کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم (بەشی) دووەم

Tuesday, 08.01.2017, 2:48

870 بینراوە



- "ماهیەتی مۆدێرنیزم بڕواهێنانە بەوەی کە مرۆڤ بەوە دەگاتە خۆشبەختی کە بوونەوەرەکانی ناو جیهانی سروشت بکاتەوە بە مادەی سەرەتایی و دوای ئەمەش لەم مادە سەرەتاییە بەو شێوەیەی کە خۆی حەزی پێدەکات جیهانێکی نوێ و کۆمەڵە بوونەوەرێکی نوێ دروست بکات و ببێت بە خواوەندی ناو ئەو جیهانە نوێیە.ماهیەتی مۆدێرنیزم دروستکردنە".(٢٠)
وەک ئاماژەمان پێدا مۆدێرنیزم دەکرێتە کارخانەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بوونەوەرەکان. مرۆڤیش بە خۆیی و مێژووەکەیی و خەسڵەتە سروشتییەکانییەوە، دەبێ ملکەچی مۆدێرنیزمە بێت و لە ژێر فەرمانیدا هەڵسوکەوت بکات و بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، دەنا بەر نەفرەت دەکەوێ و فڕێ دەدرێتە دەرەوەی کایەی ژیانەوە. کەواتە مرۆڤیش بەو شێوە سروشتییەی ئافەریدە بووە، دەبێت وا لەخۆی ڕامێنێ و لە  مرۆڤەکانی تریش، کەوا بە تێکڕا هەموو کەرەسەی خاون بۆ دروستکردنی شتگەلێک بەدەستی خالقێک بە ناوی مۆدێرنزم. ساتەوەختێ مرۆڤ بەو هەموو پەنهان و نهێنیی و شتە سەرسوڕهێنەرەکانی هەیەتی، دەستبەداری ئەو هەموو خەسڵەتە سروشتی و وزە گەورە و نهێنییە شاراوەکانی توانا و لێوەشاوەیی و داهێنانی خۆی دەبێت، خۆی وەک مادەیەکی سارد و رەق و تەقی ئامادە  بۆ بەکارهێنان دەبینێتەوە. بەراستی ئەمە هیچ نییە،جگە  لەوەی بوونەوەرێکی وەک مرۆڤ لە مرۆڤ بوون دەخرێت و دەیخەنە خانەی ماددەوە،هەر لەبەر ئەوەی تیۆرییەکەی ئەوان وای داناوە و تەڕدەماغی نووسەرەکەی وای پێ خۆش بووە. زوڵمی وا قورس و گەورە و گران لە هیچ کایەیەکدا لە مرۆڤ ناکرێ، وەک ئەوەی بە ناوی تیۆرییەکانی مادی و مۆدێرنیزمەوە لە مرۆڤ دەکرێت. ئەمە بە کۆیلەکردنی مرۆڤە بۆ ئاستە هەرە نزمەکەی و هەرکەسێ ئەمە پەسەند بکات، وا لە موڵکایەتی و تایبەتمەندێتی خۆیدا دەستبەرداری مەزنایەتییەکی گەورە دەبێت.. ئالێرەوەیە نووسەر د. عرفان، دەچێتە ناو باسگەلی دروستکردنی نەتەوەکانەوە، بە پێی ڕوانین و سیستەمی بیرکردنەوە و کارکردنی مۆدێرنیزم. چونکە گەر نەتەوە لە کۆی چەندین مرۆڤ پێکهاتبێ. وا ئەویش مەحکومە بە یاسای  کەرەسەی خاو و ماددە، بۆ دروستکردنی شتگەلێکی نوێ، بەدەستی وەستاکانی مۆدێرنیزم.. ئەمەش چەقی ئەو باسانەیە، کە دەبنە کرۆکی ئەم بەرهەمە و لە لاپەڕەکانی داهاتوودا تاوتۆیان دەکەین.
مۆدێرنیزم بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی، بەو دەسەڵاتە ماددیی و مۆڕاڵییانەی ها لە پشتییەوە، وا دەیەوێ هەموو بووە سروشتییەکان، سەرلەنوێ وەک کەرەسە و مادە(هیولا)یەکی خاو، تێهەڵشێلێتەوە و بە پێی ئارەزوو و مەرام و قاڵبەکانی خۆی، لە فۆڕمی نوێدا دایانڕێژێتەوە. و شێوەگیریان بکات.. بە کورتی (ماهیەتی مۆدێرنیزم) کارخانەی دروستکردنە، دروستکردنێک کە هاوئامانجی ڕەوتەکەی خۆی بێت. بە واتایەکی تر، ئەرک و بایەخی مۆدێرنیزم بریتییە لە:  داماڵینی خەسڵەت و تایبەتمەندییە سروشتییەکان، لە مرۆڤ و نەتەوەکان و بووە خۆڕسکەکانە و کردنیانە، بە کەرەسەی پێداویستی سازدان و داڕشتنی ئایدیای نوێ!. ئەمەش گەورەترین هەڕەشە و سووکایەتییە لەسەر چارەنووسی مرۆڤ. مرۆڤی کورد بەتایبەت، کە خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نییە. یان هەیە و لێی زەوت کراوە و لێی دزراوە و لێی شێوێندراوە.
" هەر مرۆڤێک یان هەر میللەتێک خۆی بە مادەیەکی رەق و تەق نەزانێ و قبووڵی ئەوە نەکات ئەم خواوەندە بوونی پێ ببەخشێت و وا بیربکاتەوە کە سیستەمی بوون پەرەسەندنەکەی لەناو خۆیدایە، ئەوە هەتاهەتایە لە دۆزەخی مادە و رەقوتەقەکان بۆ خۆی دەمێنێتەوە و نابێت بە هیچ".(٢٢)
هەروەک نووسەریش ئاماژەی پێداوە، مارکسیزم قۆناخەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگای بە: دەرەبەگایەتی، سەرمادایەری و دوا قۆناخ کۆمەنیزم، دەستنیشان و ناوزەد کردووە. هاوسات مۆدێرنیزمیش بۆ قۆناخی: ڕاووشکار، کشتوکاڵی و دوا قۆناخ پیشەسازی دابەشی دەکات. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نەتەوە، وەک بوویەکی ئەقڵی و سروشتی، لەم دوو تیۆریی و قوتابخانەیەدا، کە هاومەبەستن و کەموزۆر لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، دیاردەیەکی  نەگریس و هەڵتۆقیوی سەردەمێکی نەهامەتییە. لای یەکەم ، زادەی  قۆناخی دەرەبەگی و لای دووەم بووەیەکی ناو کۆمەڵگای  کشتوکاڵییە. ئەم دیاردە کاتییە، لە قۆناخی کۆمەنیزم و پیشەسازیدا، بەسەر دەچێت و نامێنێ. لە کاتێکدا گەر بێت و لە وڵاتێکی وەک  شورەوی جاران بڕوانین، دەبین ئەو دەسەڵاتداڕێتییە، گەیشت بە دوا قۆناخی پەرەسەندنی خۆی و کەچی نەتەوەکانی بندەستی، هەرگیز دەستبەرداری بوون و هەبوون و تایبەتمەندییەکانی خۆیان نەبوون. لە چرکەساتی کرانەوەی ناسراو، بە پێرۆسترۆیکا و گلاسنۆسدا، هەموو ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بڵندکردەوە و سنووری دەوڵەتیان کێشا و دیاری کرد.
 هەروەها ئەوە دوو سەدەیە، ئەوروپا بە قۆناخی پیشەسازی و دواپیشەسازیشدا تێدەپەڕی و ڕەنگە بەجێیشی هێشتبێت، کەچی تازە بە تازە، گوێمان لە هاوار و ناڵەی نەتەوەکان دەبێت، بۆ تایبەتمەندیی بوونی نەتەوەیی و قەوارەی سەربەخۆ. بەنموونە، کاتالانی، سکۆتلەندی، باسک و ئیرلەندییەکان... هتد. لەتەک هەموو هەوڵەکانی ئەم هەژموونەی مۆدێرنیزمدا، بۆ کەوی و ماڵیکردنی  خەسڵەت و بووە سروشتییەکان، هێشتا نەیتوانیوە مرۆڤ و نەتەوەکان لەقاڵب بدا و چوارچێوەبەند بکات، بەو شێوەیەی تیۆرە مۆدێرنیزمەکە مەبەستێتی و کاری بۆ دەکات. چونکە ئەوەی ئەو دوو تیۆرە گەرەکیانە ئامانجێکی گڵاوی سیاسییە، زلهێزەکانی دنیا لە سەری کڕ کەوتوون و لە بەرەکەی دەخۆن و لە سایەیدا حەساونەتەوە. کەواتە مرۆڤ و نەتەوەکان، بوویەکی زۆر ڕەسەنترن، لەو چوار خەت و خاڵەی بیریارێک کێشاوێتی و گەرەکێتی خوێندنەوە بۆ مێژوویان بکات، لێ لە پشت پەردەی ڕەش و بەدەم ژەهری ئایدۆلۆژیا و مەبەست و گومانی ناپەسەندەوە خواست و ئامانجی دیکە خراوەتە بەرنامەوە.
  مەسعوود محەمەد دەڵێ:
<<  بیریاری مادی تەقلیدی لە مەسەلەی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بێ ئەوەی پێوەی دیار بێ، کە هەست بەخۆی دەکا دوو جاران دژی دوو ڕاستی هەرە گەورە هەڵەدەچەقێ:
جارێکیان: کە دێ لەگەڵ دان هێنان بە گۆڕان و بەرەوپێش چوونی مرۆڤدا داوامان لێ دەکا بسەلمێنین گۆیا دەستوورەکانی ئەو دۆزیویەتەوە بۆ بەرەوپێش چوون دەستووری ئەبەدین و شەقامە ڕێی ئەوپەڕی گۆڕانن، ئەمەش خۆی لە خۆی دا دژی گۆڕان و بەرەوپێش چوونی بەردەوامە چونکە کۆمەڵایەتیمان لێ دەکاتەوە بە کیمیا و فیزیا کە دەستوورەکانیان ئەبەدین، دژی ڕاگەیاندنەکانی خۆشیەتی لەوەدا کە گۆڕان بە شتێکی ئەزەلی و ئەبەدی دادەنێ بەڵام دەستوورە قاڵب بەستوەکانی خۆیشی ئەزەلی و ئەبەدی دادەنێ بەڵام  دەستوورە قاڵب بەستووەکانی خۆیشی بە ئەبەدی لە قەڵەم دەدا، ئینجا خۆیشی دەکاتە مامۆستای زانا و فەیلەسووف و رابەری دوارۆژ  بە هۆی ئەبەدی بوونی نەزەریەکەیەوە کە ئیتر هەموو مامۆستایەکی دوارۆژ هەر قوتابی دەبێ و هەموو بلیمەت و زانا و هونەرکارێکیش کاوێژکەرەوەی بەرماوەی فکری ئەو. عەجایب! هەر لە ئێستاکەوە خەڵق  ڕازی نییە بە مامۆستایی ئەو کەچی هەر خۆی خۆی تەعین کردووە بە مامۆستای قالوبەڵا...
جاری  دوەمیشیان، لەوەدا کە دێ بەشێکی گرنگی خاسیەتە بەردەوامەکانی مرۆڤ دەباتەوە بۆ عامیلە نابەردەوامەکەی جۆری گوزەران وەک ئەوەی مرۆڤ بەتەواوی ئاوێنەیەکی بێ ئیرادە و بێ خواییشتی دەروونی و بێ ڕق بوونەوە و بێ خۆش ویستن و ترس و تەما و ئومێدی تایبەتی ....و... و...بێ کە هەر دەبێ تیشکی ئەو هاندەرە مادییە یەکسەرانە بداتەوە کە دەوریان لە لەشی داوە>>.
د. عرفان بە وردیی و بە دیقەتەوە تاوتوێی ئەم پرسگەلە دەکات و پشووودرێژانە ،لەسەر باسەکەی دەڕوات و دەنووسێ:
"نەتەوە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵە مرۆڤێک،مرۆڤیش بە ئەسڵ بوونەوەرێکی سروشتییە و بوونەوەرێکی دروستکراوی دەستی ئەم خواوەندە نوێیە نییە،هەر شتێک لە بەشدا سروشتی و زیندوو بێت،لە گشتیشدا سروشتی و زیندووە،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ نەتەوەش بوونەوەرێکی زیندوو و سروشتییە، چونکە پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە مرۆڤێکی زیندوو و سروشتی،بۆیە بۆ تێگەیشتن لە ئایدیاڵی نەتەوە و سیستەمی بوون و پەرەسەندنەکەی هەر دەبێت لە بوون و پەرەسەندنی ئەو کۆمەڵگایە رامێنین کە بووە بە نەتەوە".(٢٢ ـ٢٣)
ئیدی لەم میانەدا، دوای هەست پێکردن و ناسین و  دیاریکردنی نەتەوەی دروستکراو و زیندوو و سروشتی،  دەگەین بە دووجۆر تیۆری جیاواز و پێچەوانەی یەکتر{{تیۆری مۆدێرنیزم و تیۆری فەلەسوفانی ئەڵمانی}}.
نووسەر، کتێبەکەی بە هەوڵێک  بۆ تێکشکاندنی "مۆدێرنیزم"دادەنێ. شکاندن بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێسا و یاسایانەی، کردوویەتە پێوەر و نۆرم، بۆ کار پێکردن و ناونانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی مەیدانی نەتەوە و دەرکەوتەکانی دیکە. ڕووخاندنی بە شێوەی داڕمانی کۆشکی خەیاڵی ئەوانەی بە شەوارەی مۆدێرنیزم کەوتوون. هەڵوەشانەوە و ڕووخانی ئەو دیوارانەی لە بەردەم ئاسۆی بیرکردنەوەمان دا بە ناسروشتی و بڕەک بە زۆرداری  هيڵچنراوە. ڕاماڵینێکی ئەو تەمومژەی ڕێی لە دید و بینینمان گرتووە. بنبەستکردنی ئەو لاڤاوی نەزانییەی بۆ لوولدانی هەموو بەها سروشتییەکان،خراوەتە گەڕ. لەم کارەشدا پشت دەبەستێ، بە میتۆدە زانستییەکانی مێژوو و سروشت، فەلسەفە و واقعی بوون و کۆمەڵایەتی ، کە لە واقیعی سروشت و ژیان دا هەن و وەک تەن و بوونێکی سروشتی نەمر  و نەگۆڕ بەرجەستەبوون.
بەهای ئەم رەنجە گەورەیە، لە هەڵتەکاندنی مۆدێرنیزمدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەرگا و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی ئاسۆی تێڕوانین، لەمەڕ پرسی کوردەوە، واڵا دەکات و دەرفەتێکی ساز کردووە، بۆ سەرلەنوێ قوڵتر بیرکردنەوە و بەدیقەت ڕوانین، لە پرسی خود و کوردناسی. بۆ دەستپێکێکی نوێی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە بنەما و ڕیشە و ڕەهەندەکانی (کوردبوون).





(دەنگدراوە: 1)