خەونى دەوڵەتى کورد بەکوێ گەیشت؟

Tuesday, 09/02/2016, 16:48

1645 بینراوە


لەوەتەى بیرمە باسى دروست کردنى دەوڵەتێکى کوردى دەکرێت،کەچى تا ئێستاشى لەگەڵ بێ ئەو دەوڵەتەم نەبینى!!.گەرچى دروست کردنى دەوڵەتى کوردى ئاوات و خۆزگەى هەموو تاکێکى کوردە و هەموو کوردێک خەون بەدروست بوونى ئەو دەوڵەتە دەبینێت،وەڵێ تا ئێستا ئەم خەونە نەبۆتە ڕاستى و نەهاتۆتە دى.
هەرێمى کوردستانیش گەر لەڕووى یاساییەوە سەیرى بکەین هەر سێ مەرجى بوون بەدەوڵەتى تیادایە وەک (بوونى گەل و خاک و دەسەڵاتى سیاسى)،بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە تاکو ئێستا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دان بە دەوڵەت بوونى  نەنراوە تا ببێتە ئەندام لەکۆمەڵەى نێو دەوڵەتى  وەک دەوڵەتێکى نوێ و سەربەخۆ،بەڵکو بگرە تا ئێستاش نە وڵاتانى دراوسێ و نەهیچ وڵاتێکیتر نە بەشێوەى ڕاستەوخۆ و نەبەناڕاستەوخۆ ئامادە نین دان بە دەوڵەت بوونى کوردستان بنێت و پاڵپشتى بەدەوڵەت بوونى بکەن.
هەرچەندە لەدواى پڕۆسەى ئازاد بوونى عێڕاق و ڕووخانى ڕژێمى پێشوو کورد سەرپشک بوو لەهەڵبژاردنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ یانیش مانەوە لەگەڵ عێڕاقدا وەک هەرێمێک لەژێر سیستەمى فیدڕاڵیدا،بەڵام کورد ئەوکات مانەوەى لەگەڵ حکومەتى عێڕاقدا هەڵبژارد کە ئەمەش یەکێک بوو لەو هەڵانەى کە سەرکردایەتى  کورد تێى کەوت،تەنانەت نەیانتوانى کێشەى ناوچە ناکۆکەکانیش یەکلایى بکەنەوە.
لێرەوە ئەبێ بپرسین ئاخۆ ئەو دەوڵەتە کوردیەى کە بانگەشەى بۆ دەکرێ کەى دەبێتە واقیع؟.ئەى کێ  و چ ولاتێک َپاڵپشتى لەدروست بوونى دەوڵەتەکە دەکات؟ ئەى کێ سەرکردایەتى ئەو دەوڵاتە بکات؟.ئەى کێ لەو دەوڵەتە کوردیەدا بژیت لەکاتێکدا کوردەکان بەدەم کۆچکردنەوە خەریکى چۆڵکردنى وڵاتن بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان؟ َئەى بەکام ژێر خانى ئابوورى ئەو وڵاتە ڕادەگەیەندرێت؟؟بەو ژێر خانە فاشلەى کە ئێستا هەیە؟.ئەى کێشەى ناوچە ناکۆکەکان چى بەسەر دێ؟.ئەى دەوڵەتە کوردیەکە تورکیایى بێت یان ئێرانى؟!.
من ئەڵێم  دروست کردنى دەوڵەت کوردى جگە لە بانگەشە و خەون و خەیاڵێک هیچیتر نیە،چونکە تا ئێستاش  میللەتى کورد لەنێوخۆدا کێشەى نەسازانى لەگەڵ یەکتریدا هەیە و نەیانتوانیوە یەک هەڵوێست و یەکگرتووبن نە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و نەلەسەر ئاستى ناوەخۆدا،لەهەمووشى سەیرتر حکومەتى کوردستان جگە لەسامانى نەوت هیچترى نیە تا پشتى پێ ببەستێ  بەڵکو بگرە جگە لەنەوت گرینگى بەهیچ لایەنێکیترى وەک سامانى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى و گەشت و گوزار ...هیتر،نەداوە تا بەهۆیانەوە ژێرخانێکى پتەوەى لێ بەرهەم بێنن  بۆ داهاتووى وڵات، فەرموو ئێستاش لە سیاسەتى نەوتدا شکستى هێناوە.هەر ئەم سیاسەتە فاشلەشە کەواى کردووە  تا ئێستا کوردستان پشت بە کاڵاکانى وڵاتانى دراوسێ و جیهانى دەرەوە ببەستێت،کە ئەمەش خۆى لەخۆیدا گەورەترین شکستى حکومەتى کوردى بوو لەم چەند ساڵەى حکومڕانى و بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستاندا، کە نەیانتوانیوە تاکی بەرهەم هێن دروست بکەن لەوڵاتدا بەڵکو هەموو خەڵکیان کردۆتە بەکاربەر.
 ئیتر چۆن دەکرێ بانگەشەى دروست کردنى دەوڵەتى کوردى بکەین لەکاتێکدا خۆمان تواناى خۆبەڕێوەبردنمان نەبێت،دیارترین نموونەش بۆئەمە،هەر لەگەڵ بڕانى بەشە بوجەى هەرێم لەلایەن بەغداوە کوردستان کەوتە گەورەترین قەیرانی دارایى هاوشێوەى نەوەدەکان کە بەهۆیەوە نەیتوانى مووچەى چەند مانگى فەرمانبەرانى دابین بکات،هەتا ئەو نەوتەى کە پشتیشى پێ بەستبوو و شانازى پێوە دەکرد شکستى تیایدا هێناو و کەوتە سەر ساجى عەلى،ئیدى ئەبێ بڵێین کورد و دەوڵەتى کوردى دووجا مەڕحەب

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە