بورهانی ڕەشەی گوڵە لەدژی کێ بۆتە پارێزەری قالەی حەمەجان

Sunday, 20/08/2017, 21:34

3615 بینراوە


جەزا کانێسکانی:
گەر گەندەڵی قرژاڵ بێت لە کوردستان و خاوەنی چەندین پەل بێت ئەوا یەکێ لە پەلە هەرە پیس و قێزەونەکەی قالەی حەمە جانە. ئەم کەسە یەکێکە لەوانەی کە لە پشتەوە خەنجەریان لێداین، ئێمەیان گەیاندە تۆخترین ڕۆژی ڕەش و ئاگریان لەخەرمانی ڕەنجمان بەردا. بەدەم ئاسان نیە باسکردنی چونکە تەنها لە دادگایکردنەکەیدا کاک جەلالی ساماغا ٧٠٠ لاپەڕە گەندەڵی ئەم کەسەی دایە دەست دادوەر. ئەوکاتەی پۆستی پارێزگار و شارەوانی و ئاسایشی هەبو، کە هەمو ئەمانە ئەبێت داواکاری گشتی کاری لەسەر بکات، چونکە ئەم کەیسە ئێستا تەنها لەسەر مەسەلەی تەشهیرە. ئەم باهۆزی گەندەڵیە، ئەم فرعەونە قەزەمە، بەردەوام دەیەوێت مکیاجی ڕوخسارە ناشیرینەکەی بکات، جاری واهەیە باسی چاکسازی دەکات و شەڕی دژ بە گەندەڵی دەکات، وەک ئەو ڕێویەی باسی مەردایەتی و نیەتی پاکی خۆی بۆ جوجک و مریشک بکات.
کارەساتی ئەم میللەتە جاری واهەیە بەشێوازی کۆمێدی دەرئەخات، ئەم قالەیە ئەیەوێت لەڕیزی پیاوماقوڵان دەربکەوێت، لەڕاگەیاندنەکاندا سنگی ئەهێنێتە پێش و ئەیەوێت تشکی بچێتەسەر و خۆی بکات بە کەسایەتی و وەک سیاسەتمەدار دەربکەوێ، تەنانەت بۆ ئەنجامدانی ئەو جوانکاریە لە ڕوخسارە قیزەونەکەی جورئەتی ئەوەی کردبو بەرتیل بدا بە هەندێ لە کارمەندی ڕاگەیاندنەکان تەنها لەبەرئەوەی ڕوی کامێرای تێبکات و دیمانەی لەگەڵ سازبکات و حسابی بۆ بکات، بەداخەوە ڕۆژنامەنوس نابێ پیشەکەی خۆی بفرۆشێ، مامەڵەو سەودای پیوەبکات، یان بچێتە خانە و سەنگەری جەردە و دزەوە بەتایبەتیش کە کەناڵێ بێت خەڵکی بۆیە سەیری ئەکەن تا ئومێدیان پێبدات نەک ڕوخساری قالەی حەمەجان جوانبکات و وەک کارەکتەری سیاسی نیشانی بدات، بەداخەوە ڕاستە قالە و هاوشێوەکانی بەردەوامن لەفەسادکردنی کۆمەڵگاکەمان بەڵام سەنگەری بەرامبەر بۆ دەبێت نەفس نزمەکان دزەی بۆ بکەن؟ بۆ دەبێت لەناو ئەو کەسانەی گۆڕان متمانەیان پێدەکات کەسانێک هەبێت ئاڵای سپی بۆ قالەی حەمەجانەکان هەڵبکەن... بۆنمونە بورهانی ڕەشەی گوڵە، پەرلەمانتاری خولی پێشوی لیستی گۆڕان، ئەم کەسە پارێزەرە بەڵام پارێزەری هەقبێژی نا بەڵکو پارێزەری فەساد، هەروەها پارێزەری دژە گەندەڵی نا بەڵکو پارێزەری قەزەمە گەندەڵەکەی دەسەڵات، پارێزەری قالەی حەمەجان. ئێستا ئەوانەی دەنگیان داوە بە بورهانی پارێزەری قالەی حەمەجان بەسەرسامیەوە ئەپرسن ئەرێ ئێمە دەنگمان دا بەم پارێزەرە بۆئەوەی چاکسازی بکات یان بەرگری لە گەندەڵکاران بکات. ئەم دیمەنە لەدولاوە سەرئاوسێنەر و سوریالی و ناماقوڵە، لەدولاوە مرۆڤ توشی شۆک دەکات و ئەیحەپەسێنێ... بەمجۆرە.
دیمەنی یەکەم: لەم دیمەنەدا بورهانی پارێزەری کۆنە پەرلەمانتاری لیستی گۆڕان دەردەکەوێت، بەحەماسەوە بەرگری دەکات و خۆی سورئەکاتەوە بەرگری لە کەسێک دەکات تۆ خەیاڵت بۆئەوەی ئەچێ بەرگری لە چالاکوانێ بکات کە دەسەڵات زیندانی کردبێت، یان لەوانەیە پێتوابێت بەرگری لە فەرمانبەران و مامۆستایان بکات کە موچە وەرناگرن، کەچی پێچەوانەکەی دەبینی ئەوەی بەرگری لێدەکات سەرۆکی دزان، فەسادی ئاخر زەمان قالەی حەمەجانی رسوایە... ئیتر وەرە میللەتی داماو چۆن سەری ناتەقێ چۆن نەفرەت ناکات لە خۆی و ڕێفراندۆم و ئەوەی متمانەشی پێکرد.
دیمەنی دوەم: لەم دیمەنەدا ئەمانەوێ بزانین لەدژی کێ بورهان چۆتە پاڵ قالەی حەمەجان، قالەی حەمەجان کێشەی یاسایی لەگەڵ کێ هەیە وا بورهان ڕۆبی پارێزەری لەبەرکردوە و بەجانتایەکی دیبلۆماسیەوە لە دادگا لەپاڵ قالە وەستاوە ئایا ئەو کەسە لە قاڵە گەندەڵترە وا بورهان ناچاربوە لە نێوان خراپ و خراپتر، خراپ هەڵبژێرێت؟
نەخێر ئەو کەسە گەندەڵ نیە و دژە گەندەڵە، ئەو کەسە خەڵک ناوی ناوە پیاوە سپیەکە، نەوشیروان مستەفا بەڕابەری چاکسازی دایدەنا، ئەوکەسە ماڵی خۆی دەبەخشێ و ماڵی کەس ناخوا، ئەو کەسە گەوهەرە لەقوڕای ئەم زروفە هەر ئەدرەوشێتەوە، ئەو کەسە ٨٦ بەرپرسی گەندەڵی داوە بە دادگا، ئەو کەسەی خاڵی ڕەشی نیە و خاڵە سپیەکانی لە بژاردن نایەت بەڕێز و خۆشەویست تاجی سەرشانی وڵات کاک جەلالی عومەری ساماغایە و دەزگا پڕجوانەکەی دیوانی چاودێری داراییە.
باشە لەم دیمەنە پێبکەنین یان بگرین؟ بورهانی کاندیدی لیستی گۆڕان و پەرلەمانتاری گۆڕان دەبێت لەپاڵ کامیان بێت؟ ئەم ڕووقایمیە لە کوێوە هاتوە کە شمشێری یابانیش نایبڕێ نەک میسری؟ لەڕوی مادی و مەعنەویەوە بورهان قەرزاری خەڵکە لەڕوی مەعنەویەوە خەلک متمانەی پێکرد و ناردی بۆ پەرلەمان بۆئەوەی بەرگری لە مافەکانی بکات نەک بەرگری لەوانە بکات کە مافەکانی حەپەلوش دەکەن. ناردیان بۆ پەرلەمان تا ماڵەکانیان بۆ پڕبکات لە ڕوناکی نەک ماڵ و ئایندەیان نغرۆی تاریکی بکات.
لەڕوی مادیشەوە بورهان مانگانە ٦ ملیۆن خانەنشینی پەرلەمانی هەیە کەلەسەر حسابی خەلک وەریدەگرێ، ئەمەش پارەیەکی زۆرە ئیتر ئەم بورهانە دوڕوە ئەم بورهانە دزە ئەم پارێزەرە چاوچنۆکە چ پێویستی بە چنێ دۆلاری خوێناوی قالەی حەمەجانە.
با واز لە بورهان بێنین ڕوبکەینە لیستی گۆڕان و پێی بڵێین ئێوە ئەم بورهانەتان چۆن هێنا چۆن ئێوەی هەڵخەڵەتان ئایا پیاو نەما لەشارەکە بورهانی ڕەشەی گوڵە نەبێت؟ ئایا ئیوە پەرلەمانتار وا دەبینن ببێ بە بارهەڵگری خەمی خەڵک یان ببێ بە مەسینە هەڵگری قالەی حەمەجانەکان؟ ئایا ئێوە کە دەنگۆی هەڵبژاردن هەیە دیسان بەخەڵکانی ماستاوچی و زمانلوس هەڵدەخەلەتێن یان ئەوانەی لەناو ئازاری خەڵکن و سەربازی نەناسراون؟
بودەڵەیی و رسواییەکی تری بورهان ئەوەی کە کاتێ پەرلەمانتار بوە چوە بەردەم عەرشی بەرزانی و چۆکی بۆ نێچیرڤان بەرزانی دایا و سواڵی پارچەیەک زەوی لێکرد، ئەویش بەنرخێکی هەرزان و هەربە زەوی خەڵک بورهانی کڕی. ئاخر لە کارنامەی گۆڕاندا هاتوە نوێنەری خەڵک ئەبێت زەوی داگیرکراو بۆ خەڵک وەربگرێتەوە یان سواڵی پارچەیە زەوی لە سوڵتان بکات؟
ئێمە هەردڵمان بە ڕاستگۆیی خەڵک خۆشە، خەڵک خاڵ لەسەر پیتەکان دائەنێ، موجامەلەی کەس ناکات و چی ببینێ ئەوە باس دەکات، بینیمان ئەوکاتەی قالەی حەمەجان چوە سەرگڵکۆی خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا خەڵک چۆن هوهایان لێکێشا و هاواریان لێکرد دابەزە دابەزە.
بەڵێ ئێوە دەبێ دابەزن چونکە بەرزیتان بڵقی سەرئاوە دەبێ دابەزن لە عەرشی فشۆڵتان. دەبێ دابەزن چونکە خەڵک دژتانە، ڕۆژێک دابێت ئاوڕ ئەدەنەوە مەسینە هەڵگرەکانی وەک بورهان لە پشتان نەماوە، ئەوەی چاوەڕوانتانە دادگاییکردنێکی ڕاستەقینەی خەڵک نەک ئیوەش لەگەڵ پارێزەرەکانتان زبڵخانەی مێژو چاوەڕێتانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە