگۆڕەکانى تر و بەتایبەتیش کاریگەرى هاتنەکایەى سیستەمى کاپیتالیستى.
"ڕۆلان بارت" ئاماژە بەوە دەدات کە"مالارمآ" یەکەمین کەسێک بووە، پێى وابووە لەتێکستدا ئەوەى دەدوآ زمانە، نەک دانەر. دواتریش "ڤالێرى" پەرە بەم تێورییەى "مالارمآ" دەدات و تا دەیگەیەنێتە ئەو شوێنەى "دانەر" تێیدا دەبێتە ڕابردوو، چونکە ئەو تەنها لەساتەوەختى لەدایک بوونى تێکستدا هەیە، ئەمە جگە لەوەى لاى "بارت" "دانەر"  کۆپیکەرى تێکستە لەتێکستێک یان چەند تێکستێکى پێشووتر.
شایانى باسە سەرجەم خوێندنەوە سیمۆلۆژییەکان، خوێنەر دەکەنە دروستکەرى تێکست. بەڵام لەهەندێک لێتۆژینەوە و لێکۆڵینەوەى سێکچرالیستیدا، خوێنەریش پشتگوآ دەخرێت.. تێڕوانینى"ژاک دریدا"ش، ئەوەیە کەتێکست ئامێرێکى سەربەخۆیەو بۆ خۆى کاردەکات، هەر بۆیە خۆى گوتەتى:
"هیچ شتێک لەدەرەوەى تێکستدا نییە".
ئیدى وەک ساڵانێک لەمەو پێش، لەهەندێک شوێندا ئاماژەم پێداوە، "ژاک دریدا" لەلێکۆڵینەوەیەکى سەبارەت بەتێکستى" دادگایى" ،"کافکا"، سآ گۆشە نیگاى تەفکیکى بەکارهێناوە، یەکێکیان کاریگەرى "ناونیشانى تێکست"ەکەیە بەسەر خودى تێکستەکەوە، ئەمە تابڵێى جۆرە کارکردنێکى گرنگ و ناوازەیە.
 بەهەر حاڵ جودایى تێکست و دانەر وەک کەسایەتى و ژیانى تایبەتى و ئیگۆى، دەشێت لەنموونەى نووسەرێکى وەک"سیلین"دا ببینینەوە، بەتایبەت ئەم نووسەرە، هێشتاکە چاپکردنى کتێبەکانى لەهەندێک لەوڵاتانى دنیادا"، قەدەغەو ڕێگەپێنەدراوە.
پاش بڵاوبوونەوەى ڕۆمانى"سەفەر لەکۆتایى شەودا"، بەزمانى عیبرى، مشتومڕێکى زۆر لەپەرلەمانى ئیسرائیلیدا لێکەوتەوە، چونکە تێکستەکانى "سیلین" بەشێک بوون لەدوشمنە سەرسەختەکانى سامییەت و یەهودییەت و خۆشى وەک زاتێک بەدرێژایى ژیانى و بەتایبەتیش پاش دووەمین جەنگى جیهانى، باجى ئەم ڕاوبۆچوونانەى خۆى داوەو  ژیانێکى پڕ لەنەهامەتى و کێشمانکێش و بگرەو بەردەو هەڵهاتنى نێوان ئەم وڵات و ئەو وڵاتى بردۆتە سەر، ئەمە سەربارى تاوانبارکردنى بەخیانەت و دەستگیرکردنى، کەپاش ساڵى 1951بەدواوە، توانى پاش دەرچوونى بڕیارى لێخۆشبوون لێى، بگەڕێتەوە بۆ "فەڕەنسا" ى زێد و نیشتیمانى، ئیدى لەماڵەکەى خۆیدا عیادەیەکى پزیشکى دادەنێت"لەبەر ئەوەى خودى نووسەر لەبنەڕەتدا پزیشک بووە" بەمەبەستى دابینکردنى بژێوى خۆى و لەپاڵیشیدا بەردەوام دەبێت لەنووسین، تا لەساڵى"1961"دا دوا ڕۆمانى خۆى"ڕیکۆدۆن" تەواو دەکات و هەر پاش یەک شەو لەتەواوکردنى ڕۆمانەکەى دەمرێت.
مەبەستمان لەخستنەڕووى ئەم پێشەکییە، ئەو ناکۆکییەیە کە لەتێکستەکانى دانەرێکدا دەبینرێت، کاتێک دنیابینى نێو تێکستەکانى دەیکەنە خائین و دوشمنى هەندێک لەگروپە ئیتنیکییەکان و بەتایبەتیش سامییەت و یەهودییەت، بەڵام بۆخۆى و لەژیانى تایبەتى خۆیدا کەسێکى بێوەیى و بێ زیان بووە، ژنەکەى سەبارەت بە"سیلین" دەڵێت:
( پیاوێکى زۆر نەرم و نیان بوو، هەرچییەکى کرد لەپێناو خێر و باشەدا بوو، ئەو فەڕەنساو هەموو خەڵکى خۆش دەویست، زۆر لەوە بەسۆزتر و بەبەزەیتر بوو کەتەسەوور دەکرێت...).
لەگەرمەى بگرەو بەردەى گوزەران و ژیان لەلایەک و ڕۆچوون و ڕامان و تێفکرین و سەرقاڵبوونى تەواویشم بەپرۆژە خوێندنەوەیەکى چڕ و پڕى تاڕاددەیەک جیاواز لەلایەکى ترەوە..حیکایەتى نووسینى ئەم " کورتە بەراییە ئاراوتەییە"ى تایبەت بەم کۆمەڵە چیرۆکە وەرگێڕدراوە، لەپێوەندییەکى تەلەفۆنى براى بەڕێز، کاک "محەمەد عەبدوڵڵا"ەوە، وەرگێڕى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەوە دەستى پێکرد، سەرەتا بەڕێزى کەم تا زۆر باسى خواست و مەبەستى خۆى لەوەرگێڕانى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەدا خستەڕوو، پاشان لەمیانى پێداویستى بوونى بەرایى و پێشەکى ناتەقلیدى و جوداو جیاواز بۆ ناساندنى هەندێک مەسائیلى دنیاى ئەدەبیات و وەرگێڕان، داواکار بوو لەبەندە کەلەماوەیەکى هێجگار کورتدا، لەبەر ئامادەبوونى کتێبەکە بۆ دیزاین و چاپ، چ چیرۆکەکان بخوێنمەوەو چ بەراییەکیشى بۆ بنووسم،..ئیدى سەربارى ئەو سەرقاڵیى و جەنجاڵییە ناوەکیى و دوورە پەرێزییە هەمیشەییەم لەنووسینى پێشەکى کتێب، بەڵام هێزێکى ناوەکى ڕێگر بوو کەئەمیش وەک کۆمەڵێک برادەرى ترى ئەزیز، لەخۆم زوویر بکەم، بەتایبەت ئەوانەى کەلەم ماوەیەى بێدەنگبوون و کشانەوەیەمدا لەنووسین، پێوەندییان پێوەکردم بەمەبەستى وەڵامدانەوەى چاوپێکەوتن و بەشداربوون لەتەوەر، یان نووسینى ڕەخنەیى و وتار و تاد...کەبەڕاستى داواى لێبووردنیان لێدەکەم و هیواخوازم لەڕیتمى ناوەکى و ئەم دوورە پەرێزییە زەمەنییەى من بگەن. 
بەهەرحالڕ پاش خوێندنەوەى هەردوو نوسخەى عەرەبى و کوردى چیرۆکەکان کەکاک "محەمەد عەبدوڵڵا" لەڕێى ئیمەیڵەوە بۆى ناردبووم ، هەر زوو ئەو چیرۆکانەم ناسیوە کەپێشتر خوێندبوومەوە، یان تێکستى دیکەى نووسەرەکەیم خوێندبوویەوە، هەرچەند زۆربەى چیرۆکەکان قسەو باس هەڵدەگرن، بەڵام من وەک خۆم لەم "کورتە بەراییە ئاراوتەییە"دا، کەم تا زۆرو بەگشتى خۆم لەدنیاى نووسینى دوو نووسەریان دەدەم، ئەوانیش " هارۆکى مۆراکامى" و "یاسۆنارى کاواباتا"ن.
هەرچەند لەڕیزبەندى کۆمەڵە چیرۆکەکەدا، تێکستەکەى"هارۆکى مۆراکامى" پێش "یاسۆنارى کاواباتا" کەوتووە، بەڵام من لە" یاسۆنارى کاواباتا" یان وەک زۆر جار دەنووسرێت" یاسۆنارى کواباتا"ەوە دەست پێدەکەم.
" بازرگانییەکى کوشندە" ناوى چیرۆکە وەرگێڕدراوەکەى "کواباتا"یە و بەزمانێکى سادەو ساکار و کۆمەڵێک وەسف و کەرەستەى ڕیالیستى، ڕاماندەکێشێتە نێو دنیاى کێشمانکێش و ململانێى کەسێکى دەروون پڕ ئێرەیى و حەسادەت کەدەکرێت کەبەکەسى دووەم ناوى بەرین، دەرحەق بەکەسێکى دیکەى بێئاگا لەگینگلڕ و هەڵچوون و داچوونى ناخى ئەم، کەواباشە بەکەسى یەکەم ناوزەدبکرێت. ئیدى کەسى یەکەم کاتێک لەناوچەکەى خۆیداو بەمەبەستى قازانج و ڕاکێشانى توریستەکان ئاودەستێک دروست دەکات و دەبێتە مایەى قازانجکردنى ماددى بۆى، کەسى دووەم بەمە نیگەران دەبێت و هەموو تواناى خۆى لەمونافەسەو کێبڕکێى ئەوى تریاندا بەکاردەبات و دواجار ئاودەستێکى زۆر لەوەى ئەو گرنگتر لەڕووى ماتەریاڵى بنیادنانییەوە دروست دەکات، بەڵام کرێى چوونە ژوورەوەشى لەوەى تریان گرانتر دەبێت...
باواز لە وردەکارییەکانى ترى گێڕانەوەى چیرۆکەکە بهێنین و بگەینە ئەو شوێنەى کە کەسى دووەم لەنێو ئاودەستى کەسى یەکەمدا وشک دەبێتەوەو دەمرێت، بەحەقیقەت کۆتاییەکى زۆر گاڵتەجارئامێزە کەسێک دەرئەنجامى ململانێ و کێبڕکێى لەگەلڕ یەکێکى تردا بۆ ئەوەى لەو باشتر بێت، کەچى دواجار لەنێو چوار دیوارى ئاودەستێکدا وشک بێتەوەو بمرێت!؟
بۆیە دەبینین لەودیو ڕیالیست بوونى ئەم چیرۆکەوە دنیایەکى ڕەمزى سەرسامکەر هەیە، چونکە مونافەسەو کێبڕکآ بۆ دروستکردنى ئاودەست و دواتر مردنى کەسى دووەم، پەیوەست نییە بەخودى ماتەریاڵە بەکارهاتووەکانى نێو تێکستەکەوەو هەر بۆیە ئەنالیزێکى جیاوازو ناتەقلیدى گەرەکە، تابکرێت لەناوەوەى تێکستەکەوە تەفکیکییانە بێینەوە دەرو دەرئەنجامى بەئەنجام گەیاندنى کردەیەکى هەڵوەشانەوەگەرى بمانگەیەنێتە ئەو شوێنانەى کە"دانەر" بێئاگا بووە لێى.
دیارە ئەم تێکستە کورتەى "کواباتا" زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کەبتوانین لەم دەرفەتەدا حەقى خۆى بدەینآ، بەڵام ئەوەى لاى من بووە جێگەى سەرنج و ڕەنگە هیچ پێوەندییەکیشى بە خودى چیرۆکەکەوە نەبێت، بۆ دەبێت ئەم چیرۆکە چیرۆکێکى دیکەى هێنابێتمەوە بیر، ئەویش چیرۆکێکى "خۆرخى لویس بۆرخیس"ە بەناوى " -المبارزە الاخرى_"، سەربارى جیاوازییان پێدەچێت لەشوێن و جێگەیەکى زۆر نهێنییەوە ئاوێزان بن، نازانم ڕەنگە ئەمە تەنها هەستێکى من بێت، چونکە لەچیرۆکەکەى"بۆرخیس"دا دوو کاراکتەرى دژ بەیەک هەن و سەرەنجام پێکەوە، بەمەبەستى ئەنجامدانى دوا کێبڕکێیان بەناچارى و بەدەر لەویستى خۆیان، پاش سەربڕینیان گیان دەدەن و دەمرن، هەرچەند یەکێکیان بەناوى "کاردوزو"، کەمێک لەوەى تریان زیاتر دەست درێژ دەکات و بەمەش دەبێتە براوە، بەڵام وەک لەکۆتایى چیرۆکەکەى "بۆرخیس"دا ئاماژەى پێدراوە:
" بەڵام هیچ کاتێک نەیزانى".
لەم چیرۆکەى "کواباتا"شدا نەزانینێک هەیە، بەڵام تەنها لەلایەن کەسایەتى یەکەمەوەیە، چونکە ئەوەى دیکەیان دەزانێت و لەزانینەوە پیلان دادەنێت و هەڵدەسووڕێت..بەڵام دواجار بەمەرگى یەکێکیان ئەوى دیکەیان دەگەڕێتەوە دۆخى جارانى و بەچەشنێک هەر وەک ئەوەى هیچ نەبووبێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر ژنى کەسى دووەم لەڕێى ئاودەستەکەوە، وەک مێردەکەى نەکەوێتە ململانێ،کەواتە لەکاتێکدا چیرۆکەکەى "کواباتا" تەواو نابێت، بەڵام چیرۆکەکەى "بۆرخیس" لەئاست ئیدامەو بەردەوامى ڕووداودا تەواو دەبێت و تەنها وەک حیکایەتێک دەمێنێتەوەو مەگەر لەدنیاى گێڕانەوەکاندا بژێتەوە.
" یاسۆنارى کواباتا" لەساڵى -1968-دا خەڵاتى نۆبڵى پآ بەخشراو لەساڵى 1972-شدا دواى خۆکوشتنى هاوڕآ و قوتابى" یۆکیۆ میشیما" بەدوو سالڕ، بەبآ ئەو وەک ئەو هیچ نامەیەک جآ بهێڵێت خۆى کوشت و خۆکوشتنەکەشى کردە لوغز.
لەبەرهەمەکانى و وەک نموونە:
( سەماکەرى ئایزۆ)،( وڵاتى بەفر)، ( دەنگى چیا)، ( دەریاچە)، (ماڵى جوانکیلە خەوتووەکان)، ( جوانى و خەفەت)، ( پایتەختە کۆنەکە)... شایانى باسە(ماڵى جوانکیلە خەوتووەکان) ئەو تێکستەیە "گابریل گارسیا مارکیز"ى سەرسامکردووەو ئەمەو لێکچوونى شێوازى نووسینى ئەو دوو نووسەرە لەهەندێک شوێندا سەرنج ڕاکێشە، بەتایبەتیش ئەو مامەڵە سارد و سڕەى کە"کواباتا" لەگەلڕ پاڵەوانى تێکستەکانى دەیکات، نزیکە لەمامەڵەکردنە ساردو سڕەکانى "مارکیز" بەتایبەتى و نووسەرانى ئەمریکاى لاتینیش بەگشتى؟!
"ئەمبێرتۆ ئیکۆ" لەکتێبى: 
Sıx walks ın the fıctıonal woods دا دنیاى تێکست بەدارستان دەشووبهێنێت، دارستانێک کەهەم دەمانخاتە ژێر کاریگەرى سیحر و جادووى ئێستەتیکى خۆیەوەو هەم ناڕەحەت و بێتاقەت و تەرەمان دەکات..دارستانێک کەهەم دەمانترسێنێت و هەم کەویى و ڕاممان دەکات..لاى "ئیکۆ" خوێندنەوەى تێکستە سەردییەکان هاوشێوەى گەڕانە بەنێو دارستانێکدا، سەربارى ئەو جوداو جیاوازییەى هەردوو دنیاى واقیعى و سەردیى لێک جوودا دەکاتەوە، لەبەشى سێیەمى کتێبە ناوبراوەکەیدا" ئیکۆ" ئاماژە بە"جۆرج بیریک" ناوێک دەکات، کەلەپێناو حاڵیبوونى لە ماجەرا حەقیقییەکانى خودى واقیع، هەوڵیداوە لەپشت جامى قاوەخانەو سووچ و پەناى کووچەو کۆڵانەوە، بڕوانێتە گۆڕەپانێکى پاریس و سەرجەم ڕووداو و هەڵسووکەوتەکانى خەڵکى وەک خۆى تۆمار بکات..بەڵام هێندە نابات ئەم زاتە توانا و بڕستى لێدەبڕێت و دەگاتە ئەو حەقیقەتەى کەهیچ شتێکى هارمۆنى وشیاو و یەکانگیر لەواقیعدا ڕوونادات و  واقیع زۆر لەوە فراوانترە چاو و ویژدانى تاکە کەسێک بیقۆزێتەوەو بیگرێتە خۆ.
سەبارەت بە "هارۆکى مۆراکامى"یش، کەبەچیرۆکى "بۆقەکە تۆکیۆ ڕزگار دەکات" بۆتە سەرقافڵەى چیرۆکە وەرگێڕدراوەکانى نێو کۆمەڵە چیرۆکەکە..بەپێى پۆلێنکردنێکى "گاردیان" یەکێکە لەو ڕۆماننووسە باشانەى کەلەژیاندا ماوون و ئاشکراشە خەڵاتى "کافکا"ى بەرانبەر بە ڕۆمانى "کافکا لەکەنارە"ەى وەرگرت.
ناوبراو لەساڵى 1949دا لەشارى کیۆتۆ لەدایک بووەو گەنجێتى لەوێدا بردۆتە سەر و بەشى دراما-شى لەزانکۆى"واسیدا"ى "تۆکیۆ"دا خوێندووە.
لەنووسینەکانى:
( گوێم لەدەنگى بەستەى بایە)، ( بینبالڕ)، ( کافکا لەکەنارە)، ( باشوورى سنوور و ڕۆژئاواى خۆر)، ( سبوتنیکى خۆشەویست)، ( دارستانە نەرویژییەکە)و تاد...
لاى "مۆراکامى" پێش کردەى نووسین، بیرکردنەوەیەکى بازرگانى و حیساب و کیتابى ڕاکێشانى زۆرترین ژمارەى خوێنەران دێت( کەواتە بەپێچەوانەى –بۆرخیس-ەوە کەکاتێک تەنها چەند ژمارەیەک لەکتێبێکى دەفرۆشرێت، لەجێى ئەوەى زوویر بێت، شادمان دەبێت، چونکە دەزانێت، زۆرى خوێنەر سەبارەت بەتێکستێک زیاتر جێگەى پرسیار و هەڵوێستەکردنە، وەک لەبوونى کۆمەڵێک خوێنەرى کەم و جیدى).
"مۆراکامى" لەپێناو ئیدامەدان بەکار وکەسابەتەکەى، هیچ بەهاو پێودانگێک لاى گرنگ نییە، چونکە لاى ئەو ئامانج نووسینەو نووسینیش تەنها کەسابەتێکى ماددییە کەتائێستا نووسەر گوزەرانى خۆیى لەمیانییەوە مسۆگەرکردووە، هەر بۆیە لەچاوپێکەوتنێکیدا ، سەبارەت بەپرسیارى هۆکارى بوونى ئەو هەموو دیمەنە پۆرنۆگرافی و لادانە سێکسییانە لەڕۆمانەکانیدا، بەچەشنێک کەدەیانکاتە تەوەرى سەرەکى.
لەوەڵامدا باس لەوە دەکات، کەئەو خوێنەرەکانى گەنجن و زیاتر تەمەنیان لەبیست ساڵان و ئەو دەورو بەرەدان...واتە لەوەڵامەکەیەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەى، کەگرنگ نییە خوێنەر بۆ کوآ دەبەیت و چییان پآ دەڵێیت، گرنگ ئەوەیە چۆن لەدەورى نووسینەکانت خڕیان دەکەیتەوە، ئیدى چ شوێنێکى تێڕوانین و دنیابینییان وێران و خاپوور دەکەیت، لاى مۆراکامى و هاوشێوەکانى مەسەلەیەک نییە؟!
هەر خودى "مۆراکامى" کاتێک (خەڵاتى باڵاى ئەدەبى دەوڵەتى ئیسرائیل) لە ئازارى -2009-دا وەردەگرێت، لەسەرەتاى وتارەکەیدا دەڵێت:
" ئێوارەتان باش، ئەمڕۆ وەک ڕۆماننووسێک هاتوومەتە قودس،واتە رێکخەرێکى پرۆفیشنالڕ لەدرۆکردندا".
ڕۆمانى "کافکا لەکەنارە" یەکێکە لەڕۆمانە بەنامێکانى "مۆراکامى"و لەڕاستیدا لەنوسخە ژاپۆنییەکەیدا، "کافکا" بە "کافوکا" نووسراوەو دواتر لەوەرگێڕانەکاندا بووەتە"کافکا"، لەم ڕۆمانەشیدا وەک چیرۆکى"بۆقەکە ڕزگار دەکات"، هەوڵى بەکارهێنانى فانتازیایەکى بابەتیانەى کافکاییانە دەدات، بەڵام ناتوانێت بەبآ تێکدانى شیرازەى ئیدامەى پێبدات و هەر بۆیەشە لەچیرۆکى "بۆقەکە تۆکیۆ ڕزگار دەکات" لەسەرەتاوە کەمێک باشە، بەڵام هێندە نابات دەبێتە فیلمى کارتۆن و هاوشێوەى "گراندایزەر"و فیلمە کارتۆنییە ژاپۆنییەکانت بیردەخاتەوەو هیچ جدییەتێکى فانتازیایى هاوشێوەى ئەدەبیاتى سەردیى پێوە نامێنێت.
بۆ نموونە کاتێک "کافکا" لەهەوڵى چاپکردنى ڕۆمانى"مەسخ"دایە لەنامەیەکیدا بۆ بەڕێوەبەرى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئەو چاپخانەیەى کەقەولە ڕۆمانەکەى چاپبکات، زۆر پآ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کەوێنەى بەرگى ڕۆمانەکەى نەدرێتە دەست فڵانە بەرگساز و نیگارکێش، چونکە دەترسێت، وێنەى قالۆنچەیەکى بۆ بکات، لەپشت دەرگایەکەوە، لەکاتێکدا ئەندامانى خێزانەکەى لەم دیو دەرگاکەوەن و بەمەش دەبێتە وێنەیەکى کاریکاتێرى گاڵتەجاڕئامێزو  تاد... تەنانەت باس لەوەش دەکات، کەلەترسى ڕوودانى شتێکى وا، لەشەودا خەو نەچۆتە چاوى و بەبێدارى ماوەتەوە.. خۆى سەیر لەوەدایە، گەر ئێستاش وێنەى بەرگى "مەسخ" بەنیگارکێشە بەرگسازەکان بسپێریت، بێگوومان، هەر شتێکى هاوشێوەى ئەوە دەکەن، کە کافکا لێى ترساوە، یان بابڵێین هەر خوێنەرێکە ئاسایى، دەرئەنجامى خوێندنەوەى ڕۆمانەکە، زیاتر ئەو گۆڕانەى "گریگۆر سامسا"ى لا گرنگە کەدەبێتە قالۆنچە، لەکاتێکدا ئەم بە قالۆنچەبوونە لاى "کافکا" وەک فانتازیایەکى بابەتى، هیچ ماهییەتێکى کاریکاتێریى سەرزارەکى، یان ئۆبژێیەکى فانتازیایى بەزۆر دروستکراوى فیلمى کارتۆن ئامێز لەخۆناگرێت.
بەڵام "مۆراکامى" لەڕۆمانى" کافکا لەکەنارە"دا، بێ هیچ هۆکارێکى بابەتى یان لۆژیکى و ئیغتیرابى و تاد...لەپڕ دەکەوێتە بەرجەستەکردنى کەسایەتى خەیاڵى "میکى ماوس"ى "واڵت دیزنى"، ئەمە بێجگە لەدرێژکردنەوەى بێزارکەرى وەسفکردنى ژەنەڕالڕ "ساندرز" و زۆر وردەکاریى بێماناى لەشیرازەدەرچووى دیکەى هاوشێوەى نووسینە کرچ و کاڵ و بێتامەکانى "پاولۆ کۆهیلۆ".
 گەر لەسەرەتاشەوە تێکستەکانى "مۆراکامى" بەجدییەتەوە ڕاتکێشنە نێو خۆیانەوە، بەڵام هێندە نابات، دەسەڵاتى ئیمەیجینەیشن دەشێوێت، هەرچەند ئەمە ڕەنگە لاى خوێنەرێکى بابڵێین ئاسایى هیچ گرنگییەکى نەبێت، وەک" ئیمبیرتۆ ئیکۆ"ش ئاماژەى پێدەدات:
( خوێنەرى فیعلى هەر کەسێکە، هەموومانین..من و تۆ و ئێمە کاتێک تێکستێک دەخوێنینەوە، ئەم جۆرە خوێنەرە بەڕێگەى جیاوازدا دەخوێنێتەوە، هیچ ڕێسا و یاسایەک نییە، شێوازێکى خوێندنەوەى تایبەتى بەسەردا بسەپێنێت، بەگشتى ئەم جۆرە خوێنەرە تێکست وەک شوێنى پڕکردنەوەى ئارەزوو و حەزە تایبەتییەکانى سەیر دەکات، کەپەیوەستە بەدنیایەکى جیاواز و بەدەر لەتێکست، کاریگەرى تێکستیش لەسەرى تەنها وروژاندنییەتى بەشێوەیەکى کاتى)
بەڵام گرنگیدان و مەبەستى "ئیکۆ" خوێنەرى "نموونەییە"، هەروەک چۆن لاى ئەو "نووسەرى نموونەییش" هەیە، کەهەردووکیان پێکەوە خوڵقێنەرى تێکستى جیدین.
خوێنەرى جیدى لاى "ئیکۆ" بەشوێن شادەمارى ستراتیژى تێکستدا وێڵەو هەمیشە هەوڵى تەئویل و کردنەوەى دەرکەکانى تێکست دەدات، ئەم جۆرە خوێنەرە ئارام و لەسەرەخۆ و هەناسە درێژ و سەرسەختە، لەناو ڕیتمى تێکستدا ڕیتمێکى دۆزەرەوەو گەڕۆک و بزۆزى هەیە..لەهەموو ئەم کردەیەشدا گەر ئەقلڕ، ڕۆڵێکى سەرەکى ببینێت، نابێت ئەوە لەیاد بکەین کەئەقلڕ هیچ کاتێک کاملڕ نییە، هەروەک نووسەرى عاریف،" دکتۆر عەبدولکەریم سروش"، دەڵێت:
( ئەقلڕ خودا نییە و لەپلەى کەشف و دۆزینەوەى بابەتەکانداو چارەسەرکردنیاندا، توانایەکى سنووردار و دیاریکراوى هەیە).
ماوەتەوە بڵیم، پێش ئەوەى بەتەوایى لەگەلڕ دنیاى چیرۆکە وەرگێڕدراوەکاندا جێتان بهێڵم،  دەبێت ئاماژە بەوە بدەم، کەلێرەدا هێندەى دەرفەت هەبوو، هەوڵمدا هەندێک شت بورووژێنم، ئەگینا ئەوەى کەگوتوومە دوور و نزیک ناچێتە خانەى تەئویل، یان ڕاڤەکارى، یاخود خوێندنەوەى ڕەخنەکارانەو شتى لەو چەشنە؟!
***

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە