ڕێویەکانی خاوەن شکۆ

Friday, 29/01/2016, 21:47

2486 بینراوە


ڕێویەکانت خاوەن شکۆ
لە دەوری کۆشکت دەکەن مروومۆ
نازانن تۆ ئەو مریشکانەی لە شیشت داوە...
بەشی وان تەنها ئێسقان ماوە
لە ئاستی تۆش ناتوانن
بۆ بەشی خۆیان بکەن ڕۆڕۆ
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ڕێویەکانت خاوەن شکۆ
لە پێش نۆبەت دارەکانت
کلک بادەدەن و دەکەن جڕت و فرت و ڕەمبازی
دەلێن ئەی گۆشت تۆ هەر قابیلی بازی
لە پاش ملەش دەلێن پاشا کەچەلە و دوو ڕوو
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ڕێویەکانت خاوەن شکۆ
جێ ی متمانەو باوەڕ نین
ڕێوی بۆ وەدەست هێنانی نێچیری
کلاو بۆ هەموو ئاژەلەکانی دیکە دەدووری
دونیایێک شەرمەزاریش دەنێتەوە بۆ تۆ
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ڕێویەکانت خاوەن شکۆ
وەک پشیلە بێ ئەمەکن
ئیمڕۆ لە دەوری کۆشکەکەت کلک بادەدەن
بەیانیش بۆ خاوەن شکۆیێکی دیکە
تۆ لە خرتۆلە وەردەدەن
دووبەیانیش بۆت هەلدەبەستن
چەندین بوختان و درۆ
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
باشتر وایە خاوەن شکۆ
بە کلک بادانی ڕێویەکان هەلنەخەلەتێن
وا نەزانی بووی بە پاشای دارستان و
هەتا سەر ڕێویەکان لە خزمەتت دەمێنێن
ئەو یاسایەی ڕێویەکان کلکی پێ بادەدەن 
باوی نەماوە
زۆر دەترسم وەک خاوەن شکۆیەکانی دیکە
چیتر دارستان لە خۆتان نەگرێ و
هەلبخلیسکێن
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە