تاخمە چایەکانی مەکتەبی سیاسی

Sunday, 22/11/2015, 3:09

2885 بینراوە


لەدوای راپەرینو بۆ دەستخستنی بەشێک لەکێکەکەی دەسەڵاتی کوردی چەندین حیزبی تازە هاتنە دامەزراندن..ئەو کات حزبە عیراقیەکان دو جۆر بون کە ئێمەی نوسەران ناومان لەهەندێکیان نابو (ئەحزابی خەنادق) واتە ئەوانەی لەسەنگەردا بون دژ بەدیکتاتۆریەت،ئەوانیتریان ناومان نابون(ئەحزابی فەنادق) واتە ئەو حزبانەی تەنها لەئوتێلی پایتەختە ئەوروپیەکانەوە چالاکی سیاسیان ئەکرد.دوای راپەرینی و ئازادکردنی کوردستان لەجنگی بەعس چەندین حیزبی تریش دروست بون کە من ناوم نابون (ئەحزابی بەیادق) واتە ئەوانەی وەکو داشەکانی یاری شەترەنج  حزبە گەورەکان یاریان پێئەکردو چۆنیان ویستبا ئەیانسوڕاندن.. بەمشێوەیە حزبی تازە پەیا بون بەدەفعی حیزبە دەسەڵاتدارەکانو بەپارەی میللەتەوە، ئامانجیش لەمکارە  جوانکردنو رتوشکردنی وێنەی دیموکراسیەتە سەقەتەکەی هەرێمەکەمان بو کە خۆی لەفیفتی فیفتیە شکستخواردوەکەدا دەنواند.
یەکێک لەو حیزبانەو کە هەمو ئەندام و سەرکردایەتیەکەیان لەناو پیکابێکی تۆیۆتای مۆدیل هەشتاکاندا جێگایان ئەبوەوە، جارجار بەناوی ئەوەی کەوا حیزبی سیاسیین و رۆڵیان هەیە لەبنیاتنانی دیموکراسیەت لە کوردستاندا کۆبونەوەیان ساز ئەکردو لەتەلەفزیۆنەکەشیان بڵاویان ئەکردەوە گوایە مەکتەبی سیاسییەکەیان تاوتۆیی پێشهات وروداوەکانی جیهانیان کردوە و لەسەر ئاییندەی کوردستان رابوبۆچونیان گۆڕیوەتەوە.
برادەرێک گێڕایەوە وتی"سەرۆکی ئەم حیزبە پیاوێکی نەخوێندەوار بو،کاتێک ئەندامانی مەکتەب سیاسیەکەی کۆ ئەکردەوە لەژورەکەی خۆیدا،دوای ئەوەی کامیراکان ئەهاتن وێنەکانیان ئەگرتو ئەچونە دەرەوە، بانگی چایچیەکەی ئەکردو ئەیوت" تاخمێک چامان بۆ بێنە".ئیدی خەریکی چاخواردنەوە ئەبون هێشتا کۆبونەوە دەستی پێنەکردوە.. دوای ئەوەی چاکە ئەخورایەوە هیچ شتێک نەبو باسی بکەن هەرلایەو لەگەل ئەوەی تەنیشت خۆی ئەکەوتە قسە و باس و ئەحوال پرسین، دوای کەمێک سەرۆکی حیزب کە سەرپەرشتی کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ئەکرد جارێکی هاواری چایچی ئەکرد" باوکە تاخمێک چای ترمان بۆ بێنەوە". بەمشێوەیە یەک دو سەعات لەژورەوە خەریکی چاخواردن ئەبون وکۆبونەوە کۆتایی ئەهات بەبێ بڵاوکردنەوەی بەلاغی کۆتایی چاخواردنەکە؟!.
چوار حزبەکانی ئێستای کوردستان وەکو ئەم حیزبەیان لێهاتوە لە کۆبونەوە پێنج قۆڵی وچوار قۆڵیەکانیاندا هیچ شتێک نیە باسی بکەن و لەسەری رێکبکەون بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەسات و قەیرانانەی ئەمرۆ بەرۆکی هەرێمیان گرتۆتەوە،دوای چاخواردنەوە تەنها لەسەر ئەوە رێک ئەکەون مەوعیدی کۆبونەوەی داهاتویان کەی بێت.. تەنها شتێک لەسەری رێًکبکەون دیاریکردنی رۆژی کۆبونەوەی داهاتویانە ئایا رۆژی سێشەمە بێت یا پێنج شەممە. بەمشێوەیە درێژەدارییەکی بێ مانا بەم کۆبونەوانەی قەیرانی سەرۆکایەتی ئەدەنو،لەولاشەوە جەنابی سەرۆکی هەرێم بەکەماڵی ئیسراحەتەوە لەسەر کورسیەکەی دانیشتوەو حزبەکەشی پێئەکەنن بەئەنجامی ئەم کۆبونەوانەوە؟! دانیشتن دوای دانیشتن،پرۆژە دوای پرۆژە، پێشنیار دوای پێشنیار، چونو هاتن بۆ سلێمانی و هەولێر، تەنانەت رێگاکانی نێوان هەولێر سلێمانیش لێیان بێزار بون، کەچی ئەوان بێزار نابن لەم کۆبونەوە بێئەنجامانە..
دەمێکە هەست بەوە ئەکەم کەوا چوار حزبەکەش لەپارتی و سەرۆکەکەشیان پێخۆشترە دو ساڵیتر بۆ جەنابی کاک مەسعود درێژبکەنەوە، بەڵام تۆقیان لەجەماوەرەکانیان چوە. ئەیانەوێ بەبێدەنگی و بەدرێژەدان بەم کۆبونەوانە ماوەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە،ئەمەش ئەگەر تا حەدێک مەعقولیەتی تیا بێت، بەڵام ئەوەی ناماقوڵییە مانەوەی قەیرانو کێشەکانی گوزەرانییە کە پارتی و دەسەڵاتەکەی هیچ هەنگاوێک نایەنەپێش بۆ چارەسەر کردنیان. پارتی کە تا ئێستا کار بۆ مانەوەی بارزانی ئەکات لەسەر کورسیەکەی بێ منەتانە ئامادە نییە هیچ باجێک یا نرخێک لەبەرامبەر ئەمەدا بدات، تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش چاک ناکاتەوە کە ئەمە بژێوی خەڵکەو ئەگەر چارەسەر بکرێت بازاڕیش ئەجوڵێت  وەزعەکە تۆزیک چاک ئەبێتەوە.
من پێمباشە ئەم چوار حزبە جارێ واز لەکورسی نەگبەتی سەرۆکایەتی هەرێم بێنن چونکە دڵنیام هەر هەمویان پێیان خۆشە مەسعود بارزانی بمێنێتەوە، شێوازی داواکاریەکانیان بگۆڕن بۆ چارەسەری کێشەکان و قەیرانەکان.. با رێکبکەون لەسەر ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا کێشەی موچە چارەسەر بکەن کە دڵنیام ئەتوانن بەدو رۆژ چاکی بکەنەوە. با کێشەی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەنو نەماندەنە دەست قەدەر بەتایبەتی ئێستا مەسەلەی بودجەی عیراق لەئارادایە. با دۆسیەی نەوت چارەسەر بکەن کە ئێستا داهاتەکانی ئەچێتە سندوقی تورکیاوە..با پەیوەندیەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا وباکور چارەسەر بکەن کە خەریکە ئەگاتە تفەنک راکێشانەوە.. با چارەسەری کێشەی دیکتاتۆریەت بکەن کە پارتی ئەیەوێت لەم هەرێمەدا بیچەسپێنێت، مەسعود بارزانی لەجیاتی ئەوەی دەوڵەتی کوردیمان بۆ رابگەیەنێت، ئێستا خەریکە دیکتاتۆریەت رائەگەیەنێت..
ئەگەر حزبەکان دەسەڵاتی ئەوەشیان نیە ئەم کێشە لاوەکیانە چارەسەر بکەن و مل بە پارتیدا بدەن بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشانەوە، با نەخشە رێگایەک دارێژن بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بەم دانیشتنە بێسودانە،ئەوساش هەمو ئەو کێشانەی باسم کردن چارەسەر ئەبن..
ئەم وەزعە رۆژ لەدوای رۆژ بۆنی ناخۆشی سەری هاوڵاتیان گێژ ئەکات، کاتی ئەوە هاتوە چوار حزبەکەی غییرەتێ بیانگرێ و کۆتایی بەم یارییە بێنن، چونکە ئەگەر پارتی لەبەرژەوەندی دابێت بەمشێوەی ئێستا وەزعەکە درێژە بکێشیت ئەوە حزبەکانی تر هیچ سودێکی لێ نابینن،ئەبێت سنوریک بۆ ئەم گالتەجاڕیەی دانیشتنەکانەوە دابنریت و لەمە زیاتر یاری بە چارەنوسی میللەت نەکرێت، چونکە ئەبێ هەمو حزبەکان ئەوە باش بزانن ئەوەی سواری کەشتیەکەی پارتی بێت بێگومان چارەنوسی غەرق و فەنا بونە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە