تیرۆری دەوڵەت لە حزب اللە وە بۆ داعش؟

Monday, 30/11/2015, 20:11

2054 بینراوە


توركیا وەك وڵاتێكی داگیركەری كوردستان و دوژمنێكی سەرسەختی گەلی كورد، ناخی شەڕانگێزی و دوژمنكارانەی خۆی نەشاردووەتەوە، لە هەر شوێنێك كورد دەروازەیەك بەرەو ئازادی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی بەڕویدا كرابێتەوە توركی فاشست لەوێ دەستی كردووە بە پیلانگێڕی، ناگەڕێمەوە بۆ مێژوی سەدساڵ تەنها لە سەرەتای نەوەدەكانەوە لەوكاتەوەی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی كورد لە باكوری كوردستان تازە لە گەشەكردن و پێشڤەچوندابو، ئیتر تیرۆری دەوڵەت زۆر بەشێوەیەكی دڕندانەو نامرۆڤانە لە هەمبەر كوردی وڵاتپارێزو ئازادیخواز چڕكرایەوە،
كۆلۆنێلێكی خانەنشینكراوای تورك بەناوی "عارف دۆغان" دامەزرێنەری ئیستخباراتی عەسكەری ناسراو بە "ژیتەم"لە كاتی لێپرسینەوەی لە دادگا كە لە سەر دۆسیەی ئەرگەنەكۆن دەسگیركرابو ئاشكرای كرد كە ئەو دامەزرێنەری "حزب اللە" یە، دیارە ئەو گروپە تیروریستە كە ناوی حزب اللە یان لێنرابو بۆ لە خشتەبردنی كوردی باوەڕدارلە كوردستاندا دروستكرابون تەنها بۆ دژایەتی و تیروركردنی وڵاتپارێزانی كورد، بۆئەوەش دەوڵەت هاوكاری دەكردن و زیانێكی زۆریان بە خەباتی گەلی كورد گەیاند ، ئاشكرایە دیارترین كردەوە تیرۆریستیەكانی دەوڵەت و دارودەستە بەكرێ گیراوەكانی تیرۆركردنی "ویدات ئایدن" سەرۆكی لقی ئامەدی پارتی ڕەنج و نوسەری ناودار "موسا عەنتەر" ناسراو بە ئاپێ موسا و هەزاران كەسایەتی تێكۆشەری كورد بە شێوازی بكەری نادیار شەهید كران،
ئێستاش لە كاتێكدا خەبات و بەرخۆدانی گەلی كورد لەوپەڕی سەركەوتندایە ئەكەپە و ئەردۆگان لە كەوڵی داعشدا كەوتونەتە پەلاماردانی كورد و دەسكەوتەكانی، نوێترین كاری نامەردانەو تیرۆریستی ئەكەپە تیرۆركردنی كەسایەتیەكی دڵسۆزو وڵاتپارێزومافپەروەری كوردبو،
زۆر بەداخەوە ڕۆژی 28\11\2015 لە شاری ئامەدی قەڵای بەرخۆدان و ناوچەی سوری دیرۆكی، سەرۆكی كۆمەڵەی پاریزەرانی ئامەد تێكۆشەر تاهیر ئالچی بە گوللەی تیرۆریستانی ئەكەپە شەهید كرا، هەڵبەتە ئاشكرایە لە گەڵ دروستكردنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە لایەن دژەمرۆڤ و بەرژەوەندی پەرستەكانەوە، ئەكەپە وەك دەزگای بەرهەمهێنانی تیرۆرست و ئەردۆگان وەك بەرپرس و پیلان داڕێژەری ئەو دەزگا دژە مرۆڤایەتیە هەمو سنورێكیان تێپەڕاندووە لە كردەوە دڕندایەتیەكانیان، هاوشێوەی گورگی هار بە چوار لادا پەلامار دەدەن و خوێنی ڕۆڵەی كورد دەڕێژن، بێگومان ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی توركیای شۆڤیەنی درێخییان نەكردووە لە كردەوەی نامرۆڤانەو كوشتن و گرتن و ئەشكەنجەدانی خەڵكی ئازادیخوازی باكوری كوردستان، لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی كورد بە ڕێبەرایەتی بیرمەند و فەیلەسوف ڕێزدار ئاپۆ بە پێی ئامارەكارنی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە باكوری كوردستان زیاتر لە شانزە هەزار وڵاتپارێزو نوسەر و ڕۆژنامەنوس و یاساناسی كورد تیرۆر كراون بە شێوازی بكەری نادیار، بەڵام ئەمڕۆ لە كاتێكدا یەك ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر یادكردنەوەی 37 ساڵەی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە شاری ئامەد بە بەرچاوی كامێراكانەوە چەتەكانی ئەكەپەی هاوكاری و هاوپیشەی داعش تەقە لە پارێزەر تاهیر ئاڵچی دەكەن و شەهیدی دەكەن، شەهید تاهیر ئاڵچی لە ساڵی 1966 لە جزیرە بۆتان لە ماڵباتێكی كورد پەروەر چاوی بەژیان هەڵهێناوە، برازی سیاسەتمەداری كۆچكردو شەرەفەدین ئاڵچی بو، پارێزەری شەهید كەسێكی وڵاتپارێزو داكۆكی كار بو لە مافەكانی خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان، لە ئەنجامی كارە مرۆڤدۆستی و وڵاتپارێزیەكانیدا چەندین جارهەڕەشەی لێكراوەو زیندانی كراوە، بەڵام ئەو پارێزەرە كوردپەروەرو وڵاتپارێزە كۆڵی نەداوەو بەردەوام بووە لە كارە مرۆڤدۆستیەكانیدا، دواجار لە بەرنامەیەكی CNN turk دا بەڕاشكاوی پارێزگای لە بیرو باوەڕی خۆیكردو ڕەتی كردەوە PKK ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بێت، هەروەك خۆی وتبوی لە نەوەدەكانەوە سەری بۆ جەنەراڵەكان و دژەئازادیەكان نەوی نەكردبوو، هەر بەو سەربەرزیەشەوە سەری نایەوە،
بێگومان بە تیرۆركردنی تاهیر ئاڵچی خەباتی گەلی كورد گەرم وگوڕتر دەبێت و پەڵەی ڕەشی ناوچەوانی ئەكەپەیەكان ڕەشتر دەبێت، مەرگی ئەو پارێزەرە دڵسۆزەی مافە زەوتكراوەكانی گەلی كورد لە ناخەوە هەمو كوردێكی نیشتمان پەروەری هەژاند، لێ دڵنیام خوێنی گەشی بە هەدەر ناچێت، خەبات بەردەوامەو بەرخۆدان گەشەدەكات و ئازادی سەردەكەوێت، ئەوەی جێگەی ڕەخنەو شەمەزاركردنە بێهەڵوێستی دەزگا فەرمیەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەوان بۆ مەرگی جەندرمەیەكی تورك هاوخەمی دەردەبڕن و بەیان نامەی ئیدانەكردن دەردەكەن، بەڵام بۆ كەسایەتیەكی ناوداری كورد كە میدیای جیهان باسی دەكات سەر كزو بێدەنگ ماوەن، شەرمەزاریە بێدەنگی بون لە كاتێكدا توركەكانی وەك مەتین فەیزی ئۆغڵو سەرۆكی یەكێتی كۆمەڵەكانی پارێزەرانی توركیاو مستەفا سەزگین  پەرلەمانتارو جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری CHP تەرمی پیرۆزی تاهیر ئاڵچی بەشان هەڵدەگرن بەڵام دەسەڵاتدارانی كورد بۆ ڕازیكردنی ئەردۆگانی سوڵتانی تیرۆرستان بێدەنگی هەڵدەبژێرن،
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی بێگەردی شەهیدی پارێزەری مافەكانی گەلی كورد تاهیر ئاڵچی و هەمو شەهیدانی كورد و كوردستان، نەفەرەت و سەرشۆڕی بۆ چەتەو تیرۆریستانی ئەكەپەو هاوكارەكانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە