نهێنییه‌كانى ناردنی چەك بۆ داعش

Monday, 11/09/2017, 0:51

9572 بینراوە


بەپێی راپۆرتێكی بنكۆڵكاریی كچە رۆژنامەنوسێكی بوڵگاری نهێنی ناردنی چەك بۆ چەكدارانی داعش و گروپە توندڕەوەكانی سوریاو عێراق ئاشكرا بووە كە تیایدا عەرەبستانی سعودیەو فڕۆكەخانەیەكی توركیاش رۆڵیان تیایدا هەبووە.
دیلیانا گەیتانجیڤا ڕۆژنامەنوسی بولگاریی بەدواداچوونی بۆ فرۆشتنی چەكی چەند كۆمپانیایەك كردووە بەشێوەیەكی نهێنی بە گروپە توندڕەوەكان بەتایەت گروپی داعش لە سوریاو عێراق.
بەپێی ئەو بەدواداچونانەی كە رۆژنامەنوسە لە چوارچێوەی كاری رۆژنامەوانی بنكۆڵكردندا ئەنجامیداوە پرۆسەی نهێنی فرۆشتنی چەك بە گروپی توندڕەوەكان لەڕێگای كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانییەوە ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو زانیاریەكانی ئەو رۆژنامەنوسە كە زۆربەی میدیا جیهانییەكان روماڵیان كردووە، لەماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردوودا كۆمپانیای فڕۆكەوانی (سیڵك وەی) كە كۆمپانیایەكی ئازەربەیجانییە، لەڕێگای فڕۆكەی دیبلۆماسییەوە 350 كاروان چەكی سوك و قورس و تەقەمەنی لە چەند وڵاتێكەوە بۆ گروپە تونڕەوەكان لە سوریا و عێراق و ئەفغانستان و چەند وڵاتێكی دیكە گواستووەتەوە.
دیلیانا كاتێك دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەسەر ئەم پرسە، چەند سەرچاوەیەكی نهێنی یارمەتییان داوە و بەڵگەنامەیان بۆ ناردووە بێ ئەوەی ناوی خۆیان ئاشكرا بكەن. 
دیلیانا دەڵێت" كاتێك دەستم بە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە كرد، حكومەتی ئازەربەیجان فشاری كردە سەر حكومەتی بولگاریا و لەلایەن دەزگای هەواڵگری بولگاریاوە بانگكرام و لێكۆڵینەوەم لەگەڵ كرا، پرسیاری ئەو سەرچاوانەیان لێكردم كە بەڵگەنامەكانیان بۆناردووم، لە وەڵامدا پێم وتن، كەسانی شارەزا وێبسایتی باڵیۆزخانەكانی ئازەربەیجانیان هاك كردووە و ئەو بەڵگەنامانەیان دەستكەوتووە و بۆ منیان ناردووە". 
دوو كاتژمێر دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ دیلیانادا، كاتێك هاتووەتە دەرەوە لەلایەن ئەو ڕۆژنامەیەی كە كاری لێكردووە كە ناوی (ترود دەیلی)یە پەیوەندی پێوە كراوە و پێی وتراوە لە كارەكەی دەركراوە، دواتر دیلیانا بڕیاریداوە خۆی بچێتە سوریا و بەڵگەنامەی زیاتر لەسەر ئەو چەكانە كۆبكاتەوە كە لەدەستی تیرۆریستان گیراون و چەند حەشارگەیەكی چەكیشی پشكنیوە و وێنەی هەموو ئەو چەكانەی گرتووە كە دەستیان بەسەردا گیراوە و سەرچاوەی چەكەكانیشی دۆزیوەتەوە، جگە لەوەش سەرچاوە نهێنییەكان زانیاریی و بەڵگەنامەی زیاتریان بۆناردووە.
دیلیانا هەموو بەڵگەنامەكانی لە پێگەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیدا بڵاوكردووەتەوە و ئێستا زۆربەی ڕۆژنامە و سایتە جیهانییەكان هەموو بەڵگەنامە و زانیارییەكانی دیلیانایان بڵاوكردووەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەكانی دیلیانا، كۆمپانیایەكی ئەمریكی بەناوی (پێرپڵ شەڤڵ) كە چەك و تەقەمەنی دروست دەكەن، لەساڵی 2015دا بە بەهای یەك ملیار دۆلار چەكی جۆری هاوەن و تەقەمەنی لەڕێگەی كۆمپانیای فڕۆكەوانی سیڵك وەی-یەوە ڕەوانەی بنكەی سەربازی ئینجەرلیك لە توركیا كردووە و لەوێشەوە چەكەكان ڕەوانەی گروپە تەندڕەوەكانی سوریاو عێراق كراون.
هەر بەپێی ئەو بەدواداچوونە لە مانگی تەمووز و ئابی 2015دا ئەو كۆمپانیا ئەمریكییە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیا فڕۆكەوانییە ئازەربەیجانییەكە ئیمزاكردووە بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار، بۆ گواستنەوەی مووشەكی دوورهاوێژ بۆ شاری باكۆ لە ئازەربەیجان و لەوێشەوە گواستویانەتەوە بۆ شاری كابول لە ئەفغانستان هەروەها گواستنەوەی چەند كاروانێكی تری چەك و موشەك ئەنجامدراوە بۆ شاری توزلە لە بۆسنە.
كۆمپانیای سیڵك وەی بە شەش كاروان بە فڕۆكەی دیبلۆماسی چەك و تەقەمەنییەكانی گواستووەتەوە و لەهیچ شوێنێك ڕێگری لێنەكراوە و پشكنین و بەدواداچوون بۆ فڕۆكەكان نەكراوە. لە هەر كاروانێكدا فڕۆكەكانی سیڵك وەی حەوت كاتژمێر و نیو وەستاون بۆئەوەی بەتاڵ بكرێن لەو چەك و تەقەمەنییانەی گواستوویانەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەكانی ئەو ڕۆژنامەنووسە، كۆمپانیای سیڵك وەی ئازەربەیجانی، جگە لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دروستكردنی چەك و كۆمپانیا تایبەتەكان لە بەڵقان و ئیسرائیل و ئیمارات و هێزەكانی ئەڵمانیا و دانیمارك لە ئەفغانستان و هێزەكانی سوید لە عێراق كردووە.
كۆمپانیای سیڵك وەی سەرجەم ئەو چەك و تەقەمەنی و كەلوپە سەربازییانەی بە فڕۆكەی دیبلۆماسی گواستووەتەوە و هیچ باج و گومرگێكی لێنەسەندراوە و هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی و لێكۆڵینەوەیەكیش لە دژی نەگیراوەتەوە بەر و بەوشێوەیە زۆر بەئاسانی و بەبێ‌ ڕێگری سەدان تۆن كاروانی چەكی گواستووەتەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان.
بەپێی ئەو بەدواداچونەی رۆژنامەنوسە بولگارییەكە سعودیە لەساڵی 2016 و 2017دا چەكی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا كڕیووە و لەڕێگەی هەمان كۆمپانیای فڕۆكەوانییەوە بە 23 كاروان‌و بە فڕۆكەی دیبلۆماسی گواستونەتیەوە بۆ شاری جەددە لە سعودیە‌و لە ڕۆژی 28ی نیسانەوە تا 12ی ئایاری 2017 كۆمپانیای فڕۆكەوانی سیڵك وەی لە شاری جەددەوە كاروانێك هاوەن و دژە تانكی بە فڕۆكەی دیبلۆماسی گواستووەتەوە بۆ برازاڤیل پایتەختی كۆماری كۆنگۆ.
دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا سوپای عێراق حەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنی داعشی لە موسڵ دۆزییەوە و ڤیدیۆكەی لە سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە، ئەو چەكانە هەمان ئەو دژە تانك و هاوەنانە بوون كە سعودیە بۆ كۆماری كۆنگۆی ناردبوو، واتە سعودیە لەڕێگەی پاسەوانی كۆماری كۆنگۆوە ئەو چەكانەی بۆ داعش ناردووە لە عێراق.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە