تا،گەردەلوولەکە هەڵی نەکردووە!

Tuesday, 09/02/2016, 0:52

1391 بینراوە


ڕەنگە ئەم ناوونیشانەی سەرەوە لای هێندێکان زێدەڕۆیی تێدابێ،بەڵام بەچاوخشاندنێکی سەر پێیی بە ڕووداوەکان وژیانی خەڵکی وبازاڕو دامودەزگاکان وخوێندنگاکان،دەردەکەوێ نەک زیادەڕەویم نەکردووە بەڵکو وەدرەنگیش کەوتووم!، تۆسەیرکە حکومەتێک لەگەل بەغدا بوو هەر نەیتوانی ئیدارەیەکی باشی تەنها ٣پارێزگا، کە سەرجەم لەپێنج ملیۆن کەس تێناپەڕێ بدات،خۆی جیاکردەوە نەوتەکەی بەئارەزووی خۆی مامەڵەی پێوەکردوو فرۆشتی هەر نەیتوانی،کە نە نرخی نەوت داشکابوو نەهیچ گرفتێکی دەرهێنان وگواستنەوەو فرۆشتن و بە بازاڕکردن هەبوو. ئێستا کە نرخی نەوت زۆردابەزیوە هەمان دەم وچاو  هەمان  سەرۆک وەزیر ووەزیر...دێن ودەڵێن ئەم قەیرانە باش دەکەین و مووچە دەبڕن وبەمامۆستایان وفەرمانبەران دەڵێن دان بۆخۆدابگرن!
جەناب!تۆ کەداهات هەبوو شکەستت هێنا،ئێستا کەداهات لەکەمی داوە چۆن سەرکەوتوودەبی؟جەناب تۆ کە دەست بۆ چاکسازیەکان نابەی،بەمووچەو قوتی خەڵک قەیران چارەسەردەکەی؟!لەهەر ووڵاتێک بوایە حکومەت نەک هەردەستی دەکێشایەوە بەڵکو دەبرانە بەردەم دادگا لەو هەموو گەندەڵی وبەهەدەردانی سامانی میللەتە!!ئێستاش هەروابکەن باشە، چونکە دڵنیام ئێوە چاکسازیتان پێناکرێ چونکە ئامادەنین سنورێک بۆئەودەست وکۆمپانیایانە دابنێن کە داهاتەکە دەبەن.ئەگەر وانیە بۆ داهاتی گومرگەکان ڕێکناخەنەوە وبەفێرۆدان ودزیەکان ڕاناگرن؟بۆچی باج لەسەر١٢٠٠٠هەزارکۆمپانیادانانێن؟بۆچی چاکسازی لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا ناکەن وڕوونکاری وسندوقی داهات دانانێن؟بۆچی قەرزەکانی سەر کەس وکۆمپانیاکانتان وەرناگرنەوە؟بەس دەوێرن دەست بۆ مووچەی خەڵک بەرن؟سەیرکەن دەرگای خوێندنگاکان داخراون،سەیرکەن کاری دام ودەزگاحکومیەکان هەڵپەسێرراون،مانگرتن بەردەوامەو لەمامۆستاو فەرمانبەرەوە بۆ دادگاو دادوەران وبۆ پۆلیسی هات وچۆو پۆلیسی ناوخۆو ئاسایش درێژبۆتەوە!دەزانن مانگرتنی هێزی چەکدارو پۆلیس وئاسایش مانای چییە؟ئەوان کە قەرارە پارێزگاری لەئێوە بکەن بەرانبەر بە خۆپێشاندانی خەڵکی توڕە دەچنە نێو خۆپێشاندەران!ئەرێ لەخۆتان ناپرسن ئەگەر ئەم مانگرتنە بوو بەسەرانسەری و وەرگۆرا بۆڕاپەڕین وهێزی چەکداریشی تێدابێ چی روودەدا؟؟ئاخر نەبوونی پارە بۆ مەمەیەکی شیر بۆ پێنج نانی بەرچایی بەیانیان،بۆ کرێی تاکسیەک،لەکاتیکدا کوڕی لێپرسراوان لەیادی لەدایکبونیاندا دەیان ملیۆن دینار خەرج دەکەن وسەیارەی نەوەت دەفتەری وسەد دەفتەری لەباوکیان بەدیاری وەردەگرن ،لەکاتێکدا خانوو وڤێللای ملیۆنی لە بەریتانیاو ئەمریکاو سوید دەکڕن!!ڕقێک دروست دەکات بەڕاپەڕین نەبێ دانامرکێتەوە،بۆیە تکاتان لێدەکەم تاگەردەلوولەکە هەڵی نەکردووە فریای خۆتان وفریای حکومەتەکەمان بکەون کە بەری خوێن وڕەنجی ئەم گەلە ستەمدیدەیە.تکادەکەم لەو خوێنتاڵیەتان لەو بێمنەتیەتان لەو بەکەم سەیرکردنی خەڵکەتان لەو ژیانە زێدەخەرجی وپاشاییەتان،شتێکی تێدابهێڵڵنەوە،هەڵەکانتان ڕاستکەنەوە،ئاوڕێکی جدی لەژیانی خەڵک بدەنەوە تا گەردەلوولەکە هەڵی نەکردووە!چونکە کەهەڵیکرد کارلەکاردەترازێ وڕەنگە ووشک وتەڕ بەیەکەوە بسوتێ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە