سروشتی دز

Sunday, 31/01/2016, 12:34

4682 بینراوە


سروشتی دز، کاتێک دزی دەکات، تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە، کە چەند بۆ خۆی بدزێت و بیشارێتەوە، هەوڵ بدات خۆشی لە تاوانەکە رزگار بکات. دز هەرگیز بیر لە قوربانیەکە ناکاتەوە، کە دزیلێکراوەکەیە، وەک دوای دزینەکە، چی بەسەر دێت، ئایا تووشی نەبوونی دەبێت؟ مناڵ و ژن و کەسوکارەکەی توشی برسییەتی دەبن؟ یان بەهۆی ئەو دزییەوە تووشی خەمۆکیی و نەبوونی دەبێت، نەخۆش دەکەوێت دەمرێت، کێشە بۆ دزییلێکراوەکە دروست دەبێت یان نا؟ .. هتد
هەنوکە لە کوردستاندا قەیرانی قات و قڕی دروست بووە، دەستەلاتدارانی هەریم و دارودەستەکانیان. گوایە هۆکاری دروستبوونی ئەو قەیرانەش دەگەرێنەوە بۆ ئەوەی کە نرخی نەوت دابەزیوە! کوردستان رووبەرووی شەڕی داعش بۆتەوە!
راستییەکە ئەمە نییە، بەڵکو ئەوەیانە، کە بە درێژایی ئەم بیست و پێنج ساڵە، خێزانی تاڵەبانی، بنەماڵەی بارزانی و دارودەستەکانیان، سەڕۆکی پارتەکانی تری بنکە فرەوان، دارودەستەکەیان، هەموو لایەکیان قۆڵی خۆیان بۆ دزیکردن لێ هەڵکردوە بە ڕاست و چەپدا هەر یەکە بە گوێرەی ئەوەی بۆی لوابێت بێشەرمانە دزییان لە سامانی گشتیی وڵات کردووە، بە ئیستاشیانەوە. ئەو ڕاستییەش هەموو خەڵکی کورد لە باشووری وڵات دەیزانێت.
دابەشکردنی پارەی دزراوی میللەت، باشترین ئامراز بووە، کە سەرکردەی حیزبەکانی باشوور بەکاریان هیناوە، بۆ چارەسەری کێشە و گرژییەکانی نێوان خۆیان، ئەمیش لە سەر هەردوو ئاستی ناوە و دەرەوەی پارتەکانیاندا کردوویانە. کێشمەکێشم و ناکۆکیی نێوان ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو کاتێک پارە ئامرازێکی کارێگەر بووە بۆ دامرکاندنەوە و نەهێشتنی ناکۆکییەکانیان! ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، بە دابەشکردنی پارەی دزراوی میللەت بۆتە خاڵی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان سەرکرداییەتی ئەو دوو پارتە. پارەکەش چۆتە گیرفانی کچەکانی ئیبراهیم ئەحمەد، کوڕەکانی تاڵەبانی، کوڕەکانی بارزانی، زڕبرازاکانی تاڵەبانی، هەروەها هەندێک لە سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانی نێو هەر دوو پارت و دارودەستەکانیان. ئەم ڕاستییە هەر یەکێک لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوور لە هەموو ئاستەکاندا دەیزانێت! ئیتر پێویست ناکات لیژنە، دروست بکریت، کۆڕ و کۆنفرانس ببەسترێت، وەفدی سویدی بێت بۆ پێشکەشکردنی ئامۆژگاریی، لێکۆڵینیەوە لە هۆکارەکان و جۆری چارەسەرکردنی ئەو قات وقڕییە! یان بەڵگە بدۆزرێتەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە سەرکردەکانی باشوور، دارودەستەکانیان بە ژن و پیاویانەوە دزن یان نا!
سەرکردەکانی باشووری وڵات لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیاش بە دز و درۆزن ناسراون. کرستۆفەرهیل، باڵوێزی پێشوی ئەمریکا لە عیراق، لە میدیا جیهانییەکاندا بە ئاشکرا دەنگی هەڵبڕیوە و گوتویەتی" بۆچی سەرکردەکانی هەرێم داوای یارمەتی لە ئەمریکا دەکەن؟ لە کاتێکدا، لە ئەمریکدا ٨ کۆمپانیای (تاڵەبانی و بارزانی) هەیە، کە ٨٠ ملیار دۆلار داهاتیانە!
کاتێک سەدام گیرا لە لایەن ئەمریکییەکان، خرایە زیندانەوە، رووبەرووی دادگایی فەرمیی کرایەوە و بانگەواز کرا کە بەڵگە کۆبکرێتەوە، شاهید بێن بۆ دادگا بۆ سەلماندنی تاوانەکانی کە سەدام دژ بە گەلانی عیراق ئەنجامی دابوو! بۆ ئەو مەبەستە، لیژنە دروستکرا، دادوەر دوای دادەوەر گۆڕدرا، دادگا دامەزریندرا، میدیا کەوتە بلاوکردنەوەی هەواڵ و بەدواداچوون. ئەم شانۆگەرییە جگە لە کات بەفیڕۆدان هیچی تر نەبوو! سەدام شاهێدی بۆچی بوو، تا ئەوە بسەلمێنرێت تاوانبارە یان نا!؟ ئیمڕۆش لە باشووری وڵات چی ماوە نەبینرێت کە چ شتێک و کێ بوونەتە هۆکاری سەڕەکی قات وقڕی هەرێم؟ ئەوە نەبێت کە سەرکردەی پارتەکان، بەرپرسە باڵادەستەکان، خۆیان و کەسوکاریان بازرگان و دزن و پارە و سامانی وڵاتەکەیان دزیوە  و دەزگا بانک و حکومییەکان پارەیان تێدا نەماوە، موچە نییە بدرێت بە فەرمانبەر و مامۆستا. خەڵکیش باری  ئابوریی تێکچووە. لە تاواندا سەری خۆیان هەڵدەگرن و وڵات جێ دەهێڵن، چارەنووسی خۆیان داوەتە دەست دەربەدەریی و دەریای ئیجە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە