ئایا جارەنوسی هەرچوار پارچەکەی کوردستان وەک یەکە ؟

Sunday, 22/11/2015, 3:07

1999 بینراوە


حکومەتی عراق لەسەر بنەمای (تایفە) و مەزهەب  دروست بوە .... پێکەوە ژیان لە حکومەتێکی ئاوا تایفی دا مەحاڵە .. بۆیە کورد جیا بونەوە نەبێ چاری تری نیە .. خەڵکی سادە تا بە چاوی خۆی نەیبینێ نایسەلمێنێ .. تا ئاڵاکەی کوردستانیان لە ژێر پێی شیعەکانی کەربەلادا (دۆستە هەمیشەییەکانی کورد!) نەبینی ، وایان ئەزانی تەنیا داعش دوژمنی کوردە ، هێزەکانی تر لە عراق دا هەمو دۆستی گیانی بە گیانی و برای هاوشیری کوردن ..
جیابونەوە لەم دۆخەدا کارێکی گران نیە ، خۆ ئەگەر ئێستا کورد نەتوانێ خۆی لە بەغدا ڕزگار کات ، ( بەغدای عرب ، بە شیعە و سونە وە ) ئەوا ڕەنگە سەدەیەکی تر ، هەلی وای بۆ هەڵنەکەوێت .. هەندێ وا تێئەگەن ئەگەر کوردستانی باشور ببێتە حکومەتێکی سەربەخۆ ، ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان .. ئەوا باکوری کوردستان و ڕۆژهاڵات و ڕۆژاواش ، ئەبێ سەربەخۆیی وەربگرن ، یا هەرچوار پارچەکە ، یەکئەگرن و ئەبێتە حکومەتێکی گەورە و گران .. بەڵام ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە .. ڕاستە هەرچوار پارچەکەی کوردستان یەک میللەتە ، بەڵام یەک چارەنوسی سیاسیان نیە .. هەر پارچەیەک پەیوەندی بە حکومەتی ناوەندیی وڵاتەکەیەوە هەیە .. ئەکرێ هەرێمی ئێمە بێتە حکومەتێکی سەربەخۆ ، بەڵام کوردانی باکور ، دەیان ساڵی تر هەر وەک ئێستا بمێننەوە ، یا کوردانی ڕۆژاوا چارەنوسێکی سیاسی تریان هەبێت .. نمونەی مێژویی زۆرە بۆ سەلماندنی ئەم راستیە .. کاتێ کەمال ئەتاتورک لەسەر کەلاوەی دەوڵەتی عوسمانی ، کۆماری تورکیای عەلمانی بنیات نا  ، نەیهێشت تورکیا پارچە پارچە بێت و بکەوێتە دەستی ئیسلامیەکان .. حکومەتێکی سەربەخۆی بەهێزی گرنگی وەک تورکیای ئێستای دامەزراند ،  تەنیا زمانی تورکی زمانی فەرمی بو ، هەمو زمانێکی تر قەدەغە کرا ، وەنەبێ ئەم حکومەتە  هەمو تورکانی دنیای لە خۆ گرتبێ ، لەو لاوە ( ٣٠ ) سی ملیۆن تورک لە ئێران دا هەبو ، ژمارەیان لە فارس و کورد و عرب زیاتر بون ، ئێستاش وەک ئێرانیەک لە ئێران دا ئەژین و هیچ پەیوەنیان بە تورکانی  تورکیاوە نیە  وەک نەتەوەیەک ، یا ( ١٣ ) وڵاتی عربی هەیە ، هیچ پەیوەندیان بە چەند ملیۆن عربی ئیرانیەوە نیە ، عربی ئێران ئێرانین و عربی سعودیە سعودین و تونسی تونسین و  هەروەها ..لە چوار پارچەکەی کوردستانیش دا کوردانی هەر پارچەیەک پەیوەندیان بە حکومەتی ناوەندی وڵاتی خۆیانەوە هەیە ، چارەنوسیان بە حکومەتی خۆیانەوە بەسراوە . ئەو بارو دۆخەی بۆ کوردی پارچەیەک دروست ئەبێ ، زۆر جیاوازە لە بارودۆخی پارچەکانی تر ، بۆیە هەڵەیە ، چارەنوسی کوردی پارچەیەک بە چارەنوسی پارچەیەکی ترەوە ببەسترێت .. هەر پارچەیەک ئەبێ تەواو سەربەخۆ بێت لە مامەڵە کردنی لەگەڵ باری سیاسی وڵاتەکەی و ناوچەکە و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان .. هەر پارچەیەک ڕەجاوی بەرژەوەندی بەشەکەی خۆی ئەکات ، زۆر جیاوازە لە بەرژەوەندی بەشەکانی تر ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە