چاوپێکەوتنی عێراقیەک لە هەندەران

Wednesday, 13/07/2016, 17:09

6128 بینراوە


* خەڵکی کوێیت ؟
- من عێراقیم 
* بۆ وڵاتی خۆت بە جێهێشت و بۆ ئێرە هاتی ؟ 
- باسی وڵاتم بۆ دەکەی ، کامە وڵات ئەزیزم ؟ دەزانی من بام لە جێگای تۆ، شەرمم دەکرد لە پرسیارێکی ئاوەها !
* بۆچی شەرم بکەم ؟
- بیرم دێتەوە لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنما لە لادێکەمان، ڕۆژێکیان بەڕێوەبەری خوێندنگاکە پێی وتین : بۆ سبەی باوکی هەمووتان لێرە ئامادە دەبێت، تا لە مەڕ ئەخڵاق و ئاکار و ئاستی زیرەکیتان قسەیان بۆ بکەین .
بۆ سبەی باوکی هیچ کام لە قوتابیەکان ئامادە نەبوو بە خۆشمەوە، بەڵام دایکی هەموومان ئامادە بوو، بەڕێوەبەر زۆر بە توڕەییەوە کە بینی هیچ باوکێک نەهاتووە، ڕووی کردە ژنەکان و سکاڵا و هاواری دەکرد، من پێم وتن باوکیان ئامادە بێت، ئێوەم بۆچی هاتوون، مەگەر نازانن زۆرێک لە مناڵەکان هێندە لاسارن بە باوکیان نەبێت تەمبێ نابن، خۆ من وانە دەربارەی چاڵاکیەکانی ژن ناڵێمەوە لە ڕۆژانی سک پڕیدا، ئێوەم بۆ چیە؟
لەو ساتەدا دایکم بە گریانەوە هەستایەوە و فەرمووی ' ئیدی پێویستمان بە وانەیەکی لەو جۆرە نییە و، جارێکی تر هیچ ژنێک سک پڕ ناکاتەوە ، جەنابی بەڕێوەبەر دڵنیابە لەوەی ئیدی هیچ باوکێک لێرە ئامادە نابێت' دواتر جەنابی بەڕێوەبەر لە شەرمان سورهەڵگەڕا و هەر کە زانی تەواوی قوتابیەکان بە بێ باوکن خەجاڵەت ما. 
ببورە، جا پرسیارەکەی تۆش لە چیرۆکی ئەو بەڕێوەبەرە دەچێت، لە وڵاتێک دەپرسیت کە تەنها ناوێکە و بێ ناوەڕۆک، پایەکانی هەموو ڕوخاون و هیچ سیمایەکی دەوڵەت بوونی پێوە دیار نەماوە.
* دەتوانیت باسی ژیانم بۆ بکەیت لە عێراق ؟ 
- پێش ئەوەی وەڵامبدەمەوە حەزدەکەم جەنابتان پێم بڵێن پێناسەی ژیان لێرە چییە و چی دەگەیەنێ ؟ ئەوسا لەوانەیە منیش بتوانم کورتەیەکتان لەو بارەوە بۆ باسبکەم، چونکە لە وڵاتەکەی من تەنها مردن هەیە و، زۆری دەوێت تا بیرم بێتەوە کە ژیان چیە! 
* بەڕێزم بە گشتی ژیان لە ئەوروپا و بە تایبەت لێرە، لەو پەڕی ئارامی و سەقامگیریدایە، دەوڵەتان هەزاران ئۆفەر پێشکەشی گەلەکانیان دەکەن تا شاد بژین، گشت هاوڵاتیان بە یەک چاو تەماشا دەکرێن، واتە سەرۆکی دەوڵەت و کرێکارێکی هێڵی شەمەندەفەر هیچ جیاوازیەکییان نییە. 
برسێتی و قات و قڕی نییە و، کارەباو ئاوی بەردەوام و گشت جۆرە خزمەتگوزاریەکان بەردەوامن، مرۆڤەکان بەپێی پسپۆڕی خۆیان کاردەکەن و مافی خۆیان وەردەگرن، ئەوەی توانای کاریشی نەبێت حکومەت ژیانی لە ئەستۆ دەگرێت و بەڕێوەی دەبات. 
جگە لە پیشەی سەرەکیان، خەڵکی لێرە زیاتر سەرقاڵی جوانکردنی باخچە و بە خێوکردنی سەگ و گەشت و یاری و ڕۆیشتن بۆ هۆڵی سینەما و شانۆ و کۆنسێرتی مۆزیک و نادی شەوانە و سێکس و ئەو شتانەن.
ئا ئەوەیە پێناسە و تێگەیشتنی ژیان لەم وڵاتە، ئیستا بیرت کەوتەوە ژیان چیە؟
- سوپاس، بەڵێ بیرم کەوتەوە، بەڕاستی دڵنیاییەکی زۆری دەوێت کە من لە هەسارەیەکی تر نیم ، بەڕێزم ژیان لە وڵاتەکەی من واتای خۆی لە دەستداوە و جۆرێکە لە مردن. 
مرۆڤەکانی هێندە برسین، گژ و گیا ژەمێکی خواردنیانە و خەریکە ڕەنگی خاک دەگرنە خۆ، پێم سەیرە باسی سەگ دەکەیت! ئاخر لەوێ مرۆڤەکان سکی خۆیان پێ تێر ناکرێت، ئیدی لە کوێدا هاوەڵی سەگیان پێ دەکرێ و خزمەتی ئەویش بکەن .
لەم ڕۆژانە بیستم گوایە زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئیرە خوێن ببینن لە هۆش دەچن ، سەرسام بووم و بە ڕاستی تاسام ! لە ڕاستیدا چۆن شۆک نەبم ؟ لە نیشتمانەکەی مندا دەرگای ماڵێک نییە یادگاری کوشتنی مرۆڤێکی لێ نەبێت، شۆستەیەک نادۆزیەوە دەیانی لە سەر تیرۆر نەکرابن، لە مەڵبەندی هەر شارێک ئاسەواری سەدان تەقینەوە بەجێماوە و بە ئیستاشەوە بەردەوامە، لە گەڵ لێزمەی باراندا لە ژێر هەر بستەخاکێکدا، لاشەی هەزاران گەنج و پیر و ژن و مناڵ سەرئاو دەکەون. زۆر جار دەڵێم :
گەر لاشەی مرۆڤ 
گەڵا و گوڵی گرتبا لە ژێر خاکدا 
ئیستا نیشتمانی من 
جوانترین بەهەشت دەبوو لە دونیادا 
بەڵێ ڕۆژ نییە تراژیدیاترین چیرۆکی مەرگ لە وڵاتەکەی من نەنوسرێتەوە، هەر بۆیە ڕومکردە ئەم وڵاتە، چونکە نامەوێ مەرگنامەی منیش لە نێو پەڕەی چیرۆکێکی تراژیدی تردا بنوسرێتەوە. لەوێ ژیان هێندە سەخت بووە، کەس توانای ململانێی نییە لە گەڵ مەرگا.
ئیدی من بێزار بووم لە لە دیمەنەکانی کوشت، لە دەنگی تەقینەوەی لەناکاو، لەو هەواڵە دڵتەزێنانەی ڕۆژانە لە بەرەکانی جەنگەوە دێن، لە بینینی ئەو فرمێسکانەی لە چاوی دایکما دەڕژێن، لە هاوارو سەدای ئەو مناڵانەی بۆ قومێ شیر خەریکە دمرن. 
هەڵە نەبم گوێبیستی وشەی "سێکس" بووم، ڕاستە ؟ دەزانی لە وڵاتەکەی مندا شتێک نەماوە بە ناوی سێکس، پیاوەکانمان هێند شەهید بوون، بە ملیۆنان ژن بێ پیاو ماونەتەوە و ئیدی سێکس لە ژیانیاندا بووە به مێژوو . 
ژیان لێرە چەندە جوانە، من بۆ بینینی ئەو جوانییە هاتووم، هاتووم تا مرۆڤبوونی خۆم بەڵگەدار بکەم، چونکە سەلماندنی دەوێت کە ئێمە نەوەی ئادەم بین، ئێمە زیاتر لە نەسلی ئەو ئاژەڵانە دەچین، کە خۆخۆرن و گۆشتی یەکدی دەهاڕن، بەڵێ ئێمە ئەو جۆرە ئاژەڵەین. 
سەرنجم داوە خەڵکی لێرە لە کەنار دەریاکاندا ڕۆمانسی دەبن بە بینینی دیمەنی مانگ، لە ڕاستیدا ئێمە دەریامان نییە تا مانگ لە نێویا هەڵبێ ، بەڵام ڕوبارمان هەن و پڕن لە خوین، لە خوێنی ئەو مرڤانەی هەر لە زەمەنی حەسەن و حوسەینەوە تا ئەمڕۆ دەڕژێ، تەنانەت ماسیەکانیش ڕەنگیان سور بووەو تامی گۆشتی مرۆڤ دەدەن، ئاخر مانگ بەو هەموو جوانییەوە چۆن بتوانێ لە وەها ڕوبارێکدا هەڵبێ !
ئێمە لەوێ نە خاوەنی دەوڵەتین و نە سەرۆک، لە ڕاستیدا ئەوانە هەرچەندە هەن، ئەوانەیش مافیان و  گەلێگ بەڕێوە دەبەن، بۆیە نە کارەبا و نە نان و نە ئاو و نەدیمۆکراسی و نەهیچ شتێک بوونی نییە ! 
"کرێکاری وێستگەی شەمەندەفەر" جوانە ههههههه، ئێمە تەنها لە فیلمەکاندا شەمەندەفەرمان بینیوە ، تەنها ئۆتۆمبێلمان هەیە و ئەویش زیاتر بۆ جوانییە و لە تابلۆیەک دەچێت، چونکە نە سوتەمەنی هەیە تێیبکرێت و نە ڕێگاش هەیە پێدا بڕوات.
ئا ئەمەیە واتا ڕاستەقینەکەی ژیان لە (عێراق) ڕونتر بڵێم وڵاتی مەرگەسات.
ئێمە کە هاتوین بۆ ئێرە، دەمانەوێ لەو مەرگە ڕزگارمان بێت و ئیتر وەک مرۆڤێک بژین. لانیکەم وەک ئەو کرێکارانەی لێرە لە وێستگەکانی شەمەندەفەر یا کارگەی ڕستن و چنین کاردەکەن، کە هیچ نەبێ کەڕامەت و شکۆیان پارێزراوە، بیستومە ئێوە مرۆڤدۆستن و ڕێز لە بەهاکانی مرۆڤایەتی دەگرن، بۆیە چانسێکی ئێجگار مەزنە وەک مرۆڤیش نەبێت، بەڵکو وەک سەگێک قبوڵمان بکەن، چونکە ئەوەی لێرە بۆ سەگەکان ڕەخساوە، ئێمە بە تەواویی ژیانمان لەوێ وەک مرۆڤێک پێی ناگەین.
دەزانم بۆ ئێوە سەختە لە تراژیدیای مەرگەساتەکانی ئێمە تێبگەن، چونکە ' مرۆڤێک کە نەسوتابێت، هەرگیز لەتینی گڕی ئاگر تێناگات، مرۆڤێک لە دەریادا نەخنکابێت، ناترسێت لە کەڵبەی تیژی نەهەنگ ' 
تکایە ڕزگارمان بکەن 'مردن خەریکە ژیانمان دەخوات' .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە