خاوەن هۆشیارییە ساختەکانی کوردستان کێن؟

Monday, 23/11/2015, 23:03

2105 بینراوە


لە قوتابخانەی فرانکفۆرت و لە بەرهەمهێنانی چەند کتێبێک وەک سەرچاوەی سەرەکی لەسەر هۆشیاری ساختە، بە جوانی لەسەر ئەم بابەتە دواون و، بۆ نمونە لە کتێبی ( کەسایەتی خۆسەپێن ) دا زۆر جار باس لەو چەمکە دەکات کە بە هۆشیاریەکی ساختەکاریەوە چۆن دەتوانیت خەڵک بخەڵەتێنیت و چەواشەی بکەیت، بێ ئەوەی کەس ئاگای لە راستیەکان بێت ، باس لە کەسایەتیە رۆشنبیرە هەمەجۆرە ساختەچیەکان دەکات، کە چۆن رۆڵی چەواشەکاری بۆ مەبەستێک یان ئامانجێک یان بەرژەوەندیەکی تەسک دەگێرن .
خاوەن هۆشیاری ساختە؛ ئەوانەن کە تەنها بۆ مەبەستێک دوور لە راستی  و جەوهەریدا بە شان و باڵی بابەتێکی ناراست و ساختە و زیانبەخشدا هەڵدەدەن و رەواجی پێدەدەن . وەک ئەوانەی لە مێژوودا دەرکەوتن، لە رۆشنبیرانی لایەنگری فاشیەت و شۆفینیەت و دیکاتۆریەت و هەندێک بیروبۆچونی فەلسەفی ساختەی سەردەمەکانیان . ئەمانەش زۆر خەڵکی کارای خاوەن کارو پیشەی  لە خۆگرتبوو ،لە پێشەوەشیاندا کە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر رەوتی مێژوو، رۆشنبیرە ساختەچیەکان بوون .  بەڵام خاوەن هۆشیاریە راستەقینەکان، تەنها لە ناوەرۆکی بابەتە کە و ئەوەی لە قازانجی مرۆڤدا بێت و بە قەناعەتێکی خودیەوە دوور لە هەر بەرژەوەندیەکی ژیانی تاکە کەس، مامەڵە لەگەڵ بابەتەکاندا دەکەن . وەک خەڵکە عەلمانیە راستەقینەکان و  میانرەوە ئایدیۆلۆجیەکان و  ئاکادیمی و زانستخواز و ،خۆبەختکردوانی ژیانی  دروست بۆ خەڵک و باوەربون بە گۆرانکاری بەردەەوام و دوورکەوتنەوە لە دۆگما .
ئەم ساختەچیانە هەموو رێگەیەک دەگرنە بەر بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و پاڵنەری مادی و عەقڵی و درۆ و دەلەسە لە پێناو رازیکردنی زۆرینەی خەڵک بە بیروبۆچونەکانیان و، لە پێناو؛ جگَە لە شتی تایبەت بە خۆیان وەک پشت بەستن بە نەرجسیەت و زاڵبونی خۆ ویستن و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی و بیرو راو بۆچونی ئەویتر،هیچ شتێکی تر لە ئارادا نیە، بەڵام ئەمانە ئیدعای بیرباوەریش دەکەن.  ئەم سیفەتانەش یان لە کەسێک یان رێکخراوێک یان حزبێک یان هەر کۆمەڵەیەکدا کۆدەبێتەوە، کە بە ساختەکاریەوە بەرژەوەندیەکانی دابین دەکات لەسەر حسابی بۆچونی راستەقینە و رێگەی راست، یان بە خۆیان، کۆمەڵە و رێکخراوی مەدەنی یان سیاسی دروست دەکەن . بۆ ئەو مەبەستەش، ساختەچیەکان پێش هەموو کەس هاوڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن و جادە دەجوڵێنن و لە هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین هەڵخەڵەتاون بۆ رەواج پێدانی چەواشەکاریەکانیان لە لایەکەوە و، لەلایەکی ترەوە هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەر بۆ وەلانان و لەناوبردنی خەڵکە راستگۆ و ناخ پاک و بیر و رەفتار راستەقینەکە . ئەمانە قەت ناتوانن لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سەردەمی خۆیاندا رابێن و خۆیان بگونجێنن، بۆیە رقیان لەوانی تر دەبێتەوە  و، لە پێناو مانەوەی سەرکەوتنی کاتی خۆیان، جگە لە پارێزگاری لە دابو نەریتی کۆنی بەسەرچوو، بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە چەواشەکاریەکانیان دەکەن چەندین بارەی دەکەنەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەڵک بکەن و ، بەوشێوەیە  دژایەتی خاوەن بیرو سەردەمخواز و گۆرانخوازی هەمەچەشنی سەرجەم کۆمەڵگا دەکەن نەک، دژی رێکخراوێک یان کۆمەڵەیەک یان حزبێکی دیاریکراو بن، خاوەن کەسایەتی رۆشنبیری راستەقینەی وا بن کە بیروبۆچونیان لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنخوازی سروشتی ژیانی خەڵکدا بگونجێت، هیچ چەکێکی تریان نیە بۆ رەواجیدان بە کاڵا ساختەکاری و چەواشەکاریەکانیان . 
بۆیە لە کوردستانی خۆماندا زۆرێک لە خەڵکی هۆشیار دەبینین بەهەمان شێوەی  ئەو خاوەن بیروبۆچون و دەتوانم بڵێم هۆشیاریە چەواشاکاریانەوە دەقوقێنن، یان لە نەزانینانە یان لە بەرژەندخوازیەوەیە . بۆیە چارەسەری ریشەیی بۆ ئەم تەگەرەی قورسەی بەردەم پێشکەوتنی ژیانی خەڵکە بە گشتی، لە گۆرینی هۆشیاری ئەو کۆمەڵە خەڵکەدایە کە بە خاوەن  هۆشیاری ساختە لەقەڵەم دەدرێن و، لەوێشدا پێویستە رۆشنبیرانی ساختەچی و راستەقینە لەیەک جیابکرێتەوە کە دوو نمونەی زەقی ئەم بابەتەن .
چەند رۆشنبیری کوردستانمان بینیوە، کە قوتابخانەکەی فرانکفۆرت بەم شێوەیە بەجوانی باسی کردون و ناخی دەرخستون و وەک ئەوەی نوێنەریان لە کوردستانی ئیستادا هەبوبێت، پێناسەی کردون . 
بۆیە؛ ئێستا لە کوردستاندا کۆمەڵێک خەڵکی هۆشیار لە نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەکتەر و ئەکادیمی لە سنفی ساختەچیەکاندان . دەبێت رێگەیەکی راست بۆ دەرهێنانیان لەو زەلکاوە لەلایەن خەڵکی دڵسۆز و راستگۆوە بگیرێتە بەر . ئەمەش بە هاوکاری و کارکردنی زۆر و راستگۆیانەی خاوەن هۆشیاریە راستەقینەکان مەیسەردەبێت . لەم بارەشەوە چەندین پەنجەرە هەن، بۆ چوونە ژوورەوە و جێبەجێ کردنی ئەرکەکان و دەبێت بە مکور بون و گفتوگۆی بەردەوام بکرێت و خەڵکە خاوەن بۆچون و بیرە راستەقینەکە رۆڵی گەورەی تێدا ببینن .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە