بەگای ڕیخن كوردایەتی ناكرێت ؟

Monday, 23/11/2015, 23:49

2519 بینراوە


لە سایەی حكومەتە خۆماڵیەكەی خۆماندا نەهامەتی نەماوە تاڵاوەكەی نەچێژین، هەرچی ناهەمواری هەیە بەرهەم هێنراوەو بەسەر تەواوی جومگەكانی ژیاندا دابەشكراوە، زۆرجار وتروە لە هەرێمی كوردستاندا بۆ شاردنەوەی قەیرانێك قەیرانێكی زۆر بەرفراوانتر سازدەكرێت لە پیناو داپۆشینی ئەوەی تر، بەڵام دیارە دەسەڵاتداران دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە بەو سزادانەی گەل بۆیە دەیانەوێت لە ئاستێكی باڵاترو ترسناكدا ئاریشە بۆخەڵكی بەشمەینەت دروست بكەن، لە دوای كەڵەكەبونی قەیرانەكان و دەسەوەستانی و بێخەمی و بێباكی دەسەڵاداران لە چارەسەركردنیاندا، شەڕی نەگریسی چەتەكانی داعش سەری هەڵداو دەردەسەریەكی زۆر گەورەتری بۆ خەڵكی كوردستان  هێنا، زۆر ماڵباتی كورد سەرباری زۆری و زەحمەتیەكانی ژیانی ڕۆژانەیان سەرو ماڵیان لە بەرگریكردن و پاراستنی نیشتماندا بوبە قوربانی، هاوكات هەزاران كوردی ئێزیدی لە ئەنفالكردنێكی تردا كەوتنە بەرشاڵاوی تاڵانچیەكانی بهای مرۆڤ، 
ئەوشەڕە خوێناویەی مایەی ماڵ وێرنی و قوربانیدانێكی بێ شومار بو بۆ گەلی ئازارزەدە و ژیان تاڵ، لە هەمان كاتدا بیانویەكی باشبو بۆ دەسەڵاتدارانی دورە گەل تا بە هاوڵاتیان بڵێن بارو دۆخی هەرێم ناجێگیرەو شەڕ بەرۆكی گرتوین و تەنها پاراستن و بەرگریكردن لە ئەزمون و دەسكەوتەكان ئەولەویەتی كارەكانمان دەبێت، بۆیە لە ئێستادا ناكرێت باسی جاكسازی و ژیانی باشتر و  كۆڕانكاری لە سیستەمی حكوم و دەستاو دەسكردنی دەسەڵات بكرێت، مافی گەلە بپرسێت باشە دەسەڵاتدارانی بێاك ئەگەر باردۆخ هێندە ناجێگیر و خەتەرناكە پێویست نیە لە سەر ئاستی دەرەوەی هەرێم بەرژەوەندی حزبی وەلا نێن و بە تەبایی و پێكەوەیی هەوڵی چارسەركردنی كێشەو ئاڵۆزیەكان بدەن؟
لە پێناو دەسكەوتی حزبی و كەسیدا ئامادەن وڵات بە ئاگری دۆزخ بسپێرن، ململانیەكانتان لە شەڕی یەكتر شكاندن بۆ ڕازیكردنی جەمسەرە ناكۆكە هەرێمیەكان گەیشتووە بە ئاستێك خەریكە خەڵكی كوردستان گیرۆدەی ئاگری شەڕی نەتەوەیی و مەزهەبی دەكەن، ئەوەی دیارە نێتیەك هەیە دەیەوێت و كاربۆ ئەوە دەكات ئاگری ئاژەوە گێڕی و دوبەرەكی و شەڕی پێكهاتەكان لە كەركوكەوە جۆش بدات، ئەوەش ئاشكرایە دەستی دەوڵەتێكی دژەكوردی لە پشتەوەیە بەڵام بۆدەبێت مقاشی ئەو دەستە لە ناوخۆماندا بێت؟ گەلی كورد كە گیرۆدەوە ماڵوێرانی شەڕی چەتەو تیرۆریستانی داعشە، بۆ دەبێت دەرگایەكی تری شەڕ بە ڕویدا بكرێتەوە ئەوەش لە گەڵا هێزو لایەنێكدا كە لە ئێستادا بەكردەوە شەڕی داعش دەكات؟
چەواشەكاری و هەڵخەڵەتاندن و جۆشدانی هەست و سۆزی خەڵك بۆ مەبەستێكی تایبەتی دەسكەوتی حزبی و زیان بەخش بە كۆمەڵگە، جگەلەوەی ناپاكیە بەرامبەر بە دڵسۆزی گەل و خاك و وڵات، هەمان كات تاوانێكی دژە مرۆڤایەتی و قێزەوەنە هاوتای كردەوەكانی داعش، چاندنی تۆوی دوبەرەكی و ئاراستە كردنی ڕای خەڵك بەرەو دو جەمسەری جیاواز شەرمەزاریەكی گەورەیەو پێویستە هەرچی زوتر بەری پێبگێرێت، دابەشكردنی باشوری كوردستان بۆ دوبەش لە زەهنیەتی خەڵكدا و تانەوتەشەر لە سەر دوبەرەی شەڕ كە كوڕی هەژارو دڵسوزی ئەم گەلە گیانی خۆی تێدا دەبەخشێت، كاری دوژمنانی كوردو كوردستانەو ناكرێت خودی كورد ئەنجامی بدات، جوڵاندنی هەستی پاك و پڕ لە دڵسۆزی خەمخۆران و پارێزەرانی شكۆمەند كورد بەوەی سوكایەتی بە سیمبول پیرۆزیەكانمان دەكرێت و ئاگر لە ئاڵای كوردستان بەردەدرێت، هیچ نیە جگە لە بەگڕو تینكردنی زیاتری ئاگرەكەو ئاژەوەگیڕی و بە سوتاندنی خەرمانی ڕەنجی خەڵكی كوردستان و خۆشحاڵكردنی دوژمنان، 
دەكرێ ئێمەی هاوڵاتی بەرلەوەی بە ئاوازی زوڕنای ئاژاوەگێڕان بكەوینە سەما، لە مەبەست و خواستی كاكی زوڕنا ژن تێبگەین، ئایا بۆچی لە دوای دوانزە ساڵا پێكەو كاركردنی لە حكومەتی فیدراڵ تازە بە تازە خەڵكی عەرەبی كەربەلا ئاڵای كوردستان دەخەنە ژێرپیان و دەی سوتێن؟ ناكرێت لە خۆمان بپرسین بۆچی ئەم دیاردە ناپەسەندە لەم كاتەدا سەری هەڵداوە؟ ئایا كاردنەوەیە لە بەرامبەر كارێكی لەوە ناڕێكترو ناڕەواتر یان كارێكە بە مەبەستی پەرچەكردارەو پیلانگێڕیەكی گەورەتر لە ناوەخنیدا شاراوەیە؟
ئەركی هەركەسێكی مرۆڤدۆستە كارە ئاژاوەگێری و پیلانگێرٍیەكان ڕسواو شەرمەزاربكات ئیدی هەردەستێك ئەنجامدەری بێت،
هەروەك چۆن كردەوەی ئەو كەسانە شەرمەزارو محكوم دەكەم كە بێڕێزی بەرامبە بە ئاڵاو رەمزەكانی كوردستان دەكەن، هەمانكات ئەو كەسە دەرون نەخۆش و ئاژاوەگێرٍەش شەرمەزار دەكەم كە لە گرتەیەكی ڤیدویی دا پیسایی دەكاتە سەر ئاڵای ئێراق وپاشەڵی خۆی بە وێنەیكی مەرجەعی شیعەكان عەلی سیستانی دەسڕێتەوە، هەمو كەسێكی نابەرپرس دەتوانێت كاری نابەجێ ئەنجام بدات، بەڵام كاری دروست كەسایەتی دروستی گەرەكە، ئەودەرون نەخۆشەی گوایە وەك پاڵەوان خۆی نمایش دەكات بە سوكایەتی كردنی بە رەمزەكانی خەڵكی تر، جگەلەوەی سوكایەتی بەخۆشی دەكات و جەستەی ناقۆڵای بەروتی نمایش دەكات و وەك گای ریخن ئەفڕكێنێ، لە هەمانكاتدا سوكایەتی بە كەسێتی ژنیش دەكات، ئەو نامرۆڤە لە شوێنی ئەڵاهوئەكبەرەكەی ناو ئاڵای ئێراق وێنەی ژنێكی بەڕوتی داناوە، كومەڵی وشەی ناپەسەندوسوك بە وێنەكەش دەڵێت، ئەو گرتەیە ئەگەرچی كاری تاكەكەسێكی دەرون نەخۆشە، بەڵام كاردانەوە خەراپەكانی لایەنی بەرامبە زیانێكی زۆر مەترسیداری بۆ تەواوی هاوڵاتیانی كورد هەیە، هەرچەندە گومانم هەیە ئەوە كارێكی نەخشە بۆ كێشراوە و مەبەستێكی زۆر لەوە گەورەتری لە پشتەوەیە، بۆیە زۆر پێویستە لایەنی خەمخۆر و دڵسۆزی ئەم وڵاتە هەوڵەكان زۆر بەجدی بخەنە گڕ بۆ ئەوەی ئاگری ئاژەوەگێران تەشەنەنەكات و مەرامەگڵاوەكانی ناحەزان بەدی نەیەت، زیاد بونی ئەو پەلاماردان و سوكایەتیكردنە زیانی هەرە زێدەی بۆ كورد هەیە بەگشتی و ناوچە دابڕاوەكان بەتایبەتی، لە كۆتایدا دەڵێم كوردایەتی بە گای ڕیخن ناكرێت، ئەوەشتان لە یاد بێت سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێم ئاڵای ئێراقی بەسەرەوەیە بەبێ ڕەزامەندی خەڵكی كوردستان.  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە