هۆمەر دزەیی، دزی لە رابردووی خۆی دەکات

Sunday, 28/05/2017, 19:51

12555 بینراوە


زۆرن ئەو کەسانەی کە رابردووی خۆیان فەرامۆش دەکەن و خۆیان لە بیر دەچێتەوە، کە چییان تێدا کردووە و چییان تێدا وتووە، هەروەها لەو رێگایەوە چ جۆرە کەسایەتیی و کارەکتەرێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان بۆ خۆیان دروست کردووە.
رەنگە بیرچوونەوە وشەیەک نەبێت کە ئەمانە بەکاری بهێنن بۆ پاساوکردن، چونکە دڵنیام ئەو جۆرە کەسانە نە رابردوویان بیرچۆتەوە، نەخۆشیان لەبیرچۆتەوە کە چییان کردووە و چییان وتووە. ئەم جۆرە کەسانە، کە کەسانی سووکن، لە پێناوی کۆمەڵێک دەستکەوتدا هەرچیی سوکایەتی بێت، بە هاسانی داویانە بەسەر شانیاندا و شەرمیان پێی نییە، ئەگەر لەوە زیاتریش هەڵبگرن، ئامادەن تا ئەو رۆژەی دەچنە نێو گۆڕەوە کێشەی قورسایی سوکایتییەکانی خۆیان زیاتر بکەن، چونکە چاک دەزانن کە لاپەڕەکانی مێژووی کورد زۆربەیان بە ساختە نووسراوەنەتەوە.
لە مردنی نەوشیروان مستەفادا، کۆمەڵێک کەسانی پوچ، بە مانای قوڵایی ئەو پێناسەیە، هاتن و بە شان و باڵی نەوشیروانیاندا هەڵدا، کە پێشتر ئەمانە خۆیان بوون قسەیان بە نەوشیروان دەگووت، لەوانە هۆمەر دزەیی گۆرانیبێژ. کە جەلال تالەبانی کردی بە راوێژکاری خۆی و بە دڵی یەکێتیی لەو کاتەدا قسەی بە گۆڕان و بە نەوشیروان دەگوت، دوای ماوەیەک پارە و زەویی و موڵکی لە سلێمانی پێوەرگرت، بە دوایدا هەمووی فرۆشت و کردی بە پارە و خستییە تەنکەی گیرفانییەوە. پێشتر هۆمەر دزەیی، نەوشیروان مستەفای بە سەددام حسێن دەچواند و کۆمەڵێک هێرشی کردە سەر بزووتنەوەکەی.(کلیکی ئێرە بکە) ئەم هەڵویستەی هۆمەر دزەیی، لەبەرامبەر هەڵوێستێکی جوانی ئەکتەر و هونەرمەندی ئەمەریکی (رۆبرت دی نیرۆ)دا وەستانمی و خستیەوە یادم کە لە سەروبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، نەک تەنیا قسەی رەق، بەڵکو جنێوی بە ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان دا. رۆبەرت دی نیرۆ بە وشیاریی و ئاگاییەوە هەڵویستی لەسەر ترامپ وەرگرتبوو، نەک بۆ خاتری پارە و دەسەڵات کە لایەنێک فێریان کردبێت.
رۆبرت دی نیرۆ وەک هونەرمەندێک کەسێکی بە موراڵ و خاوەن شەهامەت و دلسۆز بوو بۆ هونەرەکەی، لە رێگای ئەو جنێو قسانەوە کە بە ترامپی دا، پەیامی بۆ هەموو مرۆڤایەتی پێ بوو. نەک وەک ئەکتەر و هونەرمەنەدە سەقەتەکانی کورد

ئێمە کاتێک باس لە هونەرمەند دەکەین، پڕ بە پڕی ئەو مانایە دەبێت ماف بە هونەر و توانای هونەرمەند بدەین و هەڵیسەنگێنین. هونەرمەند ئەگەر بەهرە بێت، لەهەمانکاتدا موڕاڵی ئەرک و بەجێهێنانی پیشە و پەیامە، هونەر گەیاندنی پەیامە، کە هونەرمەند دەبێت بەجێی بهێنێت. هەر بۆیە هونەرمەندانی جیهانی بەهرە و تواناکانی خۆیان لەگەڵ موڕاڵیاندا هاوتەریب و هاوشانی یەکتر رێدەکەن، نەک هەر کاتێک ناوێکیان دەرکرد، ئیتر بەهرەی هونەریی و رەوشت و موڕاڵیان دوو رێگای جیاوازبگرن، کە ئەمرۆ زۆربەی هونەرمەند و رووناکبیر و نووسەرانی کورد لەو یاسایە لایان داوە، نمونەیەکی نوێی و زیندوو عەدنان کەریمی گۆرانیبێژ، کە لە هەر رۆژ و بۆنەیەکدا لەسەر کۆشی دەسەڵاتدارێک خۆی نمایش دەکات.
من هەرگیز لە تەمەنی ژیانمدا خۆشییم بە عومەر دزەیی نەهاتووە، چونکە لە زۆربەی گۆرانییەکانییدا، ئاواز و تێکستەکەی تێکداوە، وەک نمونە زۆربەی ئەو گۆرانیانەی قادر دیلان کە رەفیق چالاک ئاوازی بۆ دانابوو، ئەم بە تەوایی تێکی داون.
عومەر دزەیی ئەو مرۆڤەیە، شایانی ئەوە نییە لەمە زیاتر خۆمانی پێوە ماندووبکەین، بەڵام بۆ مێژوو بە پێویستم زانی ئەوە بڵێم، زۆربەی ئەوانەی کە بۆ مردنی نەوشیروان لیدوان و قسەیان کرد، کەسانی ریاکار و هەلپەرستبوون، ئەگەر لە بیرتان چۆتەوە، بڕوا بە قسەکانیان مەکەن، ئەوانە وا دەزانن بەم قسانەیان هەڵوێستێکی جوان بۆ خۆیان تۆمار دەکەن.
 سەرنجی ئەم بابەتانەی خوارەوە بدە:




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە