گۆڕان هەر ئەوەندەی تیا دەبێت کە کوڕ لە جێگای باب بێت

Sunday, 25/06/2017, 23:16

8542 بینراوە


کوردستانپۆست: پاش کۆچی دوایی رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا) کە لە رۆژی ١٩ / ٥ / ٢٠١٧ بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد، هەفتەیەکی پێنەچوو، کۆمەڵێک جموجۆڵ و هاتوچۆ لەناو گۆڕان دەستی پێکرد، کە لای زۆر لە لایەنگر و خەمخۆرانی ئەو بزووتنەوەیە بوونە جێگای گومان و دڵەڕاوکێ، نائومیدی و پرسیاریان بە دوای خۆیاندا هێنا. لەوانە سەردانی کوڕانی نەوشیروان مستەفا بۆ لای بەرپرسانی پارتەکانی دیکە، بروسکەی نەگونجاو بۆ جەلال تالەبانی و دانیشتنیان لەگەڵ کوڕ و کەسوکاری بەرپرسەکان، جگە لە کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی سیاسیی و ناسیاسیی گومانلێکراو، کە زۆر کەس پێیان وابوو ئەم دیدار و چاوپێکەوتنانە بێژێر کاسە نییە، کە بەو شیوەیە کوڕان و خزمانی نەوشیروان وا زوو دەستیان پێکردووە، بەمە هیمای ئەوەی دا، ئەمانیش وەکو کوڕی بەرپرسەکانی تر دەیانەوێ جێپەنجەی خۆیان لەناو دەسەڵاتی سیاسیی و لە ناو بزووتنەوەکەیاندا دیار بخەن، بەتایبەتی کاتێک رایانگەیاند، کەوا (KNN) و (سبەی) سەر بە (کۆمپانیای وشە)یە، نەک بە بزووتنەوەی گۆڕان. وەکو پارتەکانی دیکە بزووتنەوەکە بەرەو بێهیوایی و میراتگری بەرن، بە مەبەستی هەڵپەهەڵپی جێکردنەوەی خۆیان لەناو دەسەڵات و رێکخراوەکەیاندا، بۆیە بەدوای هەموو ئەمانەشدا ئەوهەواڵەشمان سەبارەت بە دروستبوونی کوتلە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکردەوە، کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ناو گۆڕان پێمانگەیشت، هێندەی دیکە گومانەکانی تۆکمەدار کرد،
بەو بۆنانەوە کوردستانپۆست بە پێویستیزانی وەکو دەربڕینی رای ئازاد و بۆچوونی دەرەوەی ئەو بزووتنەوەیە ئەم نووسینەی کاک ناسر حەفید کە لە پەیجی خۆی بڵاوکردۆتەوە، ئێمەش لێرەدا بڵاوی بکەینەوە.

-------------------------------------
مێژووی یەکێتی لە مێژووی مام جەلال و کاک نەوشیروان جودا ناکرێتەوە
مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دوو جەمسەری پەتێک بوون
بزووتنەوەی گۆڕان، لەتە یەکێتییەکە

"کێشە دەستەڵات و خاوەنداریی بێت یاسای بەردەوامییش میراتگریی دەبێت."
یەکێتی نیشتیمانی لە بەرامبەر بە پارتیدا شانازیی بەوەوە دەکرد کە مام جەلال بە بازووی خۆی هاتۆتە پێشەوە. وەکو مەسعود بارزانیی لە بابییەوە دەستەڵاتی بۆ نەماوەتەوە. ئەم قسەیە راستە. بەڵام ئایا ئەمە چ گرنگییەکی سیاسیی و فەلسەفیی هەیە؟
لە راستییدا جەوهەری پرسەکە ئەوە نییە دەستەڵاتێک لە کوێوە هاتووە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەستەڵاتەکە چییە؟ دەیەوێت کام پرەنسیپانە بچەسپێنێت؟ ئامانجی چییە؟ ئەمە قومار نییە ئەوەی بیست و یەکی هێنا عافێتی بێت. رەوایی دەستەڵاتێک لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە بە پارەو چەکی وڵاتان خۆی بسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگادا، بەڵکو لەوێوە رەوایی خۆی وەردەگرێت کە گوزارشت لە ویست و بەرژەوەندیی خاک و خەڵک بکات. ئایا دەستەڵاتی یەکێتی نیشتیمانیی چی بوو؟
مێژووەکە جەوهەری یەکێتی نیشتیمانیی لەم بابەتەدا دەرخست. ئەوەی دوێنێ شانازیی بوو ئەمڕۆ شەرمەزارییە. هەروەکو پارتی دەستەڵات لە ناو یەکێتیشدا لە بابەوە دەمێنێتەوە بۆ نەوە. نەک کوڕانی مام جەلال بوون بە خاوەنی دەستەڵاتی یەکێتی، بەڵکو بەرپرسەکانی ناو یەکێتی هەریەکەیان بە گوێرەی دەستەڵاتی خۆی پشکی هەیە لە پۆست و سودمەندییدا. ساڵی ١٩٨٥ گەشتمە ئەو ئەنجامەی کە ئەم جوڵانەوەیە وەکو کۆمپانیایەک وایە کە پشکەکانی نادیارن. ئەم تێگەشتنە لە دوای دەستەڵاتی پارتەکانەوە لە باشوردا تا هات زیاتر بە راست گەڕا. ئەمەش تەنها جەوهەری پارتی و یەکێتی نییە. بەڵکو کارەکتەری جوڵانەوەیەکی چەکداریی و دیاردەی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردییە. جوڵانەوەیەک کە ژمارەیەک پارت و دەستەڵاتدار گوزارشتی لێ دەکەن. هەر کام لەو پارت و پارتۆکەیە بگرێت دورە لە سروشتی سیاسیی و ئامانجی سیاسییەوە. کۆمەڵگایەکی کۆیلە کە راگری دەستەڵاتی کۆیلەدارە. وەکو پێشتر نوسیومە: "کۆیلەیەک دەتوانێت رابپەڕێت. بەڵام کۆیلە هەرگیز ناتوانێت ئازاد بێت." کۆمەڵگایەک کە بە کۆیلەیەتیی نەک بە موراڵی ئازادیی، دژی کۆیلەداریی دەجوڵێتەوە. گورگێک دەکات بە شوان بۆ ئەوەی خۆی لە گورگەکانی تر بپارێزێت. لە بازنەیەکی هەتاهەتاییدا دەخولێتەوە هەتا ئەو رۆژەی کە لە سیستێمێکی سیاسییدا دەستەڵات دەگرێتە دەست خۆی و ئازاد دەبێت.
داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان
کاک نەوشیروان مستەفا سکرتێری کۆمەڵە بوو. کۆمەڵەش ماتۆڕی یەکێتی نیشتیمانیی بوو. کۆمەڵە سیاسەتێکی نەبوو جودا لە یەکێتی نیشتیمانیی. لە راستییدا هەموو هێزەکە کۆمەڵە بوو. کۆمەڵە بەرگی یەکیتی نیشتیمانیی لەبەرکرابوو. مێژووی یەکێتی لە مێژووی مام جەلال و کاک نەوشیروان جودا ناکرێتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامیدان بوو بەم مێژووە. مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دوو جەمسەری پەتێک بوون. کاتێک کە جوڵانەوەی ناڕەزایی خەڵک بەڕێوە بووە ببێت بە فاکتەرەهێزێک، نەوشیروان مستەفا دەبوو دارەکە بکات بە دوفاق. توانی جەماوەری خەڵکی ناڕازیی بەرەو سندوقی هەڵبژاردنەکان بکاتەوەو گەرەنتی سیستێمی دەستەڵاتدارییەکە بکات کە مەسعود بارزانی سەرۆکێتی.
لێرەوە دەردەکەوێت کە بزووتنەوەی گۆڕان، کە لەتە یەکێتییەکە، بۆ ئەوە ناوی گۆڕان بوو کە سیستەمی دەسەڵاتدارییەکە نەگۆڕدرێت. "رەخنە بە زمانی گوڵ." چۆن کۆمەڵە هیچ سیاسەتێکی نەبوو جیا لە یەکێتی نیشتیمانیی، ئاواش بزووتنەوەی گۆڕان سیاسەتێکی پیشان نەداوە جیاواز لە ستراتیجی یەکێتی، پارتی و سیستێمی دەستەڵاتدارییەکەیان. ماوەیەک لە رابوردودا میدیاکانی گٶڕان باسی حوکمی بنەماڵەیان دا بە گوێی خەڵکییدا وەکو سیستێمێکی حوکمکردن بە نموونەی هندستان و پاکستانەوە. بناغەی ماددیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆمپانیای وشەیە. گردەکە موڵکی تایبەتی نەوشیروان مستەفایە. ئەوەش راگەیەنراوە کە تەلەفیزیونی (کەی.ئێن.ئێن) پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نییە. رێکخەری گشتیی لە خوار خۆیەوە کەسانێکی دروست نەکردووە بتوانن بۆشایی خۆی پڕ بکەنەوە. بەشێکی بەهێز لە گۆڕاندا بەرژەوەندییە لە رێگای پۆستی پەڕلەمان، پلەوپایەو وەزیفەوە. ئەم بەشە بۆ بەردەوامیدان بە سودمەندییەکانی دەیەوێت زیاتر جێگای خۆی بکاتەوە لە ناو سیستێمی دەستەڵاتداریی هەرێمدا. بەشێکی لاوازیش لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا وڵاتپارێزیی و باوەڕە کە دەروێشانە دەستی گرتووە بە چاویەوە نایەوێت راستییەکان وەکو خۆیان ببینێت.
لەوەی سەرەوە دەردەکەوێت کە ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان پێیەتی لەسەری بەردەوام بێت ئەوەیە کە نەوەکانی کاک نەوشیروان مستەفا ببن بە میراتگری باوکیان کە خاوەنی بزووتنەوەکەو بناغە ماددییەکەیەتی. کێشەکە موراڵ نییە، ئەوە نییە چۆن کۆمەڵگا رێکبخرێت، ئەوەیە کە دەستەڵات و خاوەندارییە. کاتێک کە کێشەکەش دەستەڵات و خاوەندارییە ئاسایی یاسای بەردەوامیی دەستەڵات میراتگرییە. لە دەرەوەی میراتگریی ئایدۆلۆجییەک و سیستێمێک نییە ئەندامانی بەباوەڕو جەماوەری کوردی باشور لەسەری بەردەوام بن. پارتەکانی تریش لۆجیکییە کە بیانەوێت بزووتنەوەی گۆڕان هێڵی خاوەنداریی و میراتگریی بگرێت. گۆڕان بەردەوام لە خۆیان بێت. ئەوەی دوێنێ گۆڕان شانازیی پێوە دەکرد ئەمڕۆ پێی شەرمەزار ببێت.
سەرچاوەی ئەم بابەتە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە